ئامەدسپۆر بە کەس راناگیرێت

رووداو دیجیتاڵ 

تیمی ئامەدسپۆر کە لە خولی دووەمی تۆپی پێی تورکیادا یاری دەکات، میوانداریی ئەتیمەسگوت بەلەدیێسپۆری رکابەرەکەی کرد و یارییەکەی بردەوە. هاندەرانی تیمەکە لە هەموو چین و توێژەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە پاڵپشتییان لە تیمەکەیان کرد. 
 
بە هەزاران کەس بۆ تەماشاکردنی پێشبڕکێی ئامەدسپۆر روویان لە یاریگە کرد. هاندەرانی ئامەدسپۆر پێش دەستپێکردنی یارییەکە، متمانەیان بە تیمەکەیان هەبوو. 
 
نووروڵلا ئاشووت، هاندەرێکی ئامەدسپۆرە و دەڵێت، "ئومێدەوارین ئەم یارییە بباتەوە." رەجەب یاماچ، هاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە ئەم ساڵ پاڵەوانین، کەس لێمان ناباتەوە." 
 
دوای ئەوە یارییەکە دەستیپێکرد، هاندەرانیش بە جۆش و خرۆشەوە پاڵپشتییان لە ئامەدسپۆر کرد. ئامەدسپۆر یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە تیمە رکابەرەکەی بردەوە. 
 
لەدوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، هاندەرانی ئامەدسپۆر بە دڵخۆشی و سێ خاڵ بۆ تیمەکەیان یاریگەکەیان جێهێشت. هاندەران بڕوای تەواوەتییان هەیە کە ئەم ساڵ ئامەدسپۆر دەبێتە پاڵەوان. 
 
سەرهەنگ چالینگ، هاندەرێکی تیمەکەیە، دەڵێت، "ئامەدسپۆر یارییەکی زۆر جوانی کرد. هیوامان ئەوەیە ئامەدسپۆر بگاتە سووپەرلیگ." هاندەرێکی دیکە دەڵێت، "هوای سەرکەوتنبۆ ئامەدسپۆر دەخوازین و تاکۆتایی هاندەری دەبین." 
 
کچ، کوڕ، منداڵ و ماڵباتەکان تیمەکەیان بە تەنیا جێنەهێشت و دڵخۆشیی خۆیانیان بە بردنەوەی دەربڕی. کچە هاندەرێک دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ خێزانەکەمان هاتین بۆ تەماشاکردنی یارییەکە. یارییەکی زۆر خۆش بوو. بانگی هەمووان دەکەین بێن بۆ تەماشاکردنی." 
 
هاندەرێکی دیکەی تیمە کوردەکە دەڵێت، "داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین ببنە هاندەری ئامەدسپۆر، نەک هاندەری ئیستەنبووڵ، با بێتە پاڵ وڵاتەکەی." 
 
لەدوای یارییەکە، ئامەدسپۆر بە 29 خاڵ جارێکی دیکە بووەوە پێشەنگی خولەکە. لەنێوان ئەو و نزیکترین رکابەری، چوار پۆینت جیاوازیی هەیە. ئەگەر ئامەدسپۆر ببێتە پاڵەوان، دەچێتە خولی پلە یەکی تورکیاوە.