فڕۆکەکانی ئەمریکا خواردن بۆ خەڵکی غەززە بەردەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی شاهانەی ئوردن، نزیکەی 38 هەزار ژەم خواردنیان بۆ خەڵکی غەززە بەرداوەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکە بارهەڵگرەکانی سوپای ئەمریکا لە جۆری C-130 چەندین پالێتی پڕ لە خواردنیان لە ئاسمانی غەززە بەرداونەتەوە.
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە زیاتر لە 100 فەلەستینی لە کاتی وەرگرتنی خۆراک لە کاروانێکی مرۆیی، لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران.
سێ فڕۆکەی سەر بە هێزی ئاسمانیی ناوەندیی ئەمریکا، لە نێوان کاژێر 3:00 تا 5:00ی ئێوارە بە کاتی غەززە (واتە 4:00 تا 6:00 بەکاتی هەولێر)، 66 پالێتی خواردنیان بەرداوەتەوە کە 38 هەزار ژەمیان تێدا بووە.
سێنتکۆم دەڵێت، بە درێژایی کەناری غەززە، خواردنەکەیان بەرداوەتەوە "بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیلی غەززە بەو یارمەتییە گرنگە بگەن."
بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دای، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی مرۆیی دیکەی لەم شێوەیە لەلایەن وڵاتەکەوە بەجێ بگەیێنرێن.
سێنتکۆم لەو بارەیەوە دەڵێت: "گەیاندنی ئەم یارمەتییە مرۆییانە لە رێگەی ئاسمانییەوە لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە، هەوڵێکە بۆ دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی ژیانپارێز بۆ خەڵکی غەززە. ئێمە پلان بۆ گەیاندنی یارمەتیی زیاتر لە رێگەی ئاسمانییەوە دادەنێین."
سێنتکۆم هەروەها رایدەگەیێنێت: "گەیاندنی ئەم یارمەتییانە لە رێگەی ئاسمانییەوە، بەشێکە لە هەوڵێکی بەردەوام بۆ ئەوەی یارمەتیی زیاتر بگاتە نێو غەززە."
یارمەتییەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئوردن دەگەیێنرێتە جێ، کە ئەویش لە رێگەی ئاسمانەوە خواردنی گەیاندووەتە غەززە.