ئیلۆن مەسک: پێویستە رێگری لە کۆچی نایاسایی بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا و ئێکس، دەچێتە نێو ئەو مشتومڕەی کە لە ئەمریکا لەبارەی کۆچی نایاساییەوە هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی رابردوو پاسەوانی سنووری ئەمریکا رایگەیاند، 260 هەزار کۆچبەری نایاساییان تۆمارکردووە کە هەوڵیانداوە لە سنووری مەکسیکەوە بە نایاسایی بچنە نێو ئەمریکا. 
 
مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "پێویستە کۆچی نایاسایی بوەستێنرێت، بەڵام من زۆر پشتگیری لە فراوانکردن و ئاسانکردنی کۆچی یاسایی دەکەم." مەسک پێیوایە، "هەرکەسێک بتوانێت بیسەلمێنێت کە ماندوونەناسانە کاردەکات، بەهرەدار و راستگۆیە، پێویستە رێگەی پێ بدرێت ببێتە هاووڵاتیی ئەمریکی."
 
رۆژی پێنجشەممەش مەسک سەردانی سنووری ویلایەتی تێکساس و مەکسیکی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە بەرپرسانی ناوچەکە بگرێت و بە گوتەی خۆی، تێڕوانینێکی "بێ فیلتەر" لەسەر دۆخەکە وەربگرێت. 
 
سەردانەکە دوای ئەوە هات کە لێشاوی کۆچبەران لە باکووری مەکسیکەوە بە شەمەندەفەر و پاس بۆ نێو سنووری تێکساس، ئەریزۆنا و کالیفۆرنیا زیادیکرد. ئەو زیادبوونە گەورەیە بە تایبەتەیش لەسەر سنووری سان دیێگۆ، کالیفۆرنیا و شارەکانی ئێل پاسۆ و ئیگڵ پاس لەسەر سنووری تێکساس رەنگیداوەتەوە. 
 
مەسک سەردانی ئیگڵ پاسی کرد، کە کۆمەڵێکی گەورەی کۆچبەرانە و ماوەی چەند رۆژێکە لە نزیک پردێک لەسەر رووباری ریۆ گراند بە نێو تەلبەندەکاندا پەڕیونەتەوە بۆ دیوی ئەمریکا. 
 
مەسک بە تیشێرتێکی رەش، کڵاوێکی رەش و چاویلکەیەکی رەشەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەخشی ڤیدیۆیی راستەوخۆی کردەوە و داوای کرد، بە شێوەیەکی "خێرا" رێگە بە "فراوانکردنی سیستمی کۆچبەریی یاسایی" بدرێت بۆ ئەوەی پێشوازی لە "کۆچبەرانی کارکەری کۆڵنەدەر و راستگۆ" بکرێت و لە هەمان کاتدا رێگری لەو کەسانە بکرێت کە "یاسا پێشێل دەکەن."
 
مەسک گوتی: "دەمانەوێت هەردوو شت بکەین، کۆچی یاسایی ئاسان بکەین و لێشاوی ئەو خەڵکەش بوەستێنین کە بەشێوەیەک گەورەیە کە خەریکە ئێمە بەرەو داڕمانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبات."
 
مەسک کە بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری ئەفریقایە، ئاماژەی بەوە کرد، خۆی لە بنەڕەتدا وەک کۆچبەر چووەتە ئەمریکا و گوتی، "لەڕادەبەر لایەنگری کۆچبەرانم."
 
مەسک لە رابردوودا، زیاتر و زیاتر قسەی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا کردووە. مانگی ئایار، لە ئێکس میوانداریی رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیای کرد کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێرکردووە. 
 
هەروەها ملیاردێرە ئەمریکییەکە مانگی رابردوو گوتی، داواکارییەکی ئۆکراینای بۆ بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتی ستارلینکی لە هێرشەکانی دژی رووسیادا رەتکردەوە و هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش کۆبووەوە، کە داوای لێکرد هاوسەنگیێک لە نێوان پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و بەرەنگاربوونەوەی رقوکینە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بپارێزێت. 
 
مەسک مانگی نیسان تویتەری کڕی و لە کۆتایی تەممووزدا ناوی گۆڕی بۆ ئێکس. مەسک بەشدارێکی کارای لە ئابووریی کالیفۆرنیادا هەیە. 
 
کۆمپانیای تێسلا کارگەیەکی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلیی کارەبایی لە شاری ئۆستن هەیە و سپەیس ئێکسیش شوێنێکی گەورەی هەڵدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی ئاسمانەوانی لە نزیک براونسڤیل لە تێکساس هەیە.