وریا غەفووری بە ناچاری ئیستقلالی تارانی جێهێشت

 
رووداو دیجیتاڵ

وریا غەفووری یانەی ئیستقلالی تارانی جێهێشت و لایەنگرانی ئەو یانەیە دژی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی کاپتنی یانەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
 
رۆژی سێشەممە مۆڵەتی گرێبەستی وریا غەفووری لەگەڵ یانەی ئیستقلالی تاران کۆتاییهات و یانەکە ئامادەنەبوو بۆ نوێکردنەوەی گرێبەست پەیوەندی بەو یاریزانە کوردەوە بکات، ئەوەش لەکاتێکدابوو لە خولی رابردووی پلە نایابەکانی ئێران، ئیستقلال بووە پاڵەوانی خولەکە.
 
میدیا وەرزشییەکانی ئێران رایانگەیاندووە، ئیستقلال بە فەرمی هیچ لەبارەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی کاپتنی یانەکە ناڵێت، بەڵام دەستەی بەڕێوەبەری و بەتایبەت بەڕێوەبەری گشتیی یانەکە، کە کەسێکی سەربازییە و ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسدارانە، دژی نوێکردنەوەی گرێبەستی وریا غەفوورین بەهۆی ئەو هەڵوێستانەی ئەو یاریزانە بۆ پشتگیریکردن لە خەڵکی ناڕازی ئێران لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەیبووە.
 
ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی یانەی ئیستقلال لە تاران، ژمارەیەک لە لایەنگرانی ئەو یانەیە گردبوونەوە و دژی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی وریا غەفووری درووشمیان بەرزکردەوە. هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەتایبەت تویتەر، لایەنگرانی ئەو یاریزانە بە تویتی "وریا تەنیا نییە" پشتگیری خۆیان بۆ غەفووری راگەیاند.
 
وریا غەفووری 34 ساڵ، دوای تەواوبوونی خولی پلە نایابەکانی ئێران رایگەیاند، بێ مەرج ئامادەیە لە ئیستقلالدا بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانەکە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پەیوەندییان پێوە نەکرد. لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەگەری زۆرە وریا غەفووری بچێتە ریزی یانەی فولادی خوزستان.