وڵاتانی جیهان هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە لوبنان دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و دۆخی لوبنان بەتایبەتی، وڵاتانی جیهان هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە لوبنان دەدەن. رۆژانە شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لە نێوان بزووتنەوەی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلدا هەیە. تاوەکو ئێستا لانیکەم 1600 کەس لە لوبنان و نزیکەی 50 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانەوە کوژراون.
ئەمریکا
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش هەزار ئەمریکی داوایان لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە بەیرووت کردووە، زانیارییان لەسەر رێکارەکانی بەجێهێشتنی لوبنان پێبدەن. میڵەر گوتی، نزیکەی 100 ئەمریکی بە فڕۆکەیەک لوبنانیان بەرەو ئیستەنبووڵ بەجێهێشت.
بەریتانیا
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی بە هاووڵاتییەکانی بەریتانیا کە ئێستا لە لوبنانن گوتی: "سەلامەتیی ئێوە کاری لە پێشینەی منە، تیمەکانی نووسینگەی کاروباری دەرەوە لە لەندەن و بەیرووت بەبەردەوامی کاردەکەن بۆ ئەوەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکتان بۆ دابین بکەن."
حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە چەند فڕۆکەیەک تەرخان بکات و بینێرێتە لوبنان، بۆ گواستنەوەی ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەکە بەجێبێڵن. نزیکەی چوار بۆ شەش هەزار بەریتانی لە لوبنان دەژین. هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا 700 سەربازی بۆ قوبرس گواستەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی گواستنەوە و گەڕاندنەوەی بەریتانییەکان بدەن.
ئوسترالیا
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند، حکومەتەکەی دوو فڕۆکەی گەورەی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی ئەو هەزار و 700 ئوسترالییە بگەڕێنێتەوە کە ئێستا لە لوبنانن.
بەگوێرەی خانمە وەزیرەکەی ئوسترالیا، فڕۆکەکە لە بەیرووتەوە دەچێتە قوبرس ئینجا بەرەو سیدنی بەڕێدەکەوێت.
وۆنگ گوتی "بە ئوسترالییەکان دەڵێم، بە هەر فڕۆکەیەک بێت لوبنان بەجێبهێڵن و چاوەڕێی هیچی دیکە مەکەن."
کۆڵۆمبیا
ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی کۆڵۆمبیا فڕۆکەیەکی ناردە لوبنان بۆ ئەوەی 117 هاووڵاتیی کۆڵۆمبی لە مەترسیی جەنگ رزگاربکات و بیانباتەوە وڵاتی خۆیان. حکومەتی کۆڵۆمبیا بڵاویکردەوە، لەنێو ئەو 117 کۆڵۆمبییەی گەڕێنراونەتەوە، 50ـیان منداڵ بوون.
ئیسلام حامد ژنێکی لوبنانییە و هاوژینەکەی کۆڵۆمبییە، گوتی: "بە دڵخۆشی لە لوبنان دەژیام، ئێستا دەبێت لەگەڵ منداڵەکانم ئێرە چۆڵبکەم."
ئیتاڵیا
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، حکومەتەکەیان خەریکی ئامادەکردنی فڕۆکەیەکن بۆ گەڕاندنەوەی 180 ئیتاڵی کە لە لوبنانن. تاجانی بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت: "هیوادارم شەوی پێنجشەممە هاووڵاتییەکان بگەنە ئیتاڵیا."
ئەو هەروەها رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە پێشنیازی بۆ 700 هاووڵاتیی ئیتاڵیا کردووە ئێران جێبهێڵن.
ئیسپانیا
مارگرێتا رۆبلێز، وەزیری بەرگریی ئیسپانیا رایگەیاند، دوو فڕۆکەیان بۆ بەیرووت ناردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانیان لەوێوە بەرەو مەدرید بگەڕێننەوە. بەگوتەی رۆبلێز، 1000 هاووڵاتیی ئیسپانی لە لوبنانن، لە هەڵمەتی یەکەمدا 400 بۆ 500 هاووڵاتی دەگەڕێنرێنەوە.
حکومەتی ئیسپانیا داوای لە هەموو هاووڵاتییەکان کردووە ئەوێ بەجێبهێڵن. وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا گوتی، فڕۆکەی سێیەمیش دەنێرن.
جگە لە هاووڵاتییانی سڤیل، ئیسپانیا 676 سەربازی بۆ ئەرکێکی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەوانەی لوبنان کردووە. وەزیری بەرگریی وڵاتەکە رایگەیاند، سەربازەکانیان لە لوبنان دەمێننەوە.
ژاپۆن
میدیای فەرمیی ژاپۆن رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جۆری سی-2 بۆ ئوردن و یۆنان، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە لوبنان نێردراون. ژاپۆن بە مەبەستی نزیک بوون لە لوبنان ئەو دوو فڕۆکەیەی بۆ ئەو دوو وڵاتە ناردووە.
بەگوێرەی حکومەتی وڵاتەکە، نزیکەی 50 ژاپۆنی لە لوبناندان و هیچ کەسێکیان بەهۆی هێرشەکان و تەنگژەکانەوە زیانیان بەرنەکەوتووە.
ئەڵمانیا
وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەڵمانیا رایانگەیاند، فڕۆکەیەکیان بە پێنج تۆن هاوکارییەوە بەرەو لوبنان ناردووە. دوو وەزارەتەکە رایانگەیاند، فڕۆکەکە 130 ئەڵمانی لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە 30-09-2024 ،فڕۆکەیەکی ئەڵمانیا 111 هاووڵاتیی ئەڵمانیای بەرەو بەرلین بردەوە.
کەنەدا
میلانی جۆڵی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کەنەدا لە ئێکس نووسی، دۆخی ئەمنیی لوبنان بەرەو خراپی دەڕوات. فڕۆکەخانەکان هێشتا کراوەن و تیکتی فڕۆکەش هێشتا هەیە. پێویستە دەستبەجێ چۆڵی بکەن. "ئێمە بۆ سێ رۆژی داهاتوو 800 کورسیمان تەرخان کردووە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە."
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، نزیکەی 45 هەزار کەنەدی لە لوبناندان.
رووسیا
وەزارەتی فریاگوزاریی رووسیا فڕۆکەیەکی ناردە لوبنان و 60 هاووڵاتیی رووسی لە بەیرووت گەڕاندەوە. بەگوێرەی میدیای رووسیا، فڕۆکەکە کۆمەڵێک خواردن و هاوکاریشی گەیاندە وڵاتەکە.