جامی کەنداو دەبێتە هۆی دروستبوونی نیگەرانیی ئێران بەرامبەر عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

ناوهێنانی جامی کەنداو بە "جامی کەنداوی عەرەبی" لە لایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقەوە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئێران دروست دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "کەنداوی فارس هەر بە کەنداوی فارس دەمێنێتەوە"؛ دەشڵێت، بە فەرمی ناڕەزایی خۆیان لەوبارەیەوە بە عێراق گەیاندووە. 
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 9-1-2023 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیەوە هەڵوێستی هەبووە. کەنداوی فارس هەر کەنداوی فارسییە و هیچ شتێکیش بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئەم راستییە مێژووییە بگۆڕێت."
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جامی کەنداو لە بەسرە کە هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان، یەمەن، بەحرێن، کوێت، قەتەر و ئیمارات تێیدا بەشدارن، ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتیی دیاری سیاسیی عێراق، لە نێویاندا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەر و راگەیێندراوەکانیاندا جامی کەنداویان بە جامی کەنداوی عەرەبی ناوبرد، ئەوەش ئێرانییەکانی توڕە کرد. 
 
پەرلەمانی ئێران رۆژی یەکشەممە 8-1-2023 رەخنەی لە ناوبردنی جامەکە بە "جامی کەنداوی عەرەبی" گرت و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانیش داوایان کرد بەرپرسانی عێراق داوای لێبوردن لە ئێران بکەن. 
 
پەرلەمانتارێک بە ناوی عەلی رەزا سەلیمی گوتی: "کەنداوی فارس هەر کەنداوی فارسە و هەر کەنداوی فارس بووە و هەر بە کەنداوی فارسیش دەمێنێتەوە؛" گوتیشی: "دەمەوێت ئەو کەسانەی لە وڵاتانی عەرەبی ناوی ساختەی کەنداوی عەرەبی بەکاردەهێنن بڕۆن مێژوو بخوێننەوە."
 
هاوکات پەرلەمانتاران وەلیوڵڵا بەیاتی، موعینەدین سەعیدی و ئەحمەد نادری وڵاتانی عەرەبییان بە "چەواشەکردنی مێژوو" تۆمەتبارکرد. 
 
بەیاتی داوای لە محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و موقتەدا سەدر کرد داوای لێبوردن بکەن بەهۆی ناوبردنی کەنداو بە کەنداوی عەرەبی. 
 
سوودانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و گوتی، رووداوە وەرزشییەکە دەرخەری یەکگرتوویی "برایانی عەرەب و کەنداوە."
 
رۆژی 5-1-2023ش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا نووسی: "میوانە عەرەبە بەڕێزەکان لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، سڵاوتان لێ بێت." 
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، نامەیەکی ناڕەزایی دەدەنە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ - فیفا لەسەر ناونانی جامی کەنداو بە "جامی کەنداوی عەرەبی." 
 
جامی کەنداو لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە لە ساڵی 1970 بە جامی کەنداوی عەرەبی ناوبردراوە. ئێران هەرگیز تێیدا بەشدار نەبووە. 
 
وێڕای ئەوەی کە ئێران هەوڵ دەدات لای فیفا سکاڵا تۆماربکات، جامی کەنداو لەلایەن فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەکەوە بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە.