ئەنجامی هەڵبژاردن و پرسی پێکهێنانی حکومەت

دوای دواخستنێکی چەندجارە، هەڵبژاردن کرا و، تاقیکردنەوەی حیزب و لایەنەکان لەبارەی ژمارەی دەنگەکانیان کۆتاییهات، ئێستاش نۆرەی پرسیارە سەختەکەی دوای هەڵبژاردنە 'حکومەت کەی و چۆن پێکدێت؟' بێجگە لەوە، ئەوەش گرنگە داخۆ 'ئەنجامەکان چ واتایەکیان هەیە و دەتوانن لەڕووی سیاسییەوە چیمان لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە پێ بڵێن؟'
 
پێچەوانەی زۆربەی ئەوانەی پێشبینی دەکەن ماراسۆنێکی نەفەس پڕووکێنی درێژ لەبەردەم بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەری ئەوەی زووتر لە جاران حکومەت پێکبێت، زیاترە. بەڵام بەرلەوەی باس لەوە بکرێت، جارێ گرنگە چاوێک بە ئەنجامەکاندا بخشێنینەوە. وا دیارە هەندێک لە لایەنەکان تانەیان لەسەر ئەنجامەکان هەیە، بەڵام ئەگەر جارێ ئێمە ئەو ئەنجامە بەراییە بە بنەما وەربگرین کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە، دەتوانین بێژین هەڵبژاردن نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی نەگۆڕی، بەڵام سێکوچکەیەکی بەهێزی لە پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ دروستکرد، کە دەتوانن زیاتر لە لایەنەکانی دیکە لەسەر رووداوەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەر بن.
 
چۆن لە ئەنجامەکان تێبگەین؟
 
یەکەم: دەنگی پارتی لە هەڵبژاردنی 2021ـدا لە ناوچەکانی دەوربەری شارە گەورەکاندا زۆرتر بوو، بەڵام ئەمجارەیان جوگرافیای دەنگەکانی رووبەرێکی فراوانتری وەرگرتووە. لە هەڵبژاردنی 2021، گەورەترین تەگەرەی پارتی لە شوێنێکی وەک هەولێر؛ رازیکردنی دەنگدەری شارنشین بوو کە بەپێی ئەنجامەکانی 2024، ئێستا ئەو خەمەی نەماوە و لە ژینگەی لادێنشین و شارنشینی پارێزگاکەدا، دەنگی زۆری هەیە و مشتومڕەکانی سەبارەت بە پێگەی خۆی لە هەولێر بە جۆرێک یەکلاکردەوە، کە نزیکەی 60 هەزار دەنگی لە کۆی دەنگی هەر شەش لایەنە سەرەکییە رکابەرەکەی زیاترە. لە دهۆک لە 2021 چەقی دەنگەکانی پارتی لە بەشی ناوەڕاست و باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک وەک قەزای دهۆک - زاخۆ و سێمێل بوو. لە ملی رۆژهەڵات و باشووری پارێزگای دهۆکیش، لە شوێنەکانی وەک ئامێدی، دیرەلووک و شێلادزێ ئاکرێ و بەردەڕەش هێزەکانی دیکەی وەک یەکگرتووی ئیسلامی و یەکێتی تەگەرەیان بۆ پارتی دروستکردبوو، هەرچەندە لەو شوێنانش پێگەی بەهێزی هەبوو، بەڵام ئەمجارە زۆرینەی دەنگەکانی سەرتاسەری دهۆکی بردووە، بەجۆرێک زیاتر لە 140 هەزار دەنگی خۆی زیاد کردووە و 268 هەزار و 327 دەنگی لە کۆی دەنگی هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر هێناوە. لە سلێمانی و هەڵەبجەش گۆڕانکاری کردووە، بەگوێرەی هەڵبژاردنی 2021 و لە کۆی هەردوو شوێن 7 هەزار و 881 دەنگی زیاد کردووە، بەڵام بەراورد بە هەولێر و دهۆک، ئەوە گۆڕانێکی گەورە نییە.
 
بۆ پارتی؛ ئەم ئەنجامە سوود و زیانیشی هەیە. قازانجێکی زۆری کرد چونکە سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لایەنەکانی دیکە بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژی ئەو بوو، 229 هەزار و 963 دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنی 2021 بەدەستهێنا. لە ڕووی سیاسییەوە ئەمە وا لە شیعەکانی عێراق و ئێرانیش دەکات، هەوڵی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ پارتی بدەن، ئەویش لە کاتێکدا لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دیزایینی سیاسییانەی دۆخی ئیداریی پارێزگا هاوسنوورەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هێڵی دیالە - کەرکووک - موسڵ، کەڵکەڵەی دیزایینێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستانیش خستبووە سەری هەندێک لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی عێراق، کە تێیدا پارتی لاوازبێت.
 
لەداوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، سیاسەتی تورکیا بۆ زیندووکردنەوەی مۆدێلی نفوز لە ڕێی تورکمانەکانەوە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو. لە کەرکووک، تورکمانێک لە دەرەوەی خواستی بەرەی تورکمانی بووە جێگری پارێزگار و، بەرەی تورکمانی بە هەموو کاندیدەکانی خۆیەوە لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 2000 دەنگی هێنا، بۆیە بایەخی هەولێر بۆ تورکیاش وەک تاکە شوێنێکی گرنگ لە سیاسەتە عێراقییەکەی ئەنقەرە زیاتر دەکات. ئەمە جگە لەوەی بەهۆی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی کرانەوەی کوردی، ئەنقەرە پێویستییەکی زیاتری بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.
 
هەڵبەت ئەنجامەکە زەرەریشی بۆ پارتی تێدایە، چونکە بەهۆی دابەشبوونی بازنەکانەوە ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پێشووی لەدەستداوە، کە لەوانەیە لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا بە قازانجی نەشکێتەوە.
 
دووەم: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ یەکێتیش بردنەوە بوو. ئەو حیزبە بەراورد بە ساڵی 2021، 193 هەزار و 425 دەنگی زیادکردووە. پێدەچێ لە هەڵەبجە دەنگی کەمی کردبێت، بەڵام هەر بە یەکەمی مایەوە. لە هەریەک لە سلێمانی و هەولێریش نزیکەی دووهێندەی 2021 دەنگەکانی خۆی زیاد کردووە. لەلایەکی دیکەوە حیزبە جیابووەوە سەرەکییەکان لە یەکێتی، وەک گۆڕان و بەرەی گەل نەیانتوانی سەرکەوتنێکی ئەوتۆ تۆماربکەن، بەوەش سەرۆکی یەکێتی توانی لەم هەڵبژاردنەدا حیزبەکەی گلێربکاتەوە، هەروەها پێگەی خۆی وەک سەرۆکی بێ رکابەری حیزبەکەی، قایم بکات. 
 
بۆ یەکێتی، دەنگدەرەی ناڕازی لە هەولێر ئامانجێکی سەرەکی بوو کە زۆر لایەنی دیکەش چاوی تێبڕی بوو. لە نێو ئیسلامییەکاندا کە ئەوانیش چاویان لەو دەنگدرانەی هەولێر بوو، یەکگرتوو قەڵەمبازێکی گەورەی کرد و نزیکەی شەش جار دەنگەکانی زیاد کرد، کۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر جیاوازییەکی ئەوتۆی نەکرد و نزیک لە خۆی ماویەوە، بەڵام لەوانەیە لەبنەڕەتدا بژارەی دەنگدەری ئیسلامی لەگەڵ یەکێتی نەیەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا، سەرۆکی یەکێتی دەیویست سۆزی ئیسلامییەکان رابکێشێت. بۆیە دەتوانێن بێژین گەورەترین تەگەرەی یەکێتی لە هەولێر، نەوەی نوێ و لیستی بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست بوو. لەنێو ئەوانەشدا تەنیا نەوەی نوێ بوو وەک رکابەرێکی گرنگی یەکێتی لە هەولێر خۆی جێگیرکرد ،کە سێ هەڵبژاردنە لە دوای یەک، دەنگەکانی خۆی لە هەولێر پلە بە پلە زیاتر دەکات. کارنامەی یەکێتی لە دهۆک شتێکی گەورەی تێدا نەبوو. بە بەراورد بە 2021 دەوری 3400 دەنگێکی زیاد کردووە.
 
هەرچۆنێک بێت، ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ سەرۆکی یەکێتی بۆ ئەوەی پێگەی خۆی وەک دەسەڵاتداری سەرەکیی حیزبەکەی جێگیربکات، بەڵام تاقیکردنەیەوەیەکی دیکەیشە بۆ ئەدا سیاسییەکەی و چۆنییەتی مامەڵەکردن بەو هێزەی دەستی، لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
سێیەم: کارنامەی نەوەی نوێ سەرنجڕاکێشە، لەبەرئەوەی ئەو جوڵانەوەیە سەرەڕای ئەوەی پێکاتەیەکی حیزبیی کاریگەری نییە، کەچی لە هەر سێ هەڵبژاردنەکەی 2018، 2021 و 2024 دا پلەبەپلە دەنگی خۆی زیاد کردووە، ئێستاش وەک ئەدرێسی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لێهاتووە.
 
چوارەم: رەوتە ئیسلامییەکان لە هەولێر و سلێمانی بەهێزتر بوون، بەڵام لە دهۆک لەپاشەکشەدان. بە ئەگەری زۆرەوە سیاسەتی پارتی بۆ بەکارهێنانی پەیوەندییە نەریتییەکانی کۆمەڵگە وەک کاندیدکردنی خەڵک لە تیرە و هۆزی جیاجیا، کاریگەریی لەسەر ئەوە هەبووە. چونکە هەردووکیان لە یەک حەوزەوە دەنگ دەبەن. هەر ئەوە دەتوانێت هۆکاری زیادبوونی دەنگەکانی نەوەی نوێ لە دهۆکیش روون بکاتەوە، کە زیاتر لە دووهێندەی 2021 دەنگی لەوی هێناوە. واتا لە دهۆک ئەو دەنگدەرەی کەمتر بایەخ بە پەیوەندییە ئایینی و خزماتییەکان دەدات، رووی لە بژارەیەکی وەک نەوەی نوێ کردووە.
 

پێنجەم: بەپێی ئەنجامەکان دەردەکەوێت؛ جگە لە شوێنێکی وەک هەڵەبجە کە ئەویش ژمارەی دەنگدەرەکانی کەمترە، رێژەی هاوبەشی ئەو دەنگەی کە کاندیدی حیزبەکان هێناویانە زۆر کەمە، ئەوەش دەریدەخات لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان رۆڵی سەرەکییان نەبووە، بەڵکو حیزب و لەراستیشدا زیاتر لە حیزبیش، سەرکردەی حیزبەکان دەوری کارایان لە گلێکردنەوەی دەنگەکاندا هەبووە.
 
شەشەم: ئەوەش دەرکەوت هاتوهاواری سۆشیاڵمیدیا و هەبوونی فۆڵۆوەرزی زۆر، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رەفتاری دەنگدەران نییە. کەمیی دەنگی ژمارەیەکی بەرچاو لە بانگخوازەکانی سۆشیالمیدیا یان ئەوانەی دیکە فۆڵۆوەرزی زۆریان هەیە؛ ئەوەی بەڕوونی دەرخست.
 
بۆچی لەوانەیە حکومەت زوو پێکبێت؟
 
خۆی لە راستیدا حکومەتەکانی دوای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان هەمیشە زۆریان پێ چووە تاوەکو پێکبێن، ئەمەی ئێستاش هەروا ئاسان نابێت، بەڵام رەنگە بەوجۆرەی جاری پێشووش نەبی، کە دەمێکی درێژی خایاند چونکە:
 
یەکەم: پێچەوانەی ئەو هەموو سیناریۆیانەی ریز دەکرین، یەک سیناریۆی سەرەکی بۆ پێکهینانی حکومەت هەیە. ئەویش ئەوەیە حکومەت بە بێ پارتی و یەکێتی پێکنایەت. پارتی ئەمە دەزانێت بۆیە هەر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە تائێستاش هەمیشە دەرگایەکی بۆ یەکێتی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
 
دووەم: میکانیزمەکانی بڕیاردان لەلای یەکێتی ئاسانترن لە جاران، بە جۆرێک لەوانەیە لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا زۆر شت یەکلابکاتەوە.
 
سێیەم: بە ئەگەری زۆرەوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەریەک لە ئەکتەرە دەرەکییەکانی کاریگەر لەسەر سەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، خوازیاری ئەوەن کابینەی ئەمجارە زووتر پێکبێت. بۆ حکومەتی عێراق، بۆ شیعەکان و تەنانەت بۆ ئێرانیش لەم کاتەدا ناڕوونی دۆخی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رێگە بۆ گرفتی ئەمنی بکاتەوە. هەر لەبنەڕەتدا بەهۆی شەڕ لە ناوچەکە، دەرفەتێکی نوێ بۆ کورد هاتووەتەپێش. سەرنجی لایەنە دەرەکییەکان جارێکی دیکە چووەتەوە سەر پرسی کورد و بایەخی پێگەی کورد لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە زیادی کردووە. بۆ یەکەمجار دوای 45 ساڵ، ئێران کوردێکی سوننەی کردە پارێزگار و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش ئاسایی کردەوە. بۆ تورکیا کە بەنیازە قۆناخێکی نوێ سەبارەت بە پرسی کورد دەستپێبکات، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و پێکهاتنی حکومەت بایەخێکی گرنگی هەیە. تەنانەت ئەگەر ئەوەش نەبێت، دیسان هەر بۆی گرنگە، چونکە ناتەبایی یەکێتی و پارتی دەرفەتی مانۆڕی زیاتر بە پەکەکە دەدات. 
 
چوارەم: ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنێکی دیکە لەپێشە و هەردوولایەنی سەرەکیی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی کەمیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەنگدەران بەم شێوەیەی ئێستا رازی ببکەن و، بۆیان گونجاو نییە کاتێکی زۆری ئەمە بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بەفیڕۆ بدەن.
 
لەکۆتاییدا، ناکرێ ئەوە لەبەر چاو نەگرین کە فاکتەری کەسیش کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی هەیە، کە لەوانەیە گفتوگۆکان ئاڵۆز بکات. بەڵام ئەگەر هەردوولا لە سەر بنەمای سوود و زیان بجوڵێنەوە، ئەمجارەیان پێکهێنانی حکومەت لە جاری پێشوو ئاسانتر دەبێت.