ChatGPT بە راگەیاندنی بزوێنەرێکی گەڕان هەڕەشە دەخاتە سەر گووگڵ
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای OpenAIی ئەمریکی، بزوێنەری گەڕانی بۆ ChatGPT زیادکرد کە دەتوانێت نوێترین زانیارییەکان بە شێوەی گفتوگۆ بە بەکارهێنەر بدات. واتە لەمەودوا، ChatGPT دەتوانێت وەک بزوێنەرێکی گەڕان کاربکات، کە ئەوەش بە گوتەی پسپۆڕانی تەکنەلۆجیا، دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بزوێنەری گەڕانی گووگڵ و پلەی یەکەمی لە رووی زۆرترین بەکارهێنەرەوە پێ چۆڵ بکات.
خزمەتگوزارییەکە ئێستا تەنیا لە ChatGPT Plus بەردەستە، واتە تەنیا ئەوانەی مانگانە بڕێک پارە دەدەن، دەتوانن بەکاریبێنن. بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، لە وەشانە بێبەرامبەرەکەش بەردەستبکرێت.
بە دەستەبەرکردنی ئەم تایبەتمەندییە، لە کۆتاییدا ChatGPT دەتوانێت کەلێنی نێوان خۆی و بەرنامەکانی Copilotی مایکرۆسۆفت و Geminiی گووگڵ نەهێڵێت کە ماوەیەکی زۆرە چاتبۆتەکانیان بە نوێترین زانیارییەکانی سەر ئینتەرنێتەوە بەستبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە، ئادەم فرای، سەرپرشتیاری پڕۆژەکە تایبەتمەندییەکەی بە فەرمی خستەڕوو.
بزوێنەری گەڕانەکە بە ماڵپەڕەکاندا دەگەڕێت، نوێترین زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و بە سەرچاوەوە دەیخاتە بەردەستی بەکارهێنەر.
بە گوتەی فڕای، زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە بۆ ChatGPT، پێویستی بە "تێکەڵەیەکی تەکنەلۆجیاکانی گەڕان" هەبووە، لە نێویاندا بزوێنەری گەڕانی Bingی مایکرۆسۆفت کە هاوشێوەی گووگڵە.
پێش ئەم تایبەتمەندییە، زانیارییەکانی نێو ChatGPT تەنیا تاوەکو ساڵی 2023 بوون، واتە زانیارییەکانی ئەم ساڵی تێدا نەبوون.
ChatGPT بە بەردەستکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، رکاربەرایەتیی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆجیای گەرمتر کرد.
کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتساپ، بە هەمان شێوە سەرقاڵی ئامادەکردنی بزوێنەرێکی گەڕانە کە بە ژیریی دەستکرد کاربکات. لە کاتێکدا گووگڵ بەم دواییانە لە زیاتر لە 100 وڵات ژیریی دەستکردی بۆ بزوێنەری گەڕانەکەی زیادکرد.
پێچەوانەی بزوێنەرەکەی گووگڵ، بە گوتەی فڕای، بزوێنەری گەڕانی ChatGPT لە ئەنجامی گەڕانەکاندا هیچ ریکلامێک بۆ هیچ پێگەیەک ناکات، لە کاتێکدا گووگڵ ساڵانە ملیاران دۆلاری بەو ریکلامانە دەستدەکەوێت.
بەڵام وەگەڕخستنی بزوێنەری گەڕانی ژیریی دەستکرد تێچووی زۆر زیاترە بەراورد بە بزوێنەرێکی ئاسایی وەک گووگڵ و روون نییە کۆمپانیای OpenAI چۆن بێ بەرامبەر بە بەکارهێنەرانی دەدات و پارەکەی لەکوێوە دابیندەکات.
نیکۆ فلێلیکس، گوتەبێژی کۆمپانیا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوانەی بێ بەرامبەر بەکاریدێنن، رۆژانە دەتوانن چەند جارێکی سنووردار سوودی لێ ببینن، بەڵام بۆ ئەوانەی مانگانە 20 دۆلار دەدەن، بێسنوور دەبێت.