رێپێوانێکی 24 رۆژە لە واشنتنەوە بۆ دژایەتیکردنی پەیماننامەی لۆزان دەستیپێکرد

رووداو - واشنتن
 
تۆڕی زانیاری کوردی- ئەمریکی، چالاکییەکی بەناوی "رۆیشتن لە پێناو ئازادی و شکۆداری" لە واشنتنەوە بۆ بەردەم بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەستپێکرد. رێپێوانی ئەوان بۆ دژایەتیکردنی پەیماننامەی لۆزانە کە 100 ساڵ لەمەوبەر بووە هۆی لەباربردنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی.
 
ئەندامانی تۆڕی زانیاری کوردی- ئەمریکی لە کاتێکدا ئەم چالاکییەیان دەستپێکردووە کە تەنیا سێ رۆژی ماوە بۆ جەژنی سەربەخۆیی ئەمریکا کە لە 4ـی تەمموزدایە. ئەوان بڕیارە رۆژی 24ـی تەمموز و لە 100ـەمین ساڵڤەگەڕی پەیماننامەی لۆزاندا بگەنە نیویۆرک و بچنە بەردەم بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بیرۆکەی رێپێوانەکە لەلایەن کانی غوڵام رێکخراوە.
 
رێپێوانەکە نزیکەی 24 رۆژ دەخایەنێت و کانی غوڵام، خاوەنی بیرۆکەی رێپێوانەکە لە واشنتن دی سی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەوم و رۆژی 24ـی تەممووز دەگەمە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کە هاوکاتە لەگەڵ 100 ساڵەی رێککەوتننامەی لۆزان. من ئەو پەیماننامەیە بە هەڵە دەزانم و دژی ئەو پەیماننامەیەش ئەم رێپێوانەم رێکخستووە؛ داوام ئەوەیە پرسی کورد بخرێتە بەرباس و لەم رێگەیەوە خەڵکی ئەمریکاش کورد بناسن و ئاگاداری پرسی کورد بن".
 

 

کانی غوڵام دەڵێت، "خەڵکێکی زۆر پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم چالاکییەم دەربڕیوە و هەندێکیان بۆ ماوەی دوو یان سێ رۆژ و هەیە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە رێپێوانەکەدا لەگەڵم دەبن. ئامانجی منیش لە چالاکییەکەم هەر ئەوەیە پشتیوانیی گەلی ئەمریکا بۆ پرسی کورد بەدەست بهێنم".
 
لە 24/7/1923، وڵاتانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهانی لەگەڵ تورکیا پەیماننامەیەکیان واژۆکرد کە بە پەیماننامەی لۆزان ناوبرا.
 
ئەو پەیماننامەیە لە شاری لۆزانی سویسرا و لە نێوان تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، یوگۆسلاڤیا واژۆکرا و لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی دەوڵەتی عوسمانی رێککەوتن کە ئەنجامەکەی ئەوەبوو کوردستانی بەسەر تورکیا، عێراق، ئێران و سووریا دابەشکرد.