ئامەدسپۆر داوا دەکات رێوشوێنی پێویست بەرامبەر هێرشکارانی سەر 'هەواداران'ی بگیرێتەبەر
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای نەوشەهیری تورکیا هێرشکرایە سەر لایەنگرانی ئامەدسپۆر و 3 کەس برینداربوون. ئامەدسپۆر سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و داوای سزادانی هێرشکارەکان دەکات.
رووداوەکە لە شارۆچکەی ئورگوپ روویدا و چەند هاووڵاتییەکی تورک بە دەمانچە، دار و بەرد و ئاسن هێرشیانکردە سەر چەند کرێکارێکی خەڵکی ئامەد کە لایەنگری ئامەدسپۆرن؛ لە ئەنجامدا 3 کەس برینداربوون و یەکێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
یەکێک لە کرێکارەکان بە گوللە؛ یەکێکیان بە چەقۆ و ئەوی دیکەیان بە ئاسن برینداربووە.
یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەختە؛ یەکێکی دیکەیان برینەکەی سەخت نییە، بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانەیە و ئەوی دیکەش چارەسەری وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە.
ئامەدسپۆر لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکە شەرمەزاردەکات و دەڵێت، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکەن.
ئامەدسپۆر دەڵێت، "ئەم جۆرە هێرشانە ئاشتی کۆمەڵایەتی و کولتووری پێکەوە ژیان دەکەنە ئامانج"؛ هەروەها داوای دەستبەسەرکردن و سزادانی هێرشکارەکان دەکات.
هاوکات عەزیر ئەلئاڵدی، سەرۆکی ئامەدسپۆر لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم هێرشە، بگرنەبەر و دادپەروەری جێبەجێ بکرێت".