یەکێتیی ئەوروپا هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی تورکیا زیاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی نێوان بولگاریا لەگەڵ تورکیا و سڕبیا بۆ سێ هێندەی ئێستا زیاد دەکات. 
 
هانس لیجتێنس، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە رۆژی پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، لە دەروازەی سنووری تورکیا و بولگاریا رایگەیاندووە، لە 20ـی ئادارەوە 500 بۆ 600 ئەفسەری دیکەی فرۆنتێکس بۆ بولگاریا دەستنیشان دەکرێن. 
 
ئاژانسی هەواڵی بولگاری (بی تی ئەی) بڵاویکردەوە، لیجتێنس پێشتر لەگەڵ کالین ستۆیانۆڤ وەزیری ناوخۆی بولگاریا پێداچوونەوەی بە ڕێوشوێنەکانی سنووری بولگاریا لەگەڵ تورکیا کردووە. 
 
لیجتێنس بە ئاماژەدان بەوەی کە فرۆنتێکس "نەک تەنها سنوورەکان، بەڵکو بەهاکانی ئەوروپاش دەپارێزێت" گوتی، "پسپۆڕان لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەنێو ئەو ئەفسەرە نوێیانەدا دەبن کە لە بولگاریا دەستنیشان دەکرێن". 
 
ئاژانسەکە زۆرجار بە ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرامبەر پەنابەران لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا تۆمەتبار دەکرێت. 
 
سنووری وشکانیی بولگاریا لەگەڵ تورکیا بە درێژایی 259 کیلۆمەتر لە ساڵی 2017ـەوە تەلبەند کراوە.
 
سەرەڕای ئەم رێوشوێنانە، زۆرجار کۆچبەران سنوورەکە دەبڕن. ئەو کۆچبەرانەی نایانەوێت لە بولگاریا کە هەژارترین وڵاتی یەکێتی ئەوروپایە، ناویان تۆمار بکرێت، بە گشتی بە سڕبیادا تێدەپەڕن بۆ وڵاتانی ئەوروپای نێوەڕاست و رۆژئاوا بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری بکەن.
 
بەڕێوەبەری فرۆنتێکس بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە بولگاریا رۆڵێکی "زۆر گرنگ" دەگێڕێت لە پاراستنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، گوتی، "پشتیوانیی تەواو لە بەشداریکردنی ئەم وڵاتە لە ناوچەی شنگن دەکەین".
 
بڕیارە لە مانگی ئاداردا بولگاریا بچێتە ناوچەی شنگنەوە. بڕیاریشە لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا کۆنتڕۆڵی سنووری ناوخۆیی ئاسمانی و دەریایی لاببرێت، بەڵام سۆفیا داوای لابردنی کۆنترۆڵی وشکانیش دەکات.
 
رۆمانیا و بولگاریا کە لە ساڵی 2007 بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی "گەندەڵی و تاوانە رێکخراوەکانەوە" تاوەکو مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەژێر چاودێریی تایبەتی یەکێتییەکەدا بوون.