بلینکن: ئەمریکا پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەڤانی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد کە تێیدا، دوای دوو ساڵ لە دەرکەوتنی کۆرۆنا، بۆ یەکەمین جار رێگە درا هەموو کورسییەکانی ژووری رۆژنامەڤانیی وەزارەتی دەرەوە، بێ دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی، رۆژنامەڤان تێیدا دابنیشن. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە "ئازادیی رۆژنامەڤانی، بناخەی هەموو دیموکراسییەکی تەندروست" و "هەموو کۆمەڵگەیەکی زیندوو و گشتگیرە" بۆیە ئیدارەی بایدن لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لێی. بلینکن گوتی، ئازادیی رۆژنامەڤانیی رووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوام دەبێتەوە؛ ئەمریکاش بە "ئەرک"ی خۆی دەزانێت رووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە. 
 
سەرنجی بەشێکی بەرچاوی گوتارەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر رەوشی رۆژنامەڤانان بوو لە ئۆکراینا کە دوو مانگ زیاترە رووسیا هێرشی بۆسەر دەستپێکردووە. بە گوتەی بلینکن، تاوەکو ئێستا 11 رۆژنامەڤان لە ئۆکراینا کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریشیان برینداربوون.
 
بە گوێرەی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤان (CPJ)، کە رێکخراوێکی ئەمریکیی سەربەخۆی قازانجنەویستی ناحکومییە و بنکەی سەرەکی لە شاری نیویۆرکە، کۆی گشتیی 27 رۆژنامەڤان و میدیاکار تاوەکو ئێستا لەمساڵدا کوژراون.
 
بلینکن هاوکات رووسیای بە بەرتەسکردنەوەی ئازادیی رادەربڕین و سەرکوتکردنی ئەو رۆژنامەڤانانەی تۆمەتبارکرد کە دژی شەڕی سەر ئۆکراینا قسەدەکەن. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە سەر ئاستی 180 وڵات، رووسیا لە ریزبەندی 150ـەمین دادەنێت. 
 
مانگی ئادار، ئەنجوومەنی نوێنەری رووسیا کە بە دووما ناسراوە، یاسایەکی نوێی بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی "هەواڵی ساختە" پەسندکرد و سزای سەرپێچیکردنەکەشی بە تاوەکو 15 ساڵ بەندکردن دیاریکرد. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنانەت لە وڵاتانی دیکەش کە ململانێی سەربازییان تێدا نییە، رۆژنامەڤانان لە لایەن حکومەتەکانیان، رێکخراوە "تیرۆریستەکان" و لە یاسابەدەرەکانەوە رووبەڕووی زیندانیکردن، کوشتن، هەراسانکردن، هێرش و هەڕەشە دەبنەوە. 
 
بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان CPJ، بلینکن گوتی، "لە کۆتایی 2021دا 293 رۆژنامەڤان لە پشت شیشی زیندان بوون. ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانییە."
 
چین بە زیندانیکردنی نزیکەی 50 رۆژنامەڤان لە ریزبەندیی یەکەمی جیهان دێت، کە هەشت لەو رۆژنامەڤانانە خەڵکی هەرێمی "نیمچەسەربەخۆی" هۆنگ کۆنگن، ئەوە بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
 
بلینکن باسی لەوەش کرد کە حکومەتی هەندێک لە وڵاتان بە بەکارهێنانی "هەڕەشە و سکاڵای یاسایی" رۆژنامەڤانان "دەتۆقێنن" و ئەفغانستانیشی بە نموونە هێنایەوە کە لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە، "40٪ی دەزگا میدیاییە سەربەخۆکانی ئەفغانستان داخراون."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "کاتێک رۆژنامەڤانان هەڕەشەیان لێدەکرێت، هێرشیان دەکرێتەسەر یان زیندانی دەکرێن، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی زۆر دوور دەڕۆن؛ هەندێک لە میدیاکان بە خۆیان، خۆیان سانسۆر دەکەن، هەندێکیان هەڵدێن، هەندێکی دیکەشیان هەر بە یەکجاری واز لە کارەکەیان دەهێنن."
 
بلینکن باسی لەوە کرد کە "کاتێک حکومەتە سەرکوتکارەکان بە دوای رۆژنامەڤانان دەکەون،" داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگەی سڤیلیش دەکەونە ژێر هەڕەشە و گوشارەوە. 
 
بە گوێرەی رێکخراوەی پەروەردەیی زانستی و کەلتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان UNESCO، لە ساڵی 2016ـەوە لانیکەم 57 یاسا لە 44 وڵات پەسندکراون یان هەموارکراونەتەوە کە نێوەڕۆکیان ناڕوونە و ئامانجی بانگەشەکراویان سزادانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و رقوکینە و تاوانی سایبەرییە و هەڕەشەن لەسەر ئازادیی راگەیاندن.