هاندەرانی بورسا سپۆر بۆ یاریزانانی ئامەد سپۆر: چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت تورکم

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری بورسای تورکیا چەند درووشمێکی رەگەزپەرستانە بەرامبەر یاریزانانی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر گوترایەوە.
 
کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆی یەکشەممە 5ی ئاداری 2023 یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە خولی دووەمدا لە شاری بورسا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. لەو چوارچێوەیەدا یاریزانانی ئامەدسپۆر شەوی رابردوو چوونە پارێزگای بورسا و لە هۆتێلێکدا مانەوە.
 
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە، شەوی رابردوو دەیان هاندەری یانەی تۆپی پێی بورساسپۆر لەبەردەمی ئەو هۆتێلە کۆبوونەوە کە یاریزانانی ئامەدسپۆری تێدا ماونەتەوە و درووشمی رەگەزپەرستانەی "چه‌ندە به‌خته‌وه‌ره‌ ئه‌و کەسەی ده‌ڵێت من تورکم" دەڵێنەوە.
 
هەرچەندە تائێستا ئامەدسپۆر هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەو رووداوە نەداوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانی و کاردانەوەی بەدوادا هات.
 
گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری هەدەپە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "بە جیددی گومانم هەیە پارێزگار لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئاسایش دابین بکات، لە کاتێکدا رێگری لەو خۆپێشاندانە رەگەزپەرستانە نەکرد کە تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو لە بورسا بەرامبەر ئامەدسپۆر بەردەوام بوو."
 
هاوکات رێکخستنەکانی هەدەپەی ئامەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرشەکانی سەر ئامەدسپۆر قبووڵ ناکەین. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشە رەگەزپەرستی و فاشیستیانە."
 
لە یاریی نێوان ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە ساڵی 2016دا لایەنگرانی یانەی بورساسپۆر دوای یارییەکە هێرشیان کردە سەر یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر.