کریستیانۆ رۆناڵدۆ پیرۆزبایی لە یاریزانێکی کورد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

عەگید کابایەل، بۆکسێنەری کورد کە لە یاری پاڵەوانێتی جیهانی بۆکسێنی کێشی قورس نوێنەرایەتی ئەڵمانیای دەکرد، لە رکابەرە کوباییەکەی بردەوە. کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێ چووە سەر رینگ و پیرۆزبایی لە عەگید کرد.
 
عەگید کابایەل بە رەچەڵەک خەڵکی شارۆچکەی پازارخ ـی سەربە پارێزگای مەڕەش ـی باکووری کوردستانە. لە یاری پاڵەوانێتی جیهانی بۆکسێنی کێشی قورس، مێژووی تۆمارکرد. 
 
عەگید، کە رۆژی شەممە 18ـی ئایار 25ـەمین یاریی کرد، رووبەرڕووی سانچێز بۆکسێنەری کوبایی بووەوە و یارییەکەی لێ بردەوە.
ئەو بۆکسێنەرە کوردە لە 25 یاریدا بەبێ دۆڕان سەرکەوت و خۆی بۆ ریکۆردی جیهانی بەربژێر دەکات.
 
سەرکەوتنی عەگید بەرامبەر سانچێز، جۆش و خرۆشی خستە نێو هەوادارانی. "بەڵێ بۆ هێزی کورد" لە هۆڵی یاری دەنگی دایەوە. 
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێ لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە تەماشاڤانی یارییەکە بوو. رۆناڵدۆ دوای یارییەکە چووە سەر رینگ و پیرۆزبایی لە عەگید کابایەل کرد.
 
رۆناڵدۆ کە ئێستا لە خولی تۆپێی سعودیە یاری دەکات، وەرگێڕەکەی کوردە، ئەویش مەحموود حەنانە، کە خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، لە شارۆچكەی راجۆ لەدایکبووە، بێجگە لە زمانی کوردی، بە زمانەکانی ئینگلیزی، کرواتی، سڕبی، ئیسپانی، رووسی، عەرەبی و بۆسنی قسە دەکات. 
 
عەگید کابایەل کێیە؟
 
عەگید کابایەل لە 23ـی ئەیلوولی 1992 لە شاری لیڤەرکوزن- باکووری راین- وێستفالیا لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. بنەماڵەکەی لە شارۆچکەی پازارجخ ـی مەڕەشەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا. کابایەل یاریزانێکی بۆکسێنی پیشەگەرە لە ئەڵمانیا. لەسەر ئاستی ناوچەیی بەشداری لە چەندین پاڵەوانێتی کێشی قورسدا کردووە، لەنێویاندا پاڵەوانێتی ئەوروپا لە ساڵی 2017 تاوەکو 2019. بە بردنەوەی لە رکابەرە کوباییە سەختەکەی لە نازناوی نەدۆڕان نزیک بووەتەوە.