ئەنجوومەنی دەوڵەتی چین بۆ رووداو: ئامادەین لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا یارمەتیی عێراق بدەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی سامان و پاراستنی ژینگە لە کۆمیسیۆنی گەشەپێدان و چاکسازیی نیشتمانیی چین لەبارەی سەرچاوەکانی وزەی عێراق قسەی بۆ مەهدی فەرەج، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە چین کرد.
یۆن هوا، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی سامان و پاراستنی ژینگە لە کۆمیسیۆنی گەشەپێدان و چاکسازیی نیشتمانیی چین گوتی، "عێراق خاوەنی سەرچاوەی نەوت و گازی زۆرە، بەڵام سەرچاوەی دیکەی وەک وزەی نوێبووەوەی زۆر کەمە".
یۆن هوا رایگەیاند، "ئامادەین ئەزموونی پەیوەندیدار (بەو بابەتە) لەگەڵ وڵاتان، لەوانەش عێراق بەش بکەین بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە و تواناکانمان بەرز بکەینەوە".
لەبارەی هەمان بابەت شیا ینگ شیان، بەڕێوەبەری بەشی وەڵامدانەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وەزارەتی ژینگەی چین گوتی، "گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی جیهانییە و پێویستە هەموو وڵاتان رووبەڕووی ببنەوە. چین هەمیشە ئامادەبووە بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتان؛ هەروەها ئامادەین لەگەڵ عێراق کاربکەین بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەم بوارەدا".
ینگ شیان گوتیشی، "ئامادەین لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەوانەش عێراق زیاتر بەهێز بکەین".
دۆنگ وان چێنگ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی گەشەپێدان لە ئیدارەی وزەی نیشتمانیی چینیش لەبارەی بەبیابانبوون کە عێراق پێیەوە دەناڵێنێت، گوتی، " چین ئەزموونی لە کۆنترۆڵکردنی بەبیابانبوونی هەیە. ئامادەین ئاڵوگۆڕی پەیوەندیدار لەگەڵ لایەنی عێراقی بکەین و هاوکاری لەو بوارەدا بەهێزتر بکەین".
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی وێن هوا، شیا ینگ شیان و دۆنگ وانگ چێنگ:
رووداو: چۆن دەتوانن ئەزموونی چین بۆ پشتگیریکردنی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەی و گۆڕانی کەشوهەوا بەشبکەن؟
وێن هوا، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی سامانەکان و پاراستنی ژینگە لە کۆمیسیۆنی گەشەپێدان و چاکسازی نیشتمانی چین: هەرچەندە چین و عێراق جیاوازییەکی بەرچاویان لە دۆخی سرووشتی و پێکهاتەی پیشەسازی و وزەدا هەیە، بەڵام وەک وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، زۆرجار رووبەڕووی کێشەی لەو جۆرە دەبنەوە. لە باشترکردنی پڕۆژەی (دوو کاربۆن) پێویستە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی ئابووری، باشترکردنی بژێوی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەین. ئێمە لەمەدا هاوبەشین و لێرەشدا حەز دەکەم چەند ئەزموونێکتان بۆ باس بکەم.
یەکەم: ئێمە پێمان وایە کە پێشخستنی کاری (دوو کاربۆن) پێویستی بە پلانی سیستماتیکی هەیە. [دوو کاربۆن بە واتای کاربۆن لە لووتکەوە بۆ کاربۆن لە دۆخی کەمدا دێت و پڕۆژەیەکی حکومەتی چینە کە لە ساڵی 2030 بۆ 2060 بەرهەمهێنانی کاربۆن بۆ کەمترین بڕ یان سفر دابەزێنن].
چین لووتکەی کاربۆن و کەمی کاربۆنی لە پێگەیەکی زۆر تایبەت بۆ گەشەپێدانی نیشتمانی داناوە پابەندیشین بە ستراتیژییەکی نیشتمانیی یەکگرتوو. حکومەتی ناوەندی بەڵێنی داوە دیزاینە تایبەتەکان بەهێز بکات و لەگەڵ هەموو لایەنەکان هاوئاهەنگی بکات و سیستمی سیاسەتێکی تەواو بنیات بنێت. لە هەمان کاتدا پێویستە رۆڵی ناوچە و کێڵگە ناوخۆییەکان بەپێی دۆخی نێوخۆیی بگۆڕدرێت؛ دەبێت دڵنیابین لەوەی کە ئامانجی گشتی بەدی دێت بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دۆخە ناوخۆییەکان؛ هەروەها دڵنیابین لەوەی کە کاری دوو کاربۆنی هەمیشە لەسەر رێڕەوی ڕاست بەرەو پێشەوە دەڕوات.
ماوەیەک لەمەوبەر بەشداریم لە کۆنفرانسێکدا کرد کە زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو تێیدا ئەو پرسیارەیان کرد کە چۆن دەتوانن بە زووترین کات گۆڕانکاری بەدەست بهێنین. پێم وایە کاری زۆر گرنگ ئەوەیە کە ئەو بابەتە بخەیتە شوێنێکی تایبەت بۆ گەشەپێدانی نیشتمان، ئەمە ئەزموونکی گرنگی چینە. ئێمە بڕیادەدەین و ئامانجەکان دادەنێین، پاشان بەرەو پێشەوە لە قۆناخێکی دیاریکراودا کاردەکەین، ئینجا دەیگەیێنینە بازاڕ. پێم وایە پتەوکردنی هاوئاهەنگی و زۆر گرنگیدان بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکەمان ئەزموونێکی زۆر نایاب و گرنگە.
دووەم: چەمکێکی سیستماتیکە. لە تەواوی پڕۆسەی مامەڵەکردن و پێشخستنی کارەکاندا پێویستە مامەڵە لەگەڵ پەرەپێدان و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی بکرێت، ئامانجە گشتی و نێوخۆییەکان، درێژخایەن و کورتخایەنەکان، پەیوەندیی نێوان بازاڕ و حکومەت رەچاوبکرێت. سیاسەتی ئێمە تاکلایەن نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لەبەرچاو بگرین و سیاسەتێکی گونجاو پێکبهێنین و هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی سیاسەتەکان مسۆگەر بکەین.
سێیەم: لە پڕۆسەی بەرەو پێشچووندا پابەندین بە خۆپاراستن لە مەترسی. پێکهاتەی وزەی چین دەوڵەمەندە بە خەڵووز و خراپە بە نەوت و گاز کە ئەمەش دۆخی بنەڕەتیی نیشتمانیی چینە. بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ عێراق ڕاستە. عێراق خاوەنی سەرچاوەی نەوت و گازی زۆرە، بەڵام سەرچاوەی دیکەی وەک وزەی نوێبووەوەی زۆر کەمە. بۆیە بە درێژایی پرۆسەکە پێویستە ئاسایشی وزە، ئاسایشی زنجیرەی دابینکردن و زنجیرەی پیشەسازی، ئاسایشی خۆراک و پێداویستییە ئاساییەکانی ژیانی خەڵک مسۆگەر بکەین و دڵنیابین لەوەی هیچ کاریگەریی نەرێنی و کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی نەبێت. پێم وایە ئەم پرسانە هەموو ئەو شتانەن کە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەبێت پێیاندا تێپەڕن بۆ پێشخستنی گۆڕانکاریی سەوز و گەیشتن بە ئامانجە دوو کاربۆنییەکان. پێویستە کارێکی زۆر بکەین بۆ چارەسەرکردنیان. ئامادەین ئەزموون و پراکتیکی پەیوەندیدار لەگەڵ وڵاتان، لەوانەش عێراق، بەش بکەین بۆ بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی هاوبەش، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە و تواناکانمان بەرز بکەینەوە.
رووداو: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی عێراق لە دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک کەمبوونەوەی ئاو و زیادبوونی بەبیابانبوون، ئایا هیچ دەستپێشخەرییەکی تایبەت لەنێوان چین و عێراقدا هەیە کە بتوانێت یارمەتیدەربێت؟
شیا ینگ شیان، بەڕێوەبەری بەشی وەڵامدانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وەزارەتی ئیکۆلۆجی و ژینگەی کۆماری گەلی چین: گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکی جیهانییە و پێویستە هەموو وڵاتان رووبەڕووی ببنەوە. بۆیە چین هەمیشە ئامادەبووە بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتان؛ هەروەها ئامادەین لەگەڵ عێراق کاربکەین بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەم بوارەدا، بە تایبەتی دوو وڵاتەکەمان وڵاتی گەشەسەندن و هاوبەشیی ستراتیژیین. لە هەمان کاتدا سەقامگیری دەستپێشخەری پشتێن و رێگەش دەزانین. بۆ ماوەیەکی زۆر، لە هاوکاریی باشوور و باشوور (South South Cooperation)، چین لە رێگەی هاوکاریی دوو قۆڵییەوە ناوچەیەکی نمایشی کەم کاربۆنی بنیات ناوە و پڕۆژەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەنجام دەدات و بەردەوامە.
ئێمە ساڵانە خول و ڕاهێنانی کەشوهەوا ئەنجام دەدەین بۆ باشترکردنی زانیاریی گریمانەیی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو. ئێمە ئامادەین لە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا ئاڵوگۆڕ و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو لەوانەش عێراق زیاتر بەهێز بکەین و توانای وەڵامدانەوەی رووداوە جیدیەکانی کەشوهەوا باشتر بکەین بە پێشکەشکردنی پشتیوانی. بە تایبەتی چین، پێشوازی لە بەڕێوەبەرایەتییە ژینگەییەکانی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ پابەندبوون بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی سەوزی پشتێن و رێگەوبان (Betl and Road Green Development International Alliance). پشتبەستن بە کۆنفرانسی داهێنانی سەوزی پشتێن و رێگە کە سەکۆی پەیوەندیکردنمانە و داهێنانی سەوز لەخۆدەگرێت، هەروەها هاوبەشی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لەگەڵ گەشەپێدانی سەوز، ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی باشتر و هاوکاریی لایەنی سێیەم بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی سەوز و کەم کاربۆنمان لە ژێرخانی، وزە، گواستنەوە و دارایی. هاوکات چین خولی راهێنانی پڕۆژەی هاوکاری باشوور و باشووریش لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەوەری وزەی نوێبووەوە و گەشەپێدانی سەوز و کەم کاربۆن و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هەروەها خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، هەروەها پێشوازی لە بەرپرسان یان پسپۆڕانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق دەکەین تا بێن بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانمان.
دۆنگ وان چێنگ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی پلاندانانی گەشەپێدان لە ئیدارەی وزەی نیشتمانی: باسی پرسی بەبیابانبوونت کرد. لە راستیدا چین ئەزموونی لە کۆنترۆڵکردنی بیابانبوون لە رێگەی وزەی تیشکی خۆرەوە هەیە. جگە لەوەش پەرەپێدانی وزەی نوێ کە بنەماکانی وزەی نوێ بەشێکی گرنگی پەرەپێدانی بەهێزیی وزەی نوێمانە. بەو پێیەی بیابان و بیابانەکانی گۆبی و ناوچە بیابانییەکان سەر بە غەیرە وزەن، بەهایان هەیە لە پەرەپێدانی وزەی نوێدا. ئەگەر لایەنی عێراقی هۆگری ئەمە بێت، ئێمە ئامادەین ئاڵوگۆڕی پەیوەندیدار لەگەڵ لایەنی عێراقی ئەنجام بدەین و هاوکاری لەو بوارانە بەهێزتر بکەین.