ڤیدیۆ.. نیشتنەوەی کەشتییەکی چینی لەسەر دیوە تاریکەکەی مانگ


رووداو دیجیتاڵ 

رۆبۆتە ئاڵۆزەکە بە مەبەستی پشکنین، نموونەی خاکی ئەو دیوەی مانگ وەردەگرێت کە هەمیشە لە زەوییەوە تاریک دەردەکەوێت. بە گوتەی پەکین، چین دەبێتە یەکەمین وڵات کە دەستی بە نموونەی خاکی ئەو لایەی مانگ گەیشتبێت. 
 
ماوەی چەند دەیەیەکە پەکین پەرە بە تواناکانی لە بواری بۆشاییدا دەدات. رۆبۆتەکەی بە ناوی (چانگ-ئی-6)ـەوەیە. بە گوتەی میدیای چینی، رۆژی یەکشەممە، بە سەرکەوتوویی نیشتەوە.
 
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی چینی دەڵێت، پشکنەرۆکەکە بە دیاریکراوی لە چاڵی ئەیتکن، لە جەمسەری باشووری مانگ نیشتەوە، کە ئەوە گەورەترین چاڵە لە هەسارە و مانگەکانی کۆمەڵەی خۆردا دۆزرابێتەوە. 
 
گەشتی پشکنەرۆکەکە 53 رۆژ دەبێت و لە 3ی ئایارەوە دەستیپێکردووە. 
 
هوانگ وو، بەرپرسی ئاژانسی زانست و تەکنەلۆژیای بۆشایی چین، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند رۆژی یەکشەممە، لە بەرزایی 200 کیلۆمەتر لە رووی مانگەوە، لە خوولگەکەیەوە دەستی بە نزمبوونەوە کر. 
 
هوانگ گوتی: "نزمبوونەوە لە خوولگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، ژمارەیەک مەترسی لەخۆگرتبوو. دەبوو رێکاری ورد بگرینەبەر بۆ ئەوەی جڵەوی بکەین تاوەکو پشکنەرۆکەکە بخەینە سەر رێچکەی نیشتنەوەکەی، کە پێشوەخت بۆی دیاریکرابوو."
 
دوای ئەوە، "پێویستبوو زوو زوو خێرایی پشکنەرۆکەکە بەرەو مانگ کەمبکەینەوە، لە ماوەی 15 خوولەک گەیاندمانە سفر، ئەوەش پێویستی بە بڕێکی زۆری سووتەمەنیی پاڵپێوەنان بوو، کە دەکاتە نیوەی کۆی گشتیی کێشی پشکنەرۆکەکە."
 
ئێستا کە رۆبۆتەکە نیشتووەتەوە، هەوڵدەدات مشتێک خۆڵ و وردە بەردی مانگ هەڵبگرێت و لە شوێنی نیشتنەوەی خۆی پشکنینی لەسەر بکات. 
 
بە گوێرەی میدیای چین، ئەو کارە دوو رۆژ دەخایێنێت. 
 
پشکنەرۆکەکە بە دوو رێگە نموونەکان کۆدەکاتەوە: ئامێرێکی هەڵکنەر بەکاردێنێت بۆ ئەوەی خاک و بەردی ژێر رووی مانگ بێنێتە دەرەوە، دواتریش لە رێگەی باسکێکی رۆبۆتییەوە هەڵیاندەگرێتەوە.
 
پاش ئەوە کارێکی سەختی دێتە پێش؛ پێویستە لەو دیوەی مانگەوە هەڵبفڕێت و بگەڕێتەوە خوولگەکەی. 
 
زانایان دەڵێن، "دیوە تاریکەکەی" مانگ بۆ لێکۆڵینەوە لەبارترینە، چونکە بڕێکی کەمتری نیشتووی گڕکانە کۆنەکان چاڵەکانی داپۆشیوە. 
 
ئەو دیوەی مانگ لە راستیدا تاریک نییە، بەڵکو رووناکی خۆری پێدەگات، بەڵام لە زەوییەوە نابینرێت، چونکە بەردەوام رووی لەو دیوی زەویەوە. هاوشێوەی هەسارەکەمان، ئەویش شەو و رۆژی هەیە. مانگ لەگەڵ هەر خوولێکی بە دەوری زەویدا، خوولێک بە دەوری خۆیدا تەواو دەکات. واتە ئێمە هەمیشە یەک رووی دەبینین. 
 
ئەو ماددانەی کۆدەکرێنەوە، دەکرێت یارمەتی تێگەیشتنی باشتری زانایان بدەن لەوەی مانگ چۆن ئافرێنراوە. 
 
"خەونی بۆشایی"
 
لە ماوەی سەرۆکایەتیی شی جینپینگدا، پەکین چەندین نەخشەی بۆ بەدیهێنانی "خەونی بۆشایی" داناوە. 
 
ئەو وڵاتە سەرچاوەی زەبەلاحی خستووەتە خزمەتی بەرنامەی بۆشایی خۆی بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان خۆی رووسیا و ئەمریکا کەمبکاتەوە. لەو هەوڵەشیدا، ژمارەیەک دەستکەوتی بەرچاوی هەبووە، لەنێویاندا، دامەزراندنی وێستگەیەکی بۆشایی بە ناوی تیانگۆنگ لە خوولگەی زەوی کە بە "کۆشکی ئاسمانی" دەناسرێت. 
 
پەکین هەروەها گالیسکەکانی لەسەر مەریخ و مانگ نیشتوونەتەوە و چین تاکە وڵاتی سێیەمە لە دوای ئەمریکا و رووسیا مرۆڤی ناردبێتە خوولگەی زەوی. 
 
بەڵام واشنتن هۆشداریی داوە کە چین بەرنامەی بۆشایی بۆ پەردەپۆشکردنی ئامانجی سەربازی بەکاردێنێت و دەیەوێت لە بۆشاییدا باڵادەستبێت.
 
چین دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 کەشتیێکی ئاسمانی بە مرۆڤەوە بنێرێتە سەر مانگ و وێستگەیەک لەسەر رووی دروستبکات. 
 
ئەمریکاش بە نیازە لە ساڵی 2026 بە گەشتی ئارتمیس 3 "بگەڕێتەوە سەر" مانگ.