لە شارەکانی رۆژهەڵاتی رووسیا هۆشداریی دروستبوونی تسۆنامی دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی ژاپۆن، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی رووسیاش هۆشداری لە دروستبوونی تسۆنامی درا. 

لە دوورگەی ساخالاین-ی رووسیا کە دەکەوێتە نزیک ژاپۆن و شاری رووسیی ڤلادیڤۆستۆک لە زەریای هێمن، هۆشداری دەدرێت کە شەپۆڵەکانی دەریا بەرزبنەوە و بچنە نێو شارەکان. 
 
هۆشدارییەکە دوای ئەوە هات کە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر ژاپۆنی هەژاند، کە بوو هۆی ئەوەی شەپۆلی دەریا بچێتە نێو یەکێک لە شارەکانی. هەروەها هۆشداریی دروستبوونی تسۆنامی گەورەتر لە شوێنەکانی دیکە دەدرێت. 
 
ساخالین دوورگەیەکی باریکی رووسیە لە باکووری ژاپۆن و ڤلادیڤۆستۆکیش دەکەوێتە سەر زەریای هێمن لە نزیک ژاپۆن. 
 
دامودەزگاکانی ساخالین رایانگەیاند، دەکرێت شەپۆڵەکانی تسۆنامی بگەنە کەناری رۆژئاوای دوورگەکە، بەڵام جەختیان کردەوە کە نابنە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ژیانی خەڵکی دوورگەکە و پێویست بە چۆڵکردنی ناکات. 
 
دامودەزگاکانی دوورگەکە داوایان لە خەڵکەکە کرد، "ئارام بمێننەوە."
 
فەرمانگە فریاگوزارییەکان رایانگەیاند، "بەشەکانی کەناری رۆژئاوای ساخالین دەکرێت بکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆڵەکانی تسۆنامی. لەم کاتەدا، دانیشتووان ناگوازرێنەوە، چونکە بەرزیی پێشبینیکراوی شەپۆڵەکان لە 50 سانتیمەتر زیاتر نییە." 
 
پێشبینی دەکرێت شەپۆڵەکان بگەنە کەناری باشووری دوورگەکە. شاری ڤلادیڤۆستۆکیش هۆشداریی دروستبوونی تسۆنامی دا. 
 
دامودەزگەکانی شارەکە رایانگەیاند، "ماسیگران و هەموو ئەوانەی پلانیان هەیە بچنە نێو دەریا، پێویستە دەستبەجێ بگەڕێنەوە کەنارەکان."
 
هەروەها باسیان لەوە کرد کە پێشبینی دەکەن شەپۆڵەکان 30 سانتیمەتر بەرزبنەوە.