لە شەوی یەڵدا 'چالاکییەکی تایبەت بۆ ژنانی ئازا' لە هۆڵەندا ئەنجام دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بێری شەڵماش دەرهێنەرێکی کوردستانی و هۆڵەندییە، دەیەوێت لە شەوی یەڵدای ئەم ساڵدا، چالاکییەکی تایبەت بۆ ژنانی ئازا رێکبخات بە ناونیشانی "ئاگری نێو چاوەکانیان".
چەند رۆژێکی دیکە، شەوی یەڵدایە کە درێژترین شەوی ساڵە، بەڵام بۆ بێری شەڵماشی و هاوڕێکانی خۆشترین شەوی ساڵ دەبێت. ئەو دەرهێنەرە کوردە وای کردووە ئەم ساڵ پێشانگەیەکی تایبەت لە ناوەندێکی هونەریی ناسراو لە هۆڵەندا بۆ ئازایەتیی ژنانی کورد و ژنانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێکبخرێت.
ناوی پیشانگاکە (ئاگرەکەی نێو چاوەکانیان)ـە. "The Fire in their eyes"، بێری شەڵماشی میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، چالاکییەکە هونەری دەبێت بۆ ژنە ئازاکان بە ناوی ئاگری نێوچاوەکانیان و دەڵێت، "نزیکەی 20 هونەرمەند بەشداری دەکەن و لە 21ـی ئەم مانگە چالاکییەکان دەستپێدەکەن."
بێری شەڵماشی جگە لە کاری دەرهێنەری دەکات، نوسەرێکی گەورەشە و گوتی، "ساڵی رابردوو هەواڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژەڤی زۆربەی رۆژەکانی میدیاکان بوون، بەتایبەت کوشتنی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی، لە خۆپێشاندان و هەڵوێست وەرگرتن، ئەمانە هەموویان وایان لەمن کرد کە بەگڕوتینی زیاترەوە بچمە پێشەوە، لەوکاتەش کە داوایان لێکردم لەو چالاکییە هونەرییە بەشداری بکەم، ئیتر هەر زوو رازیبووم و هەوڵدەدەم لەگەڵ هونەرمەند و نووسەرە هاوڕێکانم لە چالاکییەکەدا بەگڕوتینی زیاترەوە کاری جوان بکەین و پەیامەکە بە دروستی بگەیێنین."
شەڵماشی روونیکردەوە، چالاکییەکە لە کاژێر حەوتی ئێوارەی رۆژی 21ـی 12 دەستپێدەکات و چالاکییەکان تاوەکو 28ـی مانگی کانووی دووەم بەردەوام دەبن، بێری هیوای خواست زۆربەی خەڵک بەشداری تێدابکەن و ئامادەبن و بچن کار و چالاکییەکانیان ببینن.