نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن هێکتار دارستان لەنێودەچێت
رووداو - هەولێر
وشکەساڵی و بەبیابانبوون دوو نیشانەی گۆڕانی کەشوهەوان کە پەیوەندییەکی راستەوانەیان لەگەڵ یەک هەیە، واتە هەر کامیان زیاد بێت، ئەوەی دیکەش زیاد دەبێت.
بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵ دوای ساڵ رووبەرێکی زیاتری زەوی بەهۆی وشکەساڵی و کاری مرۆڤەوە دەبێتە بیابان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە:
- لە 40 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو رووەکانەی بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە، زیاتر لە دوو هێندەی 40 ساڵ پێشتر بووە.
- ساڵانە رووبەرێکی نزیکەی 12 ملیۆن هێکتار دارستانی بەهۆی بەبیابانبوون و وشکەساڵییەوە لەنێودەچێت.
- کەمبوونەوەی گژ و گیا و رووەکەکان هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لەنێوچوون و قڕبوونی زیندەوەران خێراتر دەکەن.
- 14٪ـی هەموو زۆنگاوەکان کە بۆ گیانەوەر و باڵندە کۆچبەرەکان زۆر گرنگن، لەو ناوچانەدان کە مەترسیی وشکەساڵییان لەسەرە.
- وشکەساڵی هۆکاری 15٪ـی کارەساتە سرووشتییەکانە.
- لە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری 60٪یان وشکەساڵی بووە.
- لە نێوان ساڵانی 1998 و 2017دا وشکەساڵی 124 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە.
- چاوەڕێدەکرێت تاوەکو نێوەڕاستی ئەم سەدەیە، وشکەساڵی کاریگەری بخاتە سەر 75٪ـی دانیشتووانی زەوی، واتە سێ چارەکی مرۆڤایەتی.