لیۆنێل مێسی کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا دادەمەزرێنێت


رووداو دیجیتاڵ

مێسی دەچێتە نێو بواری وەبەرهێنان لە تۆپی پێدا و کۆمپانیایەک لەو بوارە دادەمەزرێنێت. دەشڵێت، خۆشحاڵە بە کارکردن لەگەڵ خاوەنکارە "بوێرەکان."
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لە بواری وەرزش و میدیا و تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیهاندا دادەمەزرێنێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کۆمپانیای "پلەی تایم سپۆرت تێک" کە بنکەکەی لە سانفرانسیسکۆیە، دەبێتە ئامرازی سەرەکی وەبەرهێنانی مێسی. کۆمپانیاکە بەدوای دەرفەتی وەبەرهێنانی "بێلایەن"دا دەگەڕێت، کە رەنگە بۆ نموونە هاوکاریکردنی کۆمپانیا تازە دامەزراوەکان بکات لە بونیادنانی کۆمپانیای تەکنەلۆژیی تۆپی پێ یان وەبەرهێنان لە تیمەکانی تۆپی پێ.
 
مێسی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "من زۆر خۆشحاڵم کە رەگەکانمان بۆ ناوچەی سیلیکۆن ڤالی درێژ دەکەینەوە، هەروەها زۆر خۆشحاڵم کە پلەی تایم هاوئاهەنگی لەگەڵ خاوەنکارە بوێرەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات".
 
پلەی تایم لەلایەن کۆمپانیای رازمیگ هۆڤاگیمیان، هاوبەش لە کۆمپانیای گراف ڤێنجەرز بۆ وەبەرهێنان بەڕێوەدەبرێت. مایکل مارکێز، هاوبەشی دامەزرێنەری بانکی وەبەرهێنانی کۆد ئەدڤایزەرس، دەبێتە راوێژکاری تایبەتی کۆمپانیاکە.
 
هەروەها هۆڤاگیمیان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی تۆپی پێی Matchday.com کە پلەی تایم یەکەم وەبەرهێنەرە تێیدا و پلانی هەیە پێش دەستپێکردنی جامی جیهانیی ساڵی 2022 لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دەست بەکارەکانی بکات. 
 
هەروەها کۆمپانیاکە پشکی لە کۆمپانیای ئەی سی مۆمێنتۆش هەیە، کە کۆمپانیایەکی تازەیە لە بواری تەکنەلۆژیای تۆپی پێدا.
هۆڤاگیمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لەو کاتەوەی کە لە ساڵی 2017ـدا لیۆنێل مێسی و بنەماڵەی مێسیم ناسیوە، دیاربووە کە دیدگەیان بۆ داهاتوو بوێرانەیە، ئەوان دەیانەوێت بەردەوام بن لە کاریگەریی راستەوخۆ و بەردەوام لەناو یاریگە و دەرەوەی یاریگە".
 
بەڵام راگەیێندراوەکە باسی لەو قەبارەیە نەکردووە کە دەخرێتە نێو وەبەرهێنانەوە.