یونسێف: پێویستمان بە 300 ساڵی دیکەیە بۆ ئەوەی هاوژینیی منداڵان کۆتایی بێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵان - یونسێف دەڵێت، پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی منداڵان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام لەوانەیە 300 ساڵی دیکەیان پێویست بێت بۆئەوەی دیاردەکە بە یەکجاری نەمێنێت. 
 
یونسێف رۆژی سێشەممە 02-05-2023 لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "لە 10 ساڵی رابردوودا توانیومانە لە نەهێشتنی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی منداڵان هەنگاوی باش بنێین، بەڵام کاری زیاتر پێویستە."
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، "بەو شێوازەی ئێستا، رەنگە پێویستمان بە 300 ساڵ بێت بۆ ئەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی منداڵان کۆتایی بێت." 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 640 ملیۆن ژن لە جیهاندا هەن کە پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ بەشوو دراون؛ هەروەها ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش ئەوەی تەمەنیان بگاتە 18 ساڵ بەشوو دەدرێن. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە 25 ساڵی رابردوودا بەشوودانی کچان دابەزیووە. بۆ نموونە، 25٪ی ئەو ژنانەی ساڵی 1997 تەمەنیان لەنێوان 20 ساڵ و 24 ساڵ بوو، پێش تەمەنی 18 ساڵی بەشوودراون، بەڵام ساڵی 2012 رێژەکە دابەزیوە بۆ 23٪ و لە ساڵی 2022 رێژەکە بووەتە 19٪؛ بەڵام هێشتا ئامارەکە بەرزە و دەبێت کاری زیاتر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە بکرێت. 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆربەی ئەو مێرمنداڵانەی کە بە شوو دەدرێن تەمەنیان لەنێوان 12 ساڵی و 17 ساڵیدایە. 
 
کاترین روسێل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونسێف دەڵێت: "جیهان گیرۆدەی قەیرانەکان بووە لەسەرووی هەموویانەوە پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی منداڵان کە خەریکە هیوا و خەونی چەندین منداڵ لەنێودەبات، بەتایبەتی کچان کە دەبێت بخوێنن نەک ببنە بووک."
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە هەرچەندە بەشوودانی منداڵان "پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی منداڵانە، بەڵام خێزانەکان هاوژینییەکە وەک رێکارێکی پاراستن بۆ کچەکانیان دەبینن و پێیان وایە کە ئەو هاوژینییە دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی بۆ کچەکانیان و لەڕووی جەستەییەوە پارێزاو دەبن."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات کە 45٪ـی ئەو کچانەی پێش ئەوەی تەمەنییان بگاتە 18 ساڵ بەشوودراون لە ئاسیادان و یەک لەسەر سێی ئەو ژمارەیەش لە هیندستانن.