رووداو دیجیتاڵ
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا سەردانی کارگەیەکی ئاسنی کرد بۆ ئەوەی کرێکاران دڵنیا بکاتەوە دۆخی ئابووری باشتر دەبێت، بەڵام یەکێک لە کرێکارەکان رەتیکردەوە تەوقەی لەگەڵ بکات و رەخنەی تووندی لێگرت.
ترودۆ کێکی بەسەر کرێکاراندا دابەشکرد و تەوقەی لەگەڵ کردن، بەڵام یەکێکیان رەتیکردەوە کێکەکە وەربگرێت و تەوقەی لەگەڵ نەکرد.
کرێکارەکە گلەیی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کرد بەوەی بەهۆی سیاسەتەکانییەوە، خۆی و خێزانەکەی لە دۆخێکی دارایی خراپدا دەژین.
ڤیدیۆی ئەو گفتوگۆیە لە کارگەکەی شاری سۆلت سان مارین لە هەرێمی ئۆنتاریۆ بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
ئەو کرێکارە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رەخنەی لە زیادکردنی باج، نرخی دەرمان و چارەسەر و بەخشینی دیاری بە کەسانی "تەمبەڵ" گرت.
ترودۆ بەرگری لە حکومەتەکەی کرد و بە کرێکارەکەی گوت، ئەو پێناسە گومرگییەی بڕیاریانداوە بە رێژەی 25٪ بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی چین"دا بسەپێنن "یارمەتیت دەدات و کارەکەت بۆت دەهێڵێتەوە."
کرێکاری کارگەی ئاسنەکە وەڵامی دایەوە و گوتی، "ئەی ئەو 40٪ی باجە چی لێدێت کە دەیدەم؟ پزیشکیشم نییە."
ترودۆ پێی راگەیاند، بڕیاریانداوە وەبەرهێنانێکی چەندین ملیۆن دۆلاری بکەن کە وادەکات کرێکارەکە "بۆ چەندین ساڵ" لە کارەکەیدا بمێنێتەوە. پیاوەکەش گوتی، پشبینی دەکات ترودۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بدۆڕێنێت.
بەڵام ترودۆ بە هێمنی و بێ شڵەژان گوتی، "هەڵبژاردن بۆ ئەوە دانراوە. چاوم لەوەیە هەموو کەس مافی دەنگدانی خۆی بەکاربێنێت. ئێمە وەبەرهێنان لە ئێوە و کارەکەتاندا دەکەین."
بەڵام پیاوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی، "یەک چرکەش بڕوات پێ ناکەم"؛ باسی لەوەش کرد، هەست دەکات ئەو کەنەدییانەی لە ماڵەوە دادەنیشن و کارناکەن، خزمەتگوزاریی باشتری چاودێریی تەندروستییان پێ دەدرێت.
ترودۆ باسی لەوە کرد، یارمەتیی سەتان هەزار کەنەدی داوە، چارەسەری دەم و ددان وەربگرن. پیاوەکە گوتی، "بەڵێ، رەنگە بۆ کەسانی وەک دراوسێکەم کە کارناکات، چونکە تەمبەڵە."
ترودۆ لە وەڵامدا گوتی، "زۆربەی کەنەدییەکان بەرگری لە یەکدی دەکەن و پێویستە بەو شێوەیە بمێنێنەوە،" دواتر هیوای بەختێکی باشی بۆ کرێکارەکە خواست، بەڵام کرێکارەکە هەر دەستی درێژ نەکرد و شوێنەکەی جێهێشت.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بەو قسانەی کرێکارەکە پەست بوو؛ دواتر ڤیدیۆیەکەی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و هێرشی کردە سەر کرێکارەکە: "تەنانەت تەوقەشم لەگەڵ ناکات. بۆچوونەکانی قبووڵنەکراون، دژە هاوڕەگەزخوازین، گوتاری رق و کینەن و هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسی."
هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی کەنەدا 20-10-2025 دەکرێت.
بە هۆی زیادبوونی گرانی، حکومەتەکەی ترودۆ رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، بەڵام سەرۆکوەزیرانەکە هەر گەشبینە.
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا لە 17 تەممووز، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا نووسی، "هەڵاوسان مانگی رابردوو دابەزی، پێشبینییەکانی ئێمەی تێپەڕاند. بەڵام تا ئەو کاتەی کەنەدییەکان لە گیرفان، لە فرۆشگە و پارەی کرێی شوێنی نیشتەجێبوونیاندا هەست بە ئاسوودەیی نەکەن، کارەکەمان تەواو نابێت."