قومار بە گیرفانی بەتاڵەوە
ئەوانە هەڵەن كە پێیانوایە كورد لە جنێڤ دوو بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. چونكە كورد لەو كۆنگرەیەدا قومارچییەكە كە لیرەیەكی لە باخەڵدا نەبووە تا چاوەڕوانی بردنەوەی لێبكەین.
پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD كە ئێستا سێ كانتۆنی لە رۆژئاوای كوردستان دروستكردووە، بەشداریی لە كۆنگرەكەدا نەكرد. كەچی پارتەكانی دیكەی رۆژئاوا كە بستێك خاكیان لە رۆژئاوا بەدەستەوە نییە، بەناوی هەموو كوردەوە هەڵتەك هەڵتەك تەشریفیان بۆ برد. ئەنجامەكەشی ئەوەبوو كە لە قوماری جنێڤدا نە هیچیان دۆڕاند و نە هیچیشیان بردەوە.
ئەوەی لە جنێڤ بردییەوە بەشار ئەسەد و دەوڵەتی ئێران بوون. هەق بوو ئێران خەڵاتی پیاوی ساڵ بداتە بان كی موون كە بانگهێشتكردنی ئەوانی بۆ كۆنگرەكە كشاندەوە، چونكە بەشداریی ئێران لە كۆنگرەكەدا تەڵەیەك بوو بۆی نرابووەوە و جەنابی بان زەحمەتی تەقاندنی كێشا.
ئەگەر ئێران لە جنێڤ بەشداربووایە، دەبوو رازی بێت بە جنێڤی یەك و واژووی بكات. بەوپێیەش دەبووایە سوپای ئێران و راوێژكارە سەربازییەكانی لە سووریا بێنەدەرێ و چیدیكەش كۆماری ئیسلامیی ئێران چەك نەنێرێت بۆ حكومەتی ئەسەد.
بۆ ئەسەدیش ئەوەی بە بۆمبا و فڕۆكە و چەكی كیمیاوی وەدەستنەهات، لەسەر مێزی قوماری جنێڤ وەدیهات. لەو قومارەدا ئۆپۆزیسیۆن وازی لە كەللەڕەقییەكانی هێنا و تێگەیشت كە لە سووریا “بێ سەرۆك ئەسەد ژیان نابە”!
راستە ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان پەیەدە تاكڕەوی دەكات و تێبینیی زۆر لەسەر “حوكمڕانییە خۆجێییەكەی” هەیە، بەڵام هەرواش ئەو پارتە زۆرتر لە پارتەكانی دیكە شایستەیی بەشداریكردنی هەبوو لە قوماری وەكو ئەوەی جنێڤدا.
گەنجێكی خەڵكی رۆژئاوا پێیگوتم سكرتێری یەكێك لەو پارتانەی كە خۆی بە ركابەری پەیەدە دەزانێت، لە هەولێر رێستورانتێكی شاهانەی كردووەتەوە. دەیگوت هەركەسێك لەجیاتی مامۆستا بێت، خەریكی رێستورانتەكەی دەبێ و ئاگای لە رۆژئاوا نامێنێ. جگە لەوەش ئێستا كەمپەكانی پەنابەرانی رۆژئاوا لە باشوور بۆخۆیان رۆژئاوایەكی بچووككراوەن، بەڵام پارتە هوتێلنشینەكان كە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەیگوزەرێنن، ناتوانن تەنانەت دڵی ئەوانیش رازی بكەن.
بۆیە بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوەی شاندی كورد لە جنێڤ ئاساییە. ئیتر ئەوە قومارە و قوماریش بە گیرفانی بەتاڵەوە ناكرێت!