نهێنی سەرکەوتنی فلیک لەو وەرزەدا چییە؟

رووداو دیجیتاڵ

پرسیارێک لەوەتەی هانز دیتەر فلیک ئەرکی راهێنانی بارسێلۆنای وەرگرتووە، لە هزری هاندەرانی بارسێلۆنا و وەرزشڤاناندا دروست بووە، ئایا هۆکار چییە فلیک بەکۆمەڵێک ئەستێرەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا شکستیهێنا، بەڵام بەکۆمەڵێک گەنج و سەرەڕمێکی بەتەمەن هەمووان رادەماڵێت.
 
فلیک لە نێوان 2021 تاوەکو 2023 راهێنەری مانشافت بوو، شکستی لە مۆندیالی قەتەر بووە کۆتایی ئەرکەکەی لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە، بەڵام ساڵێک دوای ئەو ئەرکەی، ئەمجارە ئەرکی ماڵێکی رووخاوی وەرگرت و بەخێرایی نۆژەنی کردەوە و ئێستا قسەی سەر زاری هەمووانە.
 
لۆتەر ماتیوس، ئەستێرە و ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا سەرەداوی هۆکاری شکستی فلیک لەگەڵ مانشافت و سەرکەوتنی لەگەڵ بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات.
 
ماتیوس بۆ رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی قسەی کردووە و پەسنی کارەکانی فلیک دەدات و دەڵێت "زۆر گرنگە بۆ هانزی کە رۆژانە پەیوەندی لەگەڵ یاریزانان هەبێ، ئەوە رێگەی دەداتێ متمانە دروست بکات لە رێگەی گفتوگۆی رۆژانە، ئەو بەمشێوەیە دەزانێت چ لە هزری یاریزاناندایە، ئەوە یارمەتی دەدات بەگوێرەی بیرکردنەوەی ئەوان کارەکانی بکات و بەوردییەوە کار لەسەر پلانەکانی بکات".
 
ماتیوس نهێنییەکی دیکە فلیک ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هانزی زۆر ئارەزووی وردەکاری دەکات و دەچێتە بنج و بناوانی کارەکان، ئینجا راهێنان لەسەر کارەکان دەکات و جێبەجێیان دەکات، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی کاتێک لە شەش هەفتە یەک یان دوو یاریت هەیە ناتوانی ئەوە بکەی".
 
ماتیوس هاوڕایە کە هانزیش هەڵە دەکات بەتایبەت لە گۆڕانکاری و رێکخستنەوەدا، بەڵام دەڵێت "لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا خەریکی هەندێک کاربوو بەرپرسیارێتی ئەو نەبوو، مەبەستم ئەو قسە و مشتومڕە سیاسییانە بوو کە لەئارادابوون، لەوانە بەستنی نیشانەی کاپتنی بە ئاماژەی پەلکەزێڕینە (پشتیوانی هاوڕگەزخوازان)، هەروەها بێرن نوێندۆرف سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا و ئۆلیڤەر بێرهۆڤ بەرگریان لێ نەکرد".
 
ماتیوس هەروەها دەڵێت "هانزی بەشێوازی 4-2-3-1 یاری دەکات، ئەو شێوەیەی لیڤاندۆڤسکی پێی ئاشنایە لە بایرن، هەروەها کۆمەڵێک گەنجی وەک یامال و پێدری گوێی لێدەگرن، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە بۆ فلیک".
 
پێش چەند رۆژێک مارک کاسادۆ بەهەمانشێوە باسی لەوە کرد کە خەریکبوو بارسێلۆنا جێبێڵێت لە هاوینی رابردوودا، بەڵام ستافی راهێنەران پێیانگوت گەشتی ئەمریکا دەرفەتە بۆ خۆسەلماندنت و راهێنەر تاقیتدەکاتەوە، پاشان فلیک چووەتە لای و پێیگوتووە ئایا بوێری ئەوەت هەیە لە تیپی یەکەم یاری بکەی؟ کاسادۆ دەڵێت، پێبگوت هیچ گومانت لە بوێریم هەیە؟ فلیک پێیگوتووە ئافەرین لە تاقیکردنەوە دەرچووی.
 
ئەمانە دەری دەخەن کە فلیک زۆر حەزی لە گفتوگۆ و تێگەیشتنە لە یاریزانان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی داهاتوو فلیک لە گەڕی دوانزدەی لالیگادا لە دێربیی کەتەلونیا بەرامبەر ئیسپانیۆل یاری دەکات و چاوی لە بردنەوەی یازدەم یارییە، پاش سەرکەوتنە گەورەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە کلاسیکۆدا، کە 4-0 براوەبوو.