ئەژدیها سوورەکەی چین و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
رێککەوتنی دیپلۆماسیی ئێران - سعودیە بە نێوەندگیریی چین لاپەڕەیەکی نوێ دەبێت لە ناکۆکی و دیپلۆماسیی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست. ئەم رەفتارەی چین هەنگاوێکە بۆ نێو دیپلۆماسیی جیهان و رۆژهەڵاتی نیوەڕاستیش.
 
بە ناڕاستەوخۆش ئەم هەوڵەی چین نامەیەكی کراوەی تێدایە بۆ ئەمریکا، کە بەڵێ چینی کۆمیۆنیستی بە ژیوارئاشتی دەوێت.
 
10ی ئادار لە پەکین ئێران و سعودیە واژۆی ریککەوتنێکیان کرد بە ئاشکرا و یەکەم کاری کۆنکرێتیی رێککەوتنەکە دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی هەردوو وڵات دەبێت لە کەمتر لە دوو مانگدا.
 
رێککەوتننامەکە لەنێوان دوو هێزی هەرێمیی ناوچەکە کە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان لەسەر باری ئەمنی و ئاسایش و ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە هەیە؛ بەتایبەت دەستوەردانە سەربازییەکانی ئێران لە وڵاتانی یەمەن، عێراق، سووریا، لوبنان و بەحرەین. لەگەڵ سەرکەوتنی رێککەوتننامەکە کارکردن لەسەر نێوەڕۆکەکەی دەشێ ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە، هەرچەندە ئەمریکا کە زیاتر لە 75 ساڵە کاراکتەری سەرەکیی ناوچەکەیە و خەتابار دەکرێت بە دۆخی ناوچەکە، هەرچەندە ئەمریکا سەرەڕای پتەویی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە، بەڵام نەیتوانی ئەمە بە ئەنجام بگەیێنێت، بەڵام رۆژێک دوای رێککەوتنەکە پێشوازیی لێکرد، کەچی هێشتا ئیدارەی بایدن دوودڵە لە نیازپاکیی ئێران.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە سعودیە هاوپەیمانی بەهێزی ئەمریکایە و ئێرانیش کابوسەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی، هەروەها چەندین جار بە بیانووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پەرەسەندنی یۆرانیۆم و چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکرێت.
 
بۆ ئێران؛ ئەم رێککەوتنە بە سەرکەوتنی گەورە پێناسە دەکرێت، چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەتابار دەکرێت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، پەرەدان بە بەرنامەی ئەتۆمی و، پشتگیریکردنی رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا. ریاز ناچار بوو رێگەچارەیەکی دیکە بدۆزێتەوە بۆ راگرتنی ئەجێندای هێزی ئەقلیمیی ئێرانی لە ناوچەکە، کە بە راستەوخۆ و ناڕاسەوخۆ دەستوەردانی کردووە لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن.
 
پێدەچی ئەمریکییەکان نەیانتوانیبێت هێزی قایلکەری ئاسایش بن لە ناوچەکە، چونکە پێشتر لە سعودیە و ئیمارات و عێراق و سووریا بەر مووشەکی ئێرانی کەوتوون. سعودیە تاوەکو پارەکەی لە چەکی بەرگریکار و دژە مووشەکی گرانبەها خەرج نەکات، ناچار هاوپەیمانی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێران هەڵبژارد، چونکە سعودییەکان پێیانوایە رووسیا و چین باندۆریان لەسەر ئێران هەیە بۆ بەرقەراربوونی ئاسایشی زیاتر لە وڵاتەکەیان، بەڵام پێناچێت ئەمریکا بەرامبەر ئەم کردارەی هاوپەیمانە بەهێزەکە (عەرەبستانی سعودی)ـیە بێ کردار بێت و پەرچدانەوەی سیاسی یان ئابووری یان سەربازیی نەبێت.
 
چین بۆ پەرەسەندن بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشترکردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێران و سعودیە درێخیی نەکرد و بێ وچان کاری کردووە تاوەکو ئەم دوو کارەکتەرە گرنگە لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە.
 
پێشتر ئێران لە ساڵی 2021 ژمارەیەک گرێبەستی بۆ ماوەی 25 ساڵ بەرامبەر وەبەرهێنانی چینی واژۆ کردووە، لە دیسەمبەری ساڵی 2022 شی جینپینگ، سەرۆکی چین 35 گرێبەستی ستراتیژیی لەگەڵ سعودیە واژۆ کرد.
 
سعودیە و ئێران راستەوخۆ دەکەونە سەر نەخشەڕێگەی ئاوریشمی نوێ کە ناسراوە بە "پشتوێن و رێگە" و بە گەورەترین پرۆژەی ستراتیژیی چینی نوێ دەناسرێت. ئێران و سعودیە دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوتن و لەگەڵ هەردوو وڵاتیش بە یوانی چینی مامەڵە دەکات.
 
چەندین ساڵە چین هەوڵی بەرقەراری دەدات لە گەرووی هورمز بۆ سەلامەتیی هاوردەکردنی نەوت و هەناردەی شتومەکی چینی بۆ ناچەکە. لە ساڵی 2015وە سعودیە سەرکێشیی هاوپەیمانییەک دەکات لە یەمەن دژی میلیشای حوسییەکان، کە بووەتە هۆی کاولکاری و کوشتنی زیاتر لە 150 هەزار کەس کە نزیکەی 15 هەزاریان خەڵکی سڤیل بوون. ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ کار دەکات بۆ راگرتنی ناکۆکییەکانی یەمەن و بەرقەراربوونی ئاشتی. سعودیە هەمیشە نیگەران بووە لە هێرشی حوسییەکان بە پاڵپشتیی راستەوخۆی ئێران کە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە، گەورە کۆمپانیای نەوتی سعودی ئارامکۆ.
 
یەمەن تەنیا کێشەی ئاسایش و سیاسیی نییە، بەڵکو دەناڵێنێت بەدەست کێشە نێوخۆییەکانی و ئاسایشی خۆراک، بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2022، 80%ی یەمەنییەکان بەدەست کەمیی خۆراک و خراپیی کەرتی تەندروستی و کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن.
 
لە ئەیلوولی 2019 سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە گەشتێکی چوار رۆژی گەیشتە چین و چاوی بە شی جینپینگ کەوت و کۆمەڵە گرێبەستێکی لەگەڵ چین واژۆ کرد بێ رەزامەندیی ئەمریکا؛ ئەمەش ئەمریکای نیگەران کرد و بووە هۆی هەستانی شەقامی عێراقی و هەڵوەشاندنەوەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و کپکردنی گرێبەستەکان کە تائێستاش نێوەڕۆکی بڵاونەکراوەتەوە.
 
دەشێ بێدەنگی و بێلایەنی هەڵبژێرێت بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان و گەشەسەندنی چین بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەمان سیناریۆ. ئایا ئەوەی ئەمریکا بە عادل عەبدولمەهدی و عێراقی کرد، دەتوانێت بە کۆنە دۆستە سعودیەکەی بکات؟
 
لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئیسرائیل بە چەقی ناکۆکیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە و ئەمریکا هەوڵی جیددی دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. پێشووتر میسر و شانشینی هاشمی ئوردنی و دواجار لە ئابی 2020 لەژێر رێککەوتننامەی ئەبراهام ئیمارات و بەحرەین و عومان دانیان بە ئیسرائیلدا نا وەکو دەوڵەت و پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ واژۆ کرد. ئیسرائیل چاوەڕێی دەکرد ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ سعودیە بونیات بنێت، کەچی چین لەپڕ پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئێران و سعودیەی ئاسایی کردەوە.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کابووسی گەورەی ئیسرائیل، ئێرانە؛ بۆیە ئەم رێککەوتننامەیە بە هیچ جۆرێک ناشێ لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل بێت، چونکە پێشتر لە کابینەی ترەمپەوە ئەمریکا بەردەوام بووە لە لۆبیکردن بۆ ئیسرائیل لە سعودیە و سەرەڕای ئەوەی سعودیە حکومەتی ئیسرائیل بە داگیرکەر ناوزەند دەکات و دوو مانگ پێشتر بە فەرمی نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ئاڵۆزییەی لە ناوچەی "کەناری رۆژئاوا" هەیە، بەڵام سعودیە هەندێک نەرمیی نواندبوو و هێڵە ئاسمانییەکانی بەڕووی خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی کردبووەوە.
 
دوای ئەم رێککەوتننامەیە، ئێران سعودیە ناچار بکات کە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ ئیسرئیل نەبێت و بە‌هێزیی ئێران ھیچکات لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل نابێت لە ناوچەکە؛ لە کاتێکدا ئەمریکییەکان پێیان وایە ئەم رێککەوتنە نابێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی سعودی – ئیسرائیلی.
 
ئەم رێککەوتنە میژووییە کە چین ماوەی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکات جارێک لە عومان و چوار جاریش لە عێراق کۆبوونەوەی لەسەر کراوە و بە خاڵی وەرچەرخان بۆ هەریەکە لە ئێران و سعودیە و چینیش ھەژمار دەکرێت. چین دەیتوانی لە هەریەک لەم وڵاتانە بگاتە خاڵی کۆتایی، بەڵام دوای سەردانی شی جینپینگ بۆ ریازی پایتەختی سعودیە، بڕیاریان دا کە کۆتا کۆبوونەوە لەسەر خاکی پەکین بێت.
 
چین هەوڵی جیددی دەدات بەبێ زیانگەیاندن بە ئاسایشی ناوچەکە پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات و زیاتر شوێنپێی خۆی بکاتەوە و فرەچەشنی بکات لە سەرچاوە سرووشتییەکان و ئەگەر لە وێنەیەكی گەورەتر خوێندنەوە بۆ ئەم رێککەوتننامەیە بکەین، دەبینین چین هەوڵی هێزێکی دیکەی فرەلاین دەدات وەکو ئەڵتەرناتیڤێک بەرامبەر ئەمریکای تاک جەمسەری، چونکە سعودیە و ئێران بێ دوودڵی ئارەزووی چوونە نێو هاوپەیمانیی BRICS (بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقیای باشوور) داوە بە پشتگیریی چین.
 
ئەم وڵاتانە پێکەوە لەگەڵ ئێران و سعودیەش دەتوانن ببنە هێزێکی ئابووری و سیاسیی گەورە. لە لایەکی دیکەوە ئێران بڕیارە ببێتە ئەندامی رێکخراوی هاوکاریی شەنگهای و ئەندامی گرووپی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ئۆراسیا کە بارەگاکەی لە پەکینە و باسی سعودیەش دەکرێت کە بچێتە نیو ئەم گرووپەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەم هەنگاوەی چین بە سەرکەوتن ھەژمار دەکرێت لە پرۆژەی دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهان (GSI). جگە لەوەش چین رایگەیاندووە ئامادەیە رۆڵی لایەنی بەرپرسیار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت، هەڵوێستێک کە ئەمریکا لەمێژە گوشاری خستووەتە سەر پەکین بۆ ئەوەی لەئەستۆی بگرێت. جگە لەوەی بەم هەنگاوە چین لە کارەکتەری دووەمی و لاوەکییەوە دەچێتە قۆناخی کارەکتەری سەرەکی لە ئاستی جیهان. ھاوکات جگە لە نزیکبوونەوە لە چین، گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران وایکردووە هەنگاو بنێت بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا.
 
تاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زۆر پێویستی بۆ رووسیا دابین کردووە بۆ ئەوەی لە شەڕەکەیدا لە ئۆکراینا بەکاریبهێنێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە هاوبەشێکی گرینگ بۆ مۆسکۆ و پووتین.
 
دوای تیرۆرکردنی جەمال خاشوقچی لەنێو باڵیۆزخانەی سعودیە لە تورکیا، جۆ بایدن سوێندی خوارد کە سعودیە پەراوێز بخات و بە (  pariah یان منبوذ) ناوزەدی کرد، بەڵام پار بە ناچاری بۆ کەمکردنەوەی نرخی گاز بەهۆی شەڕی ئۆکراینا سەردانی عەرەبستانی سعودیەی کرد.
 
چین چیدیکە تەنیا خاوەن گوفتار نابێت و ئیدی بە کردار دێتە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیی جیهانەوە، دوای سەردانی شی جینپینگ بۆ مۆسکۆ لە 20ی مارسی 2023 بڕیارە پەیوەندییەكی ڤیدیۆیی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەنجام بدات. چین رایگەیاندووە کە پڕۆژەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ لە ئۆکراینا رادەگەیێنێت، دوای رێککەوتننامەی سعودیە - ئێران، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە هەوڵی چین دەکات، چونکە بۆ بەرپاکردنی ئاشتی لە شەڕی ئۆکراینا، چین تاکە وڵاتە کە دوو کارتی گوشاری کارای هەیە: یەکەم، پەیوەندیی زۆر باش لەگەڵ رووسیا و دووەم، هێڵێکی راستەوخۆ لەگەڵ پووتین. تاکە وڵات لە جیهان کە خاوەن ئەم دوو تایبەتمەندییە بێت چینە. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر پووتین خوازیاری راگرتنی شەڕ بێت.
 
شوێن و پێگەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەم هاوکێشەیە چییە؟
 
دوای ئەم رێککەوتنە دوو رووداو لە ناوچەکە روویدا، یەکەمیان بڕیاری دادگەی پاریس سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی جەیهان، رووداوی دووەم هێرشی درۆنیی ئێران بۆسەر بنکەی ئەمریکا لە رۆژئاوا.
 
ئایا چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان چی لێدێت لەگەڵ بەهێزبوونی ئێران؟ ئایا عێراق دەکەوێتە ژێر رکێفی ئێران و سعودیە و چین یان ئەمریکا هەڵبژاردەی دەبێت؟ هەژموونی ئەمریکا بەرەو کوێ؟ ئەرێ ئەمریکا دەستەوەستان دەوەستێت بەرانبەر ئەم گۆڕانکارییە دراماتیکیانە لە ناوچەی ژێر هەژموونی خۆی؟
 
رووداوە گرنگەکان:
 
شا سەلمان، شای سعودیە بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کردووە بۆ ریاز و رەئیسیش میواندارییەکەی قبووڵ کردووە. شی جینپینگ، سەرۆکی چین مانگی کانوونی دووەم لە سعودیە لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانییەوە پێشوازیی لێکرا و تۆپی فەخرییان بۆ تەقاند و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی دەکرد.
 
لە کاتێکدا دوایین سەردانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تەممووزی پار، بە پێچەوانەوە، بەبێ پرۆتۆکۆلێکی رێکخراوی تەواو لە فڕۆکەخانەی "جدە" لەلایەن پارێزگاری شارەکەوە پێشوازیی لێکرا.
 
لە شووباتی ئەمساڵ ئیبراهیم رەئیسی وەکو یەکەم سەرۆکی ئێران دوای 20 ساڵ سەردانی چینی کرد و چاوی بە شی جینپینگ کەوت، کە سەردانەکەی لە ئاستی دەوڵەت بوە.
 
ئەمساڵ چین میوانداری لە لووتکەی عەرەبی - ئێرانی لەسەر خاکەکەی خۆی دەکات. شی جینپینگ پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی ئەنجام دەدات.