شاجوانی هۆزە رەسەنەکان لە بۆلیڤیا هەڵبژێردرا


رووداو دیجیتاڵ

فیستیڤاڵی هەڵبژاردنی شاجوانی هۆزە رەسەنەکان بۆ ساڵی 2021 لە شاری لاپازی پایتەختی بۆلیڤیا لە کیشوەری ئەمریکای باشوور بەڕێوەچوو و شاجوانێکیان بەناوی نێلی مامانی چامبی هەڵبژارد. 
 
شاجوانی چۆلیتاسەکان، یان هۆزە رەسەنەکانی زنجیرە چیاکانی ئەندێز لەوانی دیکەی جیهان جیاوازە. لەو بەشەی جیهان، شاجوان نابێت جلی نیمچەڕووت لەبەربکات و ناشبێت وشەی بیانی لەگەڵ زمانەکەی تێکەڵ بکات. 
 
ئەو پێویستە تەنوورەی پۆلێرا لەبەربکات کە لە دوو سێ چینی لەسەریەک پێکدێت، هەروەها پێویستە بە زمانی رەسەن قسە بکات و لە دابونەریتی هۆزەکانیش بە باشی شارەزابێت.
 
بۆ ئەوان پارێزگاریکردن لە کولتوورەکەیان بە واتەی خەباتێکی نەتەوەیی دێت. 
 
ئڵڤین سالگوێریۆ، رکابەری شاجوانە و دەڵێت، "ئەو ژنانەی تەنوورەی پۆلێرا لەبەردەکەن دەچەوسێندرێنەوە، بەڵام ئێمە دەستبەرداری نابین. ئێمە هەمیشە گرنگی بە شیکپۆشی و جوانی خۆمان و کولتوورە دەوڵەمەندەکەمان دەدەین."
 
کێبڕكێکارەکان پێویستبوو لەبەر کۆرۆنا دەمامکی پلاستیکی ببەستن. ئەو کچەی وەکو شاجوان هەڵبژێردرا، تەمەنی 28 ساڵانە کە خوێندکاری زانکۆیە لە بەشی پزیشکی. ئەو بە جلە زەرد و سەما رەسەنەکەی بووە شاجوانی ئەمساڵی چۆلیتاسەکان. 
 
شاجوان ناوی نێلی مامانی چامبی ـیە، دەڵێت، "لای ئێمە تەنوورەی پۆلێرا بە واتەی کولتوور و دابوونەریت دێت. ئەوە بە بیرمان دەهێنێتەوە کە ئێمە کێین و باب و باپیرانمان کێ بوون. ئێمە بە شانازییەوە تەنووری پۆلێرا لەبەردەکەین و کولتووری بۆلیڤیا لە ئێمەدا رەنگدەداتەوە."
 
شێوازی جلوبەرگی ژنانی هۆزە رەسەنەکان بووەتە هێمای کولتووری هۆزە رەسەنەکانی ناوچەکانی زنجیرە چیاکانی ئەندێز. لەبەرکردنی تەنوورەی پۆلێرا و شاڵی گەورە و ئەم جۆرە کڵاوانە، شێوازێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم.