راهێنەری یانەی ئیستقلالی تاران لە قەدەخەکردنی وێنەی وریا غەفووری هاتە دەنگ


رووداو هەولێر 

راهێنەری یانەی ئیستقلالی تاران دژی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنەی وریا غەفووری، کاپتنی یانەکە لە میدیای فەرمیی ئێران ناڕەزایەتیی دەردەبڕێت و دەڵێت، تاوەکو کۆتایی بەوە نەهێنن، ئەویش ئامادەنییە قسە بۆ میدیای ئێران بکات.
 
فەرهاد مەجیدی، راهێنەری یانەی ئیستقلالی تاران، رۆژی هەینی 20-05-2022 دوای تەواوبوونی یاریی یانەکەی لەگەڵ یانەی ئەراک، ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانی میدیای فەرمیی ئێران بداتەوە و گوتی، دەبێ روونی بکەنەوە بە چ مافێک وێنەی کاپتنی یانەکەی لە میدیای ئەو وڵاتە بڵاو ناکرێتەوە.
 
فەرهاد مەجیدی دەڵێت، وەڵامی میدیای ئێران ناداتەوە تاوەکو کۆتایی بەو کارە نەهێنن.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە یاریزان و کەسانی ناسراو و خەڵکی ئاسایی دژی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی وریا غەفووری لە میدیای ئێران هەڵوێستیان هەبووە و هاشتاگێک بەناوی "وریا تەنیا نییە" رێکخراوە و پشتگیری لەو یاریزانە کوردە دەکەن.
 
شەوی دووشەممە لە کەناڵی سێی ئێران بەرنامەیەکی وەرزشی لەبارەی بەدەستهێنانی ناسناوی پاڵەوانێتیی خولە نایابەکانی ئێران لەلایەن ئیستقلالی تارانەوە بڵاوکرایەوە و وێنەی یاریزانەکانی ئەو یانەیە لەکاتی قسەکردنی میوانەکان لەسەر شاشەکانی ستۆدیۆ پیشاندرا، بەڵام وێنەی وریا غەفووری، کاپتنی یانەکەی تێدا نەبوو. 
 
دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی وریا غەفوری لە میدیای فەرمیی ئێراندا قەدەخەکراوە، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستەکانی لە پشتگیریکردن لە خەڵکی ناڕازیی ئێران.