رووسیا کۆنترۆڵکردنی گوندێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینای راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، گوندێکی بچووکیان لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە.
وەزارەتەکە گوتی، سەربازانی رووسی "توانییان گوندی ئومانسکۆی لە کۆماری میللی دۆنێتسک ئازاد بکەن."
گوندەکە بە ئۆکراینی پێیدەگوترێت "ئومانسک" و رووبەرەکەی بچووکە. پێش ئەوەی جەنگ لە 22ی شوباتی 2022 دەستپێبکات، کەمتر لە 180 دانیشتووی هەبوو. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری دۆنێتسک بە دووری 25 کیلۆمەتر.
ئەندرەی بێلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی رووسیا رۆژی هەینی گوتی، رووسیا "بە هەموو ئاراستەکاندا" پێشڕەوی کردووە.
بێلۆسۆڤ گوتی، هێزەکانی رووسیا تەنیا ئەم ساڵ 880 کیلۆمەتر دووجایان کۆنترۆڵکردووە.
هێزەکانی ئۆکراینا کە بەدەست کەمی سەرباز و چەکەوە دەناڵێنن، چەند مانگێکە لە ژێر هێرشی تووندکراوی رووسیادا هەست بە گوشار دەکەن.
رووسیا بە تایبەتی لە سەرەتای مانگی ئایار گوڕی بە هێرشەکەی بۆ سەر شاری خارکیڤی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دا.
سەربازانی رووسیا هەروەها بەرەو پۆکرۆڤسک هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، کە 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای ئومانسک دوورە.
کیێڤ چاوی لەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا چەکی زیاتر لە رۆژئاوا وەربگرێت بۆ ئەوەی سەنگەرەکانی تۆکمە بکاتەوە.