وریا غەفووری و چەند یاریزانێکی دیکەی ئیستقلال تووشی کۆرۆنا بوون

رووداو دیجیتاڵ

وریا غەفووری، ئەستێرەی بەنێوبانگی کورد و یانەی ئیستقلالی ئێرانی و چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە، وریا غەفووری، کاپتنی یانەکە و هەشت یاریزانی دیکەی یانەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤە، بەو هۆیەوە راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەکە دواخران.

بەهۆی تووشبوونی ئەو یاریزانانەی یانەکە، سەرجەم یاریزانەکان و فەرهاد مەجیدی راهێنەری یانەکە پشکنینی تایبەت بە کۆرۆنایان بۆ دەکرێت.

تووشبوونی ئەم یاریزانانەی یانەی ئیستقلال تارانی ئێرانی لەکاتێکدایە، ئیستقلال خۆی بۆ یاریی بەرامبەر یانەی پارس جنووبی ئامادەدەکرد، کە بڕیاربوو سبەی یەکشەممە یارییەکە بەڕێوەبچێت.

دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا، وریا غەفووری لە پەیامێکدا گوتی، جەستەم ئازاری هەیە، بەڵام بارودۆخی تەندروستیم باشە و لە ماڵەوە خۆم کەرەنتینە دەکەم.

داڕشتنەوە؛ سامان وڵاتژێری