مایکرۆسۆفت لە سوێد 3.2 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مایکرۆسۆفت رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە سوێد 3.2 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا دەکات.
ئەمە گەورەترین وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەبێت لە سوێد. مایکرۆسۆفت دەیەوێت لە دوو ساڵدا پەرە بە ژێرخانی ژیریی دەستکرد و کلاود بدات.
کلاود بریتییە لە تۆڕێک سێرڤەر، بەسەر ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دابەش بوون و هەریەکەیان فەرمانێکی دیاریکراویان هەیە.
بەپێی مایکرۆسۆفت، تاوەکو 2027 کۆمپانیاکە راهێنان بە 250 هەزار کەس دەکات، بۆئەوەی لێهاتوویی و پاشخانی زانستیی ژیریی دەستکرد بەهێز بکات و توانای سێ ناوەندی داتای خۆی لەو وڵاتە فراوان بکات.
لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئۆڵف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد؛ براد سمیس، سەرۆکی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت رایگەیاند، لە رێگەی ئەم وەبەرهێنانەوە، گەورەترین ناوەندی داتای ژیریی دەستکرد لە وڵاتە ئیسکەندەناڤییەکە دروستدەکەن.
سمیس گوتی، "هۆکارێکی گەورەی توانای ئێمە بۆ کردنی ئەم کارە، سیاسەتی دوورمەودای وزەی سوێدە، بەردەستبوونی بڕێکی زۆری وزەی سەوزە، چ وزەی بێ کاربۆن بێت یان وزەی نوێبووەوە."
لەم چەند مانگەی رابردوو، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش وەبەرهێنانی هاوشێوەی راگەیاندووە، لەوانە فەرەنسا، کە بەڵێنی داوە 4.3 ملیار دۆلار وەبەربهێنێت، هەروەها لە ژاپۆن 2.9 ملیار دۆلاری خستە خزمەتی بەهێزکردنی ژیریی دەستکرد، لە مالیزیا و ئیندۆنیزیاش بە گوژمەی جیاجیا وەبەرهێنانی راگەیاند.
لە سوێد، مایکرۆسۆفت زیاتر لە 20 هەزار GPU دابیندەکات بۆئەوەی لە راهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرددا بەکاربهێندرێن، هەروەها توانای ناوەندەکانی داتای خۆی لە ساندڤیکێن، گاڤڵ و ستافانستۆرپ زیاد دەکات.
کریستەرسۆن گوتی، "ژیریی دەستکرد هاندەری زۆر شتە. لە خێراکردنی گەشەی بوارەکانی دیکەدا یارمەتیدەر دەبێت. ئەم وەبەرهێنانە زەبەلاحە لە سوێد، دەتوانێت رێگە بۆ وەبەرهێنانەکانی دیکە بکاتەوە."
ناوەندی داتا، کە بڕێکی زۆری زانیاریی ئینتەرنێت هەڵدەگرن، پێویستی بە بڕێکی گەورەی کارەبا و ئاوە، بە جۆرێک کە بەگوێرەی کۆلێژی HECی مۆنتریالی کەنەدا، 2%ی هەموو کارەبای جیهان لەو ناوەندانە بەکاردەبرێت.
ساڵی 2020 مایکرۆسۆفت رایگەیاند، دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی دەردانی کاربۆن لە ناوەندەکانیدا بۆ سفر دابەزێنێت، بەڵام پار دەردانەکە 30% زیادیکرد.