لەمەودوا خەڵکی کۆسۆڤۆ بێ ڤیزە دەتوانن سەردانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمڕۆوە، دانیشتووانی کۆسۆڤۆ دەتوانن بێ ڤیزە سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن.
هاووڵاتییانی کۆسۆڤۆ ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێیان دەکرد، مەرجی هەبوونی ڤیزە لە کاتی گەشتکردنیان بۆ یەکێتیی ئەوروپا، لاببرێت. ئەمڕۆ، واتە لە یەکەمین رۆژی ساڵی 2024، مەرجەکە لابرا.
بە گوێرەی ئەو رێککەوتنی نێوانیان، هاووڵاتییانی کۆسۆڤۆ دەتوانن، لە هەر 180 رۆژێکدا، بۆ ماوەی 90 رۆژ بێ ڤیزە لە ناوچەی شنگن بمێننەوە.
کۆسۆڤۆ کە ژمارەی دانیشتووانەکانی 1.8 ملیۆن کەسە، دوایینی شەش وڵاتەکەی رۆژئاوای بەلقان بوو کە چاوپۆشیی ڤیزەی لێ بکرێت.
لە پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆ، پێشهاتەکە وەک هەنگاوێک دەبینرێت بەرەو بەئەندامبوونی تەواوەتیی وڵاتەکە لە یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتێک کە لە ساڵی 2008 سەربەخۆیی وەرگرتووە.
بە گوێرەی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2018ـدا هەموو مەرجەکانی ئەوەی تێدابوو کە ببێتە ئەندامی ناوچەی شنگن، لەوانەش لێهاتوویی لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی بەرووی کۆچبەراندا.
بەڵام فەرەنسا و هۆڵەندا بوونەتە رێگر لە بەردەم پەسەندکردنی بەئەندامبوونی، چونکە نیگەرانن لەوەی شەپۆڵێکی نوێی کۆچبەران سەرهەڵبدات. بەڵام ئەو دوو وڵاتانە بە تەنیا نین، بەڵکو قوبرس، یۆنان، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و ئیسپانیا، لە بنەڕەتەوە دان بە سەربەخۆبوونی کۆسۆڤۆ لە سربیا دانانێن.
پێش ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا مەرجی ڤیزە بۆ کۆسۆڤۆییەکان لاببات، دەیانتوانی بێ ڤیزە تەنیا سەردانی چواردە وڵاتی سەرانسەری جیهان بکەن.
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، حکومەتی کۆسۆڤۆ دەستی بە هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کردووە و داوای لە خەڵکەکەی کردووە کە ئازادیی گەشتکردن بۆ یەکێتیی ئەوروپا خراپ بەکارنەهێنن و بۆ کارکردن لەوێ نەمێننەوە.