چەند راپرسییەکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا: ترەمپ براوەیە


رووداو دیجیتاڵ 

راپرسییەکی هاوبەشی نیویۆرک تایمز و کۆلێژی سیێنای ئەمریکی دەریدەخات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە 48٪ بەرامبەر 43٪ لە پێش جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەوەیە.
 
لە ساڵی 2015ـەوە ئەمە یەکەمین جارە لە راپرسیی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا ترەمپ بەم ئەندازەیە پێش بەربژێری سەرەکیی دیموکراتەکان دەکەوێت. 
 
راپرسییەکە دەریدەخات کە 47٪ی دەنگدەرانی ئەمریکی ناڕەزایی تووندیان دژی شێوازی سەرۆکایەتیکردنی بایدن هەیە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک خاڵی لاوازی بایدن و دیموکراتەکان، دیارترینیان بریتییە لە نەمانی پشتیوانی لەنێو ئەو کەسانەی چینی کارکەری رەشپێست کە نەچوونەتە زانکۆ. 
 
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020ـدا بایدن 72٪ی دەنگی ئەوانەی بەدەستهێنا، بەڵام لە راپرسییەکەی ئێستادا بایدن 47٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بە چەند خاڵێکی کەم لە پێش ترەمپەوەیە. 
 
هەر ئەو راپرسییە دەریدەخات، 19٪ی خەڵکەکە هیچ یەک لە دوو بەربژێرەکەی بەدڵ نییە. 
 
ئەمە تەنیا یەکێکە لەو راپرسیانەی کە پێشەنگبوونی ترەمپ پێشاندەدەن. 
 
هاوکات راپرسییەکی هاریس ئێکس و فۆربس دەریدەخات کە ترەمپ 46٪ و بایدن 42٪ی دەنگەکان بەدەستدێنێت؛ هەروەها لە راپرسییەکی Real Clear Politicsدا ترەمپ بە رێژەی 2٪ لە پێش بایدنەوەیە. 
 
بە گوێرەی پلەبەندییەک کە پێگەی 538ی ئەمریکی دایناوە، راپرسییەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و کۆلێژی سیێنا بە متمانەپێکراوترینی ئەمریکا دادەنرێت. راپرسییەکە لە نێوان 25 و 28ی شوبات کراوە و 980 کەس تێیدا بەشداربوون. 
 
ئەم ئەنجامە نەرێنیانە بۆ بایدن لە کاتێکدا دێن، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاری بووەتەوە، لەوانەش ئەو نیگەرانییانەی لە بارەی تەمەنەکەیەوە هەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی کە راپۆرتێکی پشکنەری یاسایی گشتیی ئەمریکا گومانی خستە سەر یادگەکەی.
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە؛ کۆمارییەکانیش لەسەر زیادبوونی چوونی کۆچبەرانی نایاسایی لە سنووری باشووری وڵاتەکەوە هێرشەکانیان بۆ سەر بایدن زیادکردووە. 
 
بەڵام ترەمپیش بێ کێشە نییە. 
 
دیارترین بەربەستی بەردەم ترەمپ ئەوەیە کە لە چوار دۆسیەی یاساییدا دەیان تۆمەتی دراوەتە پاڵ و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە. هەروەها تاوەکو ئێستا دادگە دوو بڕیاری دژی ترەمپ دەرکردووە و ناچاری کردووە سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتەوە. 
 
مانگی کانوونی دووەم، راپرسییەکی بلوومبێرگ دەریخست کە 53٪ی دەنگدەرەکان، لە نێویاندا 23٪ی کۆمارییەکان، لە حەوت ویلایەتی خۆڵەمێشی، دەنگ بە ترەمپ نادەن ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخببنەوە.