ترەمپ دەڵێت ئەو پیاوانەی رەگەزیان دەگۆڕن نابێت لە وەرزشی ژناندا بەشداربن

رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، پیاو دەتوانێت رەگەزی خۆی بگۆڕێت و دواتر لە وەرزشدا رکابەرایەتیی ژنان بکات، واتە جەستەی بەهێزی پیاوێک کە خۆی بە ژن پێناسە دەکات، دژی کەسانێک کە بە جەستەی ناسکی ژنانەوە لەدایکبوون. 
 
لە ئەمریکا منداڵان، مافیان نییە کحول بخۆنەوە تاوەکو دەبنە 21 ساڵ، چونکە هێشتا ئەقڵیان تەواو نەبووە، بەڵام لیبراڵەکان پێیانوایە، هەمان ئەو منداڵانە دەبێت ئازاد بن لە گۆڕینی رەگەزی خۆیان، بێ ئەوەی دایک و باوکیان ئاگادار بن یان بتوانن رێگرییان لێ بکەن، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئازادییان. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە دەڵێ "ئەمە ناکرێت و ناشبێت."
 
ترەمپ گوتی "ئێمە پارتێکی خاوەن ئەقڵی سەلیمین. نەریتخوازین، تەنانەت دیوارەکانیش ئەقڵی سەلیمیان هەیە. هیچ پیاوێک نابێت لە وەرزشی ژناندا بەشدار بێت، نابێت نەشتەرگەریی رەگەزگۆڕین بکرێت، ئەم شتانە، شێتانەن."
 
قسە بێ پێچ و پەناکانی ترەمپ، ئاهێک وەبەر ئەوانەدا دەهێننەوە کە پێیانوایە دەبێت "ئەقڵی سەلیم" لە دانانی یاساکاندا رۆڵی هەبێت. ترەمپ رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرێت و دەڵێت، نەیتوانیوە منداڵان و مافەکانی دایکان و باوکان بپارێزێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی "بە تەواوی پشتیوانی لە مافی دایکان و باوکان دەکەم. دایکان و باوکان منداڵەکانیان زۆر خۆش دەوێت." بەڵام هەندێ کەس پێیانوایە، ئەو شتەی ترەمپ بە "ئەقڵی سەلیم" ناوی دەبات، دژی پێشكەوتنخوازییە. 
 
جین سووهە، دژبەری ترەمپ دەڵێ "بینیمان ترەمپ دەتوانێت لە چوار ساڵدا چی بکات. بەرگەی چوار ساڵی دیکەی ناگرین. زۆر یاسای دژی هاوڕەگەزخوازان لە وڵاتدا هەن، پێویستە بجوڵێین."
 
لە ساڵی 2016 تاوەکو 2020، واتە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا نزیکەی 48 هەزار کەس لە ئەمریکا رەگەزی خۆیان گۆڕی.ئەوە پێگەیشتنی بەرهەمی سیاسەتی ئیدارەی باراک ئۆبامای لیبڕال بوو، کە دڵنیایی تەندروستی و بیمەی بۆ رەگەزگۆڕاوان دابینکردبوو. 
 
ترەمپ بەڵێنیداوە ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆک، هەموو ئەو یاسایانە هەڵدەوەشێنێتەوە.