میدیای ئەمریکی: پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر پاسداران لە عێراق و سووریا پەسند کراوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا پلانێکی پەسەندکردووە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر چەندین پێگەی سەربازی لەنێو عێراق و سووریا، لە نێویشیاندا پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران. 
 
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، هێرشەکان چەند رۆژێک لە سنووری عێراق و سووریادا بەردەوام دەبن، لە پاڵ بەئامانجکردنی پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، پێگەکانی سوپای پاسدارانیش دەکەونە بەر هێرشەکان. 
 
لە دیاریکردنی کاتی هێرشەکاندا، کەشوهەوا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، ئەمە وەک میدیاکە باسی دەکات؛ بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، وێڕای ئەوەی سوپاکەیان دەتوانێت لە کەشوهەوای نالەباریشدا هێرش بکات، بەڵام دەیانەوێت کەشوهەوا باش بێت بۆ ئەوەی لە لەنێوبردنی ئامانجەکانیاندا بەرچاویان روون بێت و خەڵکی سڤیل زیانیان بەرنەکەوێت کە رەنگە تا دوایین ساتیش لە نزیک ئەو شوێنانە بمێننەوە. 
 
هێرشە پلان بۆ دانراوەکان لە وەڵامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگریی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دێت لە ناوچەکە کە رۆژی یەکشەممە، یەکێکیان لە ئوردن بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی لانیکەم 40ی دیکە. 
 
لەو کاتەوەی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی لە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا رادەگرێت، هیچ هێرشێکی نوێ نەکراوەتە سەر پێگە ئەمریکییەکانی عێراق، باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان یان ئوردن.