فرۆشی ئایفۆن زیاتر لە 5 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی ئەپڵ کەمتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان. کۆمپانیاکە بایی 110 ملیار دۆلاریش پشکەکانی خۆی دەکڕێتەوە.
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 23 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە. کۆی داهاتەکەشی گەیشتووەتە 90 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.
لوکا مایێستری، بەڕێوەبەری دارایی ئەپڵ دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی متمانەمان بە داهاتووی ئەپڵ و ئەو بەهایەی لە پشکەکانمان دەیبینین، دەستەی بەڕێوەبەران بڕیاری داوە 110 ملیار دۆلار بۆ کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیاکە تەرخان بکات."
بەهۆی ئەم بڕیارەوە، نرخی هەر پشکێکی کۆمپانیاکە زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 183.20 دۆلار.
وەک پێشبینیش دەکرا، فرۆشی ئایفۆن بەهۆی گوشارەکانی چین و رکابەرییەکانی هواوییەوە 10٪ کەمبووەتەوە.
لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، ئەپڵ 45 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی ئایفۆنەوە دەستکەوتووە. لە هەمان ماوەی 2023ـدا، ئەپڵ بایی 51 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار ئایفۆنی فرۆشتبوو.
جاکۆب بۆرن، شرۆڤەکاری بازاڕ لە دامەزراوەی Emarketer بۆ توێژینەوە دەڵێت: "ئەم ساڵ ساڵێکی سەخت بووە بۆ ئەپڵ. لەو ساڵە وەک گرانترین کۆمپانیای جیهان و گەورەترین دروستکردنی مۆبایلی زیرەک نەمایەوە." گوتیشی: "کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئایفۆن لە چین داهاتی ئەپڵی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە".
شارەزایان زیادبوونی داهاتەکانی هواوی بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی فرۆشی ئایفۆن دادەنێن.