ڤیدیۆ: بە چەقۆ لە ملی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، بە چەقۆ لە ملی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور درا.
لیی جەیمیۆنگ لە نێو جەماوەرەکەیدا بوو، کاتێک پیاوێک، کە خۆی وەک یەکێک لە لایەنگرەکانی دەرخستبوو، بەنێو قەرەباڵخییەکەدا رێگەی خۆی کردەوە و بە چەقۆ لە ملی سەرکردەکەی دا.
لەو کاتەدا، لە شوێنێکی بیناسازیدا لە شاری بووسانی باشووری وڵاتەکە، ژمارەیەکی زۆری لایەنگر و رۆژنامەڤانان دەوری لی-یان دابوو.
دوای چەقۆلێدانەکە، سەرکردەکە تووشی خوێنبەربوون بوو، بەڵام هێشتا بەئاگا بوو، پاشان گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی نزیک و دواتر لەوێوە بە فڕۆکە گوێزرایەوە بۆ سیئۆلی پایتەخت بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، ئەمە بە گوێرەی یەکێک لە بەرپرسانی پارتەکەی.
پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە هێرشکارەکەی قۆڵبەست کرد.
پیاوە هێرشکارەکە کڵاوێکی لەسەرنابوو کە دروشمێکی پشتیوانیکردنی لی-ی لەسەر بوو.
پێش هێرشەکە، لی بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی دەڕۆیشت و وەڵامی رۆژنامەڤانەکانی دەدایەوە. یەکێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێت، هێرشکارەکە داوای واژۆی لە لی کردبوو و پاشان بە چەقۆ لێی دابوو.
سەرکردە 59 ساڵانەکە کەوتە سەر زەوی و خەڵکەکە خێرا فریای کەوت، یەکێک لەوانە دەستەسڕێکی بە ملی لییەوە نا، پێش ئەوەی تیمی فریاگوزاری بیگوازنەوە بۆ نێو ئەمبوڵانس.
کۆون چیل سیونگ، پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکرات، پارتەکەی لی، گوتی، "ئەمە کارێکی تیرۆرستییە لە دژی لی و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی کە پێویستە هەرگیز لە هیچ بارودۆخێکدا روونەدات."
بە گوتەی پۆلیس، چەقۆکە بە قووڵایی یەک سەنتیمەتر، برینێکی لە ملی لی-دا کردووەتەوە.
پۆلیس هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشکارەکە هێشتا پاڵنەری هێرشەکەی ئاشکرانەکردووە.
رکابەری سەرۆکایەتی
لە یەکێک لە گەرمترین هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لە مێژووی کۆریای باشوور، لی لە ساڵی 2022 بەرامبەر بە یوون سوک یۆل-ی نەریتخواز شکستیهێنا.
یوون رایگەیاند، کە ئەو "بە قووڵی نیگەرانی سەلامەتیی لیی جەی میونگە."
گوتەبێژەکەی یوون گوتی، "یوون جەخت دەکاتەوە کە کۆمەڵگەی ئێمە هەرگیز ئەم جۆرە تووندوتیژیانە لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا قبوول ناکات."
لی وەک کەسێک کە منداڵییەکەی لە کارکردن لە کارگەیەکدا بەسەربردووە و دواتر وەک نەوجەوانێک قوتابخانەی جێهێشتوووە، بە سوودبینین لە چیرۆکی دەوڵەمەندبوونی لە هەژارییەوە، توانی جەماوەرێک بۆ خۆی دروستبکات و بچێتە نێو کایەی سیاسیەوە.
پێشبینی دەکرێت کە جارێکی دیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2027 بەربژێر بکاتەوە، راپرسییەکانی ئەم دواییانەش پێشانیدەدەن کە هێشتا رکابەرێکی بەهێزە.
بەڵام ژمارەیەک ئابڕووچوون بوونەتە تارمایی بەسەر چانسی بردنەوەی لی-یەوە.
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023، داواکاری گشتیی کۆریای باشوور داوای کردبوو لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی، لی دەستگیربکرێت، بەڵام دادگە رزگاری کرد.
لی تۆمەتبارە بە بەرتیلوەرگرتن لە کۆمپانیایێک کە گومانی لێ دەکرێت 8 ملیۆن دۆلاری گواستبێتەوە بۆ کۆریای باکوور.
هەروەها تۆمەتبارە بە سەرپێچیکردن لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا، کە گوایە بووەتە هۆی لەدەستدانی 15 ملیۆن دۆلاری کۆمپانیایێکی شاری سیۆنگنام کاتێک کە سەرۆکی شارەوانی شارەکە بووە.
لی هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
ئابی ساڵی رابردوو، لی دەستی بە مانگرتن کرد لە دژی ئەو هەلومەرجەی کە بە سیاسەتی "لێنەهاتوو و تووند"ی حکومەتی یوون ناویبرد.
دوای 19 رۆژ وازهێنان لە خواردن، لی رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.