لە کەنەدا قەدەخەکردنی تیکتۆک لەسەر مۆبایلەکانی حکومەت جێبەجێکرا


رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی هەبوونی گومان لە دزەپێکردنی داتاکان و مەترسیی سیخوڕیکردن، حکومەتی کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی قەدەخەکرد.
 
تیکتۆک کە ئەپلیکەیشنێکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای بایت دانسی چینییە، لە ماوەی دواییدا رووبەڕووی چڕبوونەوەی چاودێریی وڵاتانی رۆژئاوا بووەتەوە، لە کاتێکدا کە ترسیان لەوە هەیە، پەکین لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە داتای بەکارهێنەران بدزێت. 
 
حکومەتی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە رۆژی سێشەممەوە ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی لەسەر هەموو مۆبایلەکانی حکومەت لابردووە. بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانە لە داهاتوویشدا رێگەی داونلۆدکردنی ئەپلیکەیشنەکەیان پێ نادرێت. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانی تەکنەلۆژیای زانیاریی کەنەدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تیکتۆک "ئاستێکی مەترسیی قبووڵنەکراوی لەسەر تایبەتمەندی و ئاساییش هەیە." 
 
ئەگەرچی "هیچ بەڵگەیەک نییە" پیشانیبدات داتاکانی حکومەتی کەنەدا بەهۆی ئەپەکەوە دزەیان پێ کراوە، حکومەتەکە هۆشداریدەدات کە "شێوازەکانی تیکتۆک بۆ کۆکردنەوەی داتا، بوارێکی گەورە بە دەستگەیشتن بە داتاکانی نێو مۆبایل دەدەن." 
 
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی رابردوو ئەپەکەی لە ئامێرەکانی خۆی قەدەخەکرد، دوای ئەوەی کە ئەمریکاش هەمان هەنگاوی نا. 
گوتەبێژێکی تیکتۆک رایگەیاند، بڕیارەکەی کەنەدا بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک "جێگەی سەرنجە"، چونکە "بێ دەستنیشانکردنی هیچ نیگەرانییەکی ئەمنیی دیاریکراو" یان بێ راوێژکردن بە کۆمپانیاکە دراوە. 
 
پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و چین لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە خراپی کردووە، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی کە لەسەر داوای ئەمریکا، کەنەدا بەڕێوەبەرێکی باڵای کۆمپانیای هواوەی لە ساڵی 2018 دەستگیرکرد، کە چین لە تۆڵەیدا دوو هاووڵاتیی کەنەدیی دەستگیرکرد.