ژمارەی ئەوانەی بەهۆی لافاو لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستدا گەیشتە 205 کەس
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسپانیا رایدەگەیێنن، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەی ڤالینسیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 205 کەس؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن و بەدوایاندا دەگەڕێن.
رۆژی هەینی 1ی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجێل ڤیکتۆر، وەزیری دەوڵەتی بۆ کاروباری هەرێمەکان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا گوتی، "205 کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بێشەروشوێنن."
هاوکات جۆزێ کاتالا، سەرۆکشارەوانیی ڤالینسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، دوێنێ پێنجشەممە، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی هەشت کەسیان دۆزییەوەتەوە کە بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
تاوەکو ئێستا زیانە ماددییەکانی لافاوەکە بە تەواوەتی روون نەبووەتەوە، بەڵام لافاوەکە بووەتە هۆی ئەوەی کارەبای 155 هەزار ماڵ ببڕێت.
لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی هاووڵاتییان، 1200 کارمەندی بەرگریی شارستانی بەشدارن و بەشێک لە سوپای ئیسپانیاش لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشدارن.
پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەڵێنیدا کار لەسەر چاککردنەوەی ئەو ژێرخانانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سانچێز گوتی، "بۆ ئەو کەسانەی خۆشەویستێکیان لەدەستداوە، هەموو ئیسپانیا لەگەڵتان ماتەم دەگێڕێت."
گەشتەکانی شەمەندەفەر لە ڤالینسیا بۆ مەدرید و بارسێلۆنا هەڵوەشێندرانەوە، حکومەتیش لەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دەوامی قوتابخانەکانی راگرت.
لە هەندێک شارۆچکەی ڤالینسیا وەکو توریس، شیڤا و بینۆل نزیکەی 400 ملیمەتر باران باری و ئاژانسی کەشناسیی وڵاتەکە باری لەناکاوی راگەیاند.
هۆکاری لافاوەکە بارینی بڕێکی زۆری باران بوو کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکرد.
دەزگای کەشوهەوای ئیسپانیا دەڵێت، بارانەکە لە 28 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک بووە کە لە چەند کاژێرێکی کەمدا 304 میللیمەتر باران باریوە.