ئامەدسپۆر 9 یارییە نەدۆڕاوە؛ یاریی ئەمجارەی لە یوتیووب پەخش دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

یانەی ئامەدسپۆر کە پێشەنگی لیگی دووەمی تورکیایە و 9 یارییە نەدۆڕاوە، رۆژی یەکشەممە میوانداریی یانەی ئارناڤوتسپۆر دەکات؛ پلیت بۆ ژنان و منداڵان بەخۆڕاییە و یارییەکەش لە چەناڵی یوتیووبی خۆیدا پەخش دەکات.
 
پلیتی یاری بۆ ژنان و منداڵان بەخۆڕاییە و یارییەکە لە یوتیووب پەخش دەکرێت.
 
ئامەدسپۆر لە نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکات، لە کۆی ئەو 9 یارییەی کە نەدۆڕاوە، 5 یاریی بردووەتەوە و ئەوانی دیکەش یەکسان بووە.
 
لەو یارییانەدا 19 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 3 گۆڵی لێ تۆمارکراوە. 
 
ئامەدسپۆر ئێستا بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ لە 27 یاریدا، پێشەنگی کۆمەڵەی سووری یانە پلەدووەکانی تورکیایە کە لیگی دووەمی پێدەڵێن. 
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 10-3-2024، میوانداریی یانەی ئارناڤوت کۆی بکات. کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە پلیت بۆ ژنان و منداڵان بەخۆڕایی بێت. 
 
هاوکات ئەو یارییە لە چەناڵی یوتیووبی (ئامەدسپۆر) بە شێوەی راستەوخۆ پەخش دەکرێت. 
 
یارییەکە کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت. 
 
کارگێڕیی ئامەدسپۆر بەردەوامە لە هاندانی جەماوەرەکەی بۆ ئەوەی لە یاریگە و دەرەوەش بە باشترین شێوە هانی یانەکە بدەن. 

 

یانەی ئامەدسپۆر لە یاریی بەرامبەر یانەی کارامان کە 4-1 سەرکەوت، بە هەمان شێوە ژمارەیەکی زۆری پلیتەکانی یاریی لە نێو ئامەد بەسەر خەڵکیدا دابەشکرد. 
 
لەم یارییەشدا دەیەوێت 3 خاڵ بەدەست بهێنێت و لەسەر کورسیی پێشەنگ بمێنێتەوە.
 
ئامەدسپۆر دەکەوێتە کۆمەڵەی سووری لیگی یانە پلە دووەکانی تورکیا و لەم وەرزەدا 27 یاریی کردووە؛ تەنیا لە دوو یاریدا بەرامبەر یانەکانی کاستامۆنوسپۆر و مەنەمەن دۆڕاندوویەتی، هەروەها لە هەشت یاریدا یەکسان بووە و 17 یاریشی بردووەتەوە. 
 
گرووپی سوور و گرووپی سپی چین؟
 
لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەکان بەسەر دوو گرووپ دابەشکراون کە 19 یانە لە گرووپی سوورن و 19شیان لە گرووپی سپین. 
 
ئەو یانانە تا کۆتایی خولەکە بە شێوازی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و بەگوێرەی کۆی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی گرووپەکەدا شوێن دەگرن.  
 
ئامەدسپۆر نزیکە لە گەیشتن بە خولی پلە یەکەکانی تورکیا
 
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی. 
 
ئەم دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا. هەروەها دووەمەکانی هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان. 
 
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ رکابەرییەکی تووند لەسەر ئەوە دەکات خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا. 
 
ئەگەر بەمشێوەیە لە پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە، راستەوخۆ دەچێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
 
ئامەدسپۆر رکابەری لەسەر گۆڵکاریش دەکات
 
بەرک ئیسماعیل ئونساڵ، یاریزانی ژمارە 14ی یانەی ئامەدسپۆر بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ، دووەمی ریزبەندیی گۆڵکارانی کۆمەڵەی سوورە. 
 
بەکر توراچ بۆکە، یاریزانی یانەی دەنیزلی سپۆر بە تۆمارکردنی 15 گۆڵ پلەی یەکەمی گرتووە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە یانەی دەنیزلی سپۆر لە پلەی 18ی ریزبەندییەکەدایە و مەترسیی گەورەی دابەزینی بۆ خولی یانە پلە سێیەکانی لەسەرە. 
 
دەنیزلی سپۆر لە 28 یاریدا 24 خاڵی کۆکردووەتەوە. یاریزان ئۆکان ئەکەن لە یانەی کاستامۆنو سپۆر بە 13 گۆڵ لە پلەی سێیەمە. 
 
هەردوو یاریزانی یانەی مەنەمەن سپۆر کەمال روزگار و یوسف تورک بە 11 گۆڵ لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمن.
 
یانەی وان دووەمی گرووپی سپییە
 
لە گرووپی سپیی یانە پلەدووەکانی تورکیاش هەمان رکابەری هەیە. یانەی وان بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی سپییە. 
 
یانەی ئەسەنلەر ئەرۆک 63 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە. هەرچیی یانەی دیاربەکر سپۆرە لە پلەی حەوتەمی کۆمەڵەی سپییە و لە 27 یارییدا 40 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر
 
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
 
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
 
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا. 
 
ئەو یانەیە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی؛ وەرزی 2013-2014 لە نیو پلیتی بۆ خولی پلە دوو بەدەستهێنا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئاڵانیاسپۆر دۆڕا و لە خولی پلە دوو مایەوە. 
 
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر. 
 
سەرەتا دژایەتیی زۆری ئەو یانەیە کرا و بەهۆی ناوەکەیەوە گوشاری زۆری لەسەر دروستکرا، بەڵام دواتر پەسندکرا. ئەگەرچی تا ئێستاش لە یارییەکانی ئامەدسپۆر زۆربەی جار گرژی و پشێوی دروستدەبێت.