سەرۆکوەزیرانی یۆنان: دیوارێکی پۆڵایین لەسەر سنووری تورکیا دروست دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیران یۆنان بەڵێن بە یۆنانییەکان دەدات، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەربچێت، تەواوی سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ تورکیا بە دیواری پۆڵایین دادەخات، بۆئەوەی چیدی کۆچبەران نەتوانن لە تورکیاوە بپەڕنەوە وڵاتەکەی.
 
بڕیارە رۆژی 21ی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی گشتی لە یۆنان بەڕێوەبچێت. کریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا، ئەگەر لەو هەڵبژاردنە دەنگی پێبدەن، بە درێژایی سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ تورکیا کە 212 کیلۆمەترە، دیوارێکی پۆڵایین دروست دەکات.
 
رۆژی 31ی ئاداری 2023 کریاکۆس میچۆتاکیس لەگەڵ تاکیس سیۆدۆریکاکۆس، وەزیری ناوخۆی یۆنان سەردانی ناوچەی ئێڤرۆس-ی سنووریی کرد و لە گەشتەکەیدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی گوت، لە ئەگەری دووبارە دەرچوونی لە هەڵبژاردنەکاندا، حکومەتەکەی تەواوی سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ تورکیا بە دیواری پۆڵایین دادەخات.
 
میچۆتاکیس راشیگەیاند، حکومەتەکەی تاوەکو ئێستا 37.5 کیلۆمەتر دیواری پۆڵایین بە بەرزیی پێنج مەتر دروستکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی 2012وە تەنیا 12.5 کیلۆمەتر پەرژینی سێ مەتر بەرزیی تەلبەند کراو لە دژی هاتنی کۆچبەرە سوورییەکان دروستکرابوو. تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش 30 کیلۆمەتری دیکە دروست دەکەن و تاوەکو ساڵی 2026 درێژیی دیوارەکان دەگەیێننە 100 کیلۆمەتر و لە تەواوی تەمەنی حکومەتەکەیدا هەر 212 کیلۆمەترەکە دروست دەکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی یۆنان رەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆن گرت، کە بە گوتەی ئەو، هەوڵی پەکخستنی پرۆژەکەی دەدەن. میچۆتاکیس گوتی، "ئەوان بێ ئاگان لەوەی لە سایەی ئەم 37.5 کیلۆمەتر دیوارەدا، رێگری لە هاتنی زیاتر لە 250 هەزار کۆچبەری نایاسایی کراوە." گوتیشی، "ئەگەر ئەم دیوارە نەبوایە، ئێستا ژمارەی کۆچبەرەکان لە 119 هەزار و 700 کەس زیاتر دەبوون."
 
کریاکۆس میچۆتاکیس وەکو ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو بەرگرتن لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی، بەتایبەتی سووری و ئەفغانییەکان، چەندین پڕۆژەیاسای جیاوازی پێشکێشی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپی کردووە و داوای پارەدارکردنی یۆنانی کردووە بۆ تەواوکردنی پرۆژەی دروستکردنی دیواری پۆڵایین لەسەر سنوورە وشکانییەکانی لەگەڵ تورکیا.