کوڕی سەرۆکی ئەمریکا دادگەیی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هەنتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی ئەمریکا دادگەیی دەکرێت. ئەمە یەکەمجار دەبێت لە مێژووی ئەمریکادا رووبدات. رۆژی دووشەممە، دادگە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەست بە دانیشتنەکانی بکات. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە جۆ بایدنی باوکی، هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدات کە 5ـی تشرینی دووەم دەکرێت. ئەمە دەبێتە دووەم دۆسیەی مێژوویی لە پاڵ دادگەییکردنەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو، کە ئەویش لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی کورسیی سەرۆکایەتیدایە. 
 
ترەمپی کۆماری، یەکەمین سەرۆکی پێشووە لە مێژووی ئەمریکادا کە تاوانێکی بەسەردا ساخکرابێتەوە. کۆمارییەکان کە دڵخۆشن بە دادگەییکردنی کوڕەکەی بایدنی دیموکرات، دەیانەوێت سەرنج لەسەر کێشە یاساییەکانی بەربژێرەکەی خۆیان کەمبکەنەوە.
 
هەنتەر بایدنی تەمەن 54 ساڵ، سێ تۆمەتی لەسەرە. هەر سێ تۆمەتەکە پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە ساڵی 2018، دەمانچەیەکی کڕیوە لە کاتێکدا ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان ببوو.
 
هەنتەر پارێزەرێکی پسپۆڕە. پێشتر لۆبیکار بووە و بووەتە هونەرمەند، بەڵام لە نێو ژمارەیەک دۆسیە و کێشەی یاساییدا چەقیوە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە کحول و کۆکاییەنەوە هەیە. 
 
هەنتەر بەم ناوبانگەیەوە، بووەتە بارگرانی بەسەر باوکی و کاریگەریی لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی هەبووە. ئێستا دەبێت لە دادگەیەکی شاری ویڵمنگتن لە ویلایەتی دێلاوێر، کە شوێنی لەدایکبوونیەتی، بەرگری لە خۆی بکات. 
 
دادگەییکردنەکەی ئەمجارە لەسەر ئەوەیە کە لە کاتی کڕینی چەکەکەدا، بە دامودەزگاکانی نەگوتووە بە شێوەیەکی نایاسایی مادەی هۆشبەر بەکاردێنێت و گوایە لە بەڵگەنامەکانی کڕینەکەدا زانیاریی هەڵخەڵەتێنەری خستووەتەڕوو. 
 
هەروەها تۆمەتی چەکهەڵگرتنی نایاساییشی لەسەرە، بەو پێیەی کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018، بۆ ماوەی یازدە رۆژ دەمانچەی هەڵگرتبوو.  
 
هەنتەر هێندەی نەمابوو لە لێپێچینەوە رزگاری بێت، بەڵام تەممووزی رابردوو، دادگە داوایەکی بۆ وازهێنان لە دۆسیەکە رەتکردەوە. 
 
ئەگەر تۆمەتەکان بەسەریدا ساخببنەوە، رەنگە سزای 25 ساڵ بەندکردنی بۆ دەربکرێت، بەڵام ئەگەر تاوانی دیکە نەکات، سەرپێچیی لەم جۆرە نابێتە هۆی زیندانیکردنی، بەڵکو تەنیا دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە. 
 
"شیاندنەوە"
 
سەرەتا دادگە دەستەی سوێندخواردووان هەڵدەبژێرێت، کە پێکدێن لە کەسانی ئاسایی بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە بەڵگەکان، بڵێن چی راست و چی هەڵەیە و لە کۆتاییدا بڕیارێک بدەن. 
 
سوێندخواردووەکان سەرەتا گوێبیستی قسەکانی هەنتەر دەبن لەبارەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر. لە هەمان کاتدا، لێکۆڵەرانی سەر بە داواکاری گشتی بە وردودرشتی ئەو رووداوانەدا دەچنەوە کە سەریانکێشا بۆ کڕینی دەمانچەکە لە دێلاوێر.
 
تیمی پارێزەرانی هەنتەر هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچینیوە کە پێناسەی هەردوو وشەی "ئالوودەبوو" و "بەکارهێنەر" فریای بریکارەکەیان بکەوێت. داوایانکردووە لێخۆشبوون بۆ هەنتەر دەربکرێت ئەگەر دەستەی سوێندخواردووان بگاتە ئەو بڕوایەی کە لە کاتی کڕینی چەکەکەدا، سکاڵالێکراو وایزانیبێت ئەم دوو وشەیە گوازارشت لە خۆی ناکەن.
 
ئابی لۆوڵ، پارێزەری هەنتەر، لە بەڵگەنامەکانی دادگەدا نووسیویەتی: "دەستەواژەی 'بەکارهێنەر' یان 'ئالوودەبوو' لەسەر فۆڕمەکە پێناسەنەکراون و بۆی روون نەکرابوونەوە. کەسێکی وەک بەڕێز [هەنتەر] بایدن، کە تازە بەرنامەیەکی 11 رۆژەی شیاندنەوەی تەواوکردبوو و دواتر لەگەڵ کەسێکی هۆشیار ژیابوو، بێ هیچ گومانێک دەیتوانی درک بەوە بکات کە لەو کاتەدا بەکارهێنەر یان ئالوودە نەبووە."
 
یەکێک لەوانەی چاوەڕوان دەکرێت گەواهی بدات، هاڵی بایدن، هاوژینی پێشووی بیوو بایدنی کۆچکردووە، کە لە کاتی کڕینی چەکەکەدا، پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ هەنتەردا هەبووە. 
 
ئەمە هەمووی لە لایەک؛ لە لایێکی دیکەوە، کۆمارییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە کۆنگرێس لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکادا بکەن؛ چونکە بە گوتەی خۆیان، خێزانی بایدن دەستی هەبووە لە نەخشەڕێژیی تاوانکاری، بەڵام هیچ بەڵگەیان نەخستووەتەڕوو. 
 
ئەندامانی کۆماری لە کۆنگرێس، هەنتەر بایدن تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە گەندەڵی لە چین و ئۆکراینا بازرگانی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی بەسەردا ساخنەبووەتەوە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ کوڕەکەی راگەیاندووە. 
 
ئادەم شێف، ئەندامی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، رۆژی یەکشەممە، بە میدیای وڵاتەکەی گوت: هەر چییەک بێت، پێویستە ئەمریکییەکان رێز لە بڕیاری دەستەی سوێندخواردووان بگرن، . گوتیشی: "بڕوام وایە، سەرۆک خۆیشی رێز لە بڕیارەکە دەگرێت، هەرچەند بەئازاریش بێت."
 
لێکۆڵەران رایانگەیاندووە کە رەنگە سێ رۆژیان پێبچێت تاوەکو هەموو بەڵگە و گوتەکانیان لە دژی هەنتەر بخەنەڕوو. دادگەییکردنەکەش پێدەچێت دوو هەفتە بخایێنێت.
 
جیا لەمە، دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج، لە کالیفۆرنیا لەسەر هەنتەر کراوەتەوە، کە هەر ئەم ساڵ لەسەری دادگەیی دەکرێت.