لە هیندستان هەورەبرووسکە 23 کەس دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەی سێ رۆژدا لە رۆژهەڵاتی هیندستان لانیکەم 23 هاووڵاتی بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەوەش دوای ئەوە هات کە زریانێکی بەهێز لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە تاوەکو هەینی رووی لە هەرێمی بیهار کرد.
 
رۆژی شەممە 3-9-2022، نیتیش کومار، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی بیهار دڵگرانی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە دەربڕی و باسی لەوەش کرد تەواوی ئەوانەی مردوون جووتیار و کرێکار بوون.
 
بە گوێرەی ئاماری حکومەت، رۆژی هەینی 11 کەس لە چەند بەشێکی وڵاتەکە گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەر هەورەبروسکە کەوتوون. 
 
پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە 5-9-2022، زریانی بەهێز روو لە چەند بەشێکی ئەو وڵاتە بکات. 
 
هەورەبرووسکە لە زریانەکانی مانگی ئاب و ئەیلوول لە هیندستان زیاتر دەبن، کە هۆکاری سەرەکی ژیانەوەی سەرچاوە ئاوییە نێوخۆییەکانی وڵاتە، بەڵام زیانی زۆر گەورەش بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
 
بە گوێرەی ئاماری فەرمانگەی نیشتمانی تۆماری تاوان، نزیکەی دوو هەزار و 900 کەس تەنیا لە 2019 بەهۆی هەورەبرووسکەوە لە هیندستان گیانیان لەدەستداوە.