لە جامی جیهانی نیشانەشکێنیدا.. 2 مەدالیای زێڕ بۆ 2 وەرزشڤانی کورد

رووداو دیجیتال

دوو وەرزشڤانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران، بەشداریان لە لە جامی جیهانی نیشانەشکێنیدا کرد و دوو مەدالیای زێڕیان بەدەستهێنا.

لە کرواتیا جامی جیهانی نیشانەشکێنی بە ئامادەبوونی 520 نیشانەشکێن لە 47 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت، کە دوو وەرزشڤانی کوردی خەڵکی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بەشدارییان لە جامی جیهانییەکەدا کردووە و توانیان میدالیای زێڕ بەدەستبێنن. 

ئارمینا سادقیان، کە خانمە یاریزانێکی هەڵبژاردەی نیشانەشکێنی ژنانی ئێرانە، بە بەدەستهێنانی 625.5 خاڵ توانی مەدالیای زێڕ بەدەستبێنێت. هەروەها جەواد فروغیش لە بەشی دەمانچەدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.

جامی جیهانی نیشانەشکێنی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە ئێران چەندین وەرزشوانی بەتوانای کورد هەن، کە لە یارییە وەرزشییە جیاجیاکاندا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن و لەسەر ئاستی یارییە تاکەکەسییەکان و یارییە بەکۆمەڵەکانیشادا ناوی دیارن و لە بۆنە و خول و پاڵەوانێتییە جیاجیاکاندا، لەسەر ئاستی کیشوەری و جیهانیدا یاریی بۆ تیپ و یانە و هەڵبژاردەکانی ئێران دەکەن.