چۆن له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر رۆژئاڤا تێبگه‌ین؟

 
به‌پێی پێوه‌ره‌ سیاسییه‌كانی بنیاتنانی هێز، هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی بێجگه‌ له‌وه‌ی پاڵنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ئاراسته‌ی ده‌كات، به‌ڵام شانبه‌شانی ئه‌و پاڵنه‌ره‌ گشتیانه‌ش پاڵنه‌ره‌ شه‌خسیه‌كان نابێت له‌ شیكردنه‌وه‌ی سیاسیدا نادیده‌ بگرین. نه‌ك ته‌نیا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ڵكو له‌ وڵاتانی رۆژئاواش دیدگای  سه‌ركرده‌ی سیاسی (Leader perception)  رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ ئاراسته‌ی رووداوه‌ سیاسییه‌كاندا. ئه‌ردۆغان یه‌كێكه‌ له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ له‌ حساباتی سیاسیدا دیدگا و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی تا ئاستێكی زۆر زاڵه‌ به‌سه‌ر ره‌فتاره‌ سیاسییه‌كانیدا.   
 
‌له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین كه‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هێرشه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ سه‌ر رۆژاڤا له‌ڕاستیدا زیاتر ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ن كه‌ تایبه‌تن به‌ سیاسه‌تی ناوخۆی توركیا، نه‌ك سیاسه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌تایبه‌تیش پێگه‌ی ئه‌ردۆغان له‌ ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆی توركیا. چونكه‌ ئه‌و سه‌كۆیه‌ی ئه‌ردۆغان پێگه‌ و هێزی حوكمڕانیی خۆی له‌سه‌ر بنیاتناوه‌، زیاتر پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی توركیان نه‌ك پرسه‌ ده‌ره‌كییه‌كان.
 
ئه‌ردۆغان سه‌ره‌تای بنیاتنانی هێزی سیاسی خۆی له‌ شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێكرد و بووه‌ ئه‌و كاراكته‌ره‌ پۆپۆلیسته‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی 2019 پێگه‌ و هێزی خۆی له‌ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌كانی توركیا له‌ده‌ستدا كه‌ بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ بڕبڕه‌ی پشتی هێزی ئه‌ردۆغان بوون به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانی. 
 
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2019 شكستێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت و ئێستا روو له‌ داكشانه‌. ئه‌ردۆغان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ی په‌نای برده‌ به‌ر كاركردن له‌سه‌ر دوو "مه‌ترسیی ناوخۆیی" كه‌ تا ئاستێك كۆده‌نگیی ناوخۆیان له‌سه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ری تورك، ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا دوو پاڵنه‌ری سه‌ره‌كین بۆ هێرشه‌كردنه‌ سه‌ر رۆژاڤا، كه‌ ئه‌ردۆغان پێیوایه‌ به‌م هێرشكردنه‌ ده‌توانێت هه‌ردووكیان بپێكێت. 
 
یه‌كه‌میان پرسی مه‌ترسیی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌، ئه‌م پرسه‌ تا ئاستێكی زۆر، بێجگه‌ له‌ هه‌ده‌په‌، هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كانی توركیا یه‌كده‌نگن له‌سه‌ری، ته‌نانه‌ت ئه‌و جه‌هه‌په‌یه‌ش كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ ده‌نگی كورد به‌سه‌ر ئه‌ردۆغاندا سه‌ركه‌وت. پاساوی سه‌ره‌كیی ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌م هێرشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌ی له‌ رۆژئاوا دروست بووه‌ سه‌ر به‌ هه‌مان رێباز و ئایدیۆلۆژیای په‌كه‌كه‌یه‌ و فه‌رمان له‌وانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. واتا له‌ ئه‌گه‌ری چه‌سپانی پێگه‌ی ئه‌و كیانه‌ كوردیه‌ دوور نییه‌ له‌ ئاینده‌دا په‌كه‌كه‌ هه‌مان ئه‌زموون بگوازێته‌وه‌ بۆ توركیا و جیهانیش هاوسۆزی له‌گه‌ڵیان هه‌بێت.
 
دووه‌م پرس كه‌ له‌ توركیا تا راده‌یه‌ك كۆده‌نگی له‌سه‌ره‌، پرسی ئاواره‌كانی سووریایه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی سووریا ئاواره‌ی توركیا بوون. به‌پێی چه‌ند راپۆرتێك زۆربه‌ی زۆری دانیشتووانی توركیا ناڕازین له‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ی سووری له‌ توركیادا (نزیكه‌ی 3.6 ملیۆن ئاواره‌ی سووریا له‌وێن)، توركه‌كان وای ده‌بینن كه‌ ئه‌مانه‌ بوونه‌ته‌ بارگرانی به‌سه‌ر توركیاوه‌ و خه‌ریكه‌ ره‌هه‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی ته‌شه‌نه‌ ده‌كه‌ن.
 
 ئه‌ردۆغان وای ده‌بینێ كه‌ به‌ ‌دروستكردنی "ناوچه‌ی ئارام" به‌ قووڵایی 32 كم، ده‌توانێت ئه‌و ئاوارانه‌ له‌و شوێنانه‌ی سه‌ر سنوور نیشته‌جێ بكات. له‌م رێگایه‌وه‌ ده‌توانێت قووڵایی ستراتیجی و سه‌ربازیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات په‌كبخات. له‌لایه‌كه‌ی تریشه‌وه‌ ئه‌و ئاوارانه‌ له‌وێدا نیشته‌جێ بكات و هه‌رخۆیشی به‌ پاساوی چاودێریكردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌ و وه‌ك هێزێك هه‌م بۆ دژایه‌تی هه‌سه‌ده‌ و هه‌میش بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر سووریا و وڵاته‌كانی تر كه‌ له‌ سووریا چالاكن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا شتێك نه‌كرێت به‌ دڵی توركیا نه‌بێت. 
 
پرسێكی تر هه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌كه‌می حسابی بۆ ده‌كرێت له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا، ئه‌ویش پرسی دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتییه‌ له‌گه‌ڵ كورد. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ هه‌ر ئه‌ردۆغان گه‌شه‌ی زۆری پێدا و هه‌رخۆیشی په‌كیخست. پێده‌چێت دوای ئه‌م هێرشكارییه‌، توركیا ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان و په‌كه‌كه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر توركیا توانی رۆژاڤا بوه‌ستێنێ، هه‌روه‌ها له‌ قه‌ندیل و شوێنه‌كانی تریش كه‌ گوشاری زۆری خستووه‌ته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌، دوور نییه‌ گه‌ڕێكی تری دانوستاندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورد، ئه‌وه‌ش بۆ ره‌واندنه‌وه‌ و داپۆشینی ئه‌و دژایه‌تییه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر كورد كردی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌مه‌ی رۆژاڤا و ده‌وره‌دانی په‌كه‌كه‌ی له‌ قه‌ندیل بۆ بچێته‌ سه‌ر، ئه‌وا په‌كه‌كه‌ له‌ پێگه‌یه‌كی زۆر لاوازدا ده‌بێت و به‌ ناچاری گوشاره‌كانی ئه‌ردۆغان قبوڵ ده‌كات. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكی دوور نییه‌، چونكه‌ ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت كارتی كورد له‌ ده‌ست نه‌یاره‌كانی وه‌ك جه‌هه‌په‌ و هه‌ده‌په‌ ده‌ربهێنێ. 
 
وێستگه‌یه‌كی تر كه‌ له‌ڕاستیدا كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی ئه‌ردۆغان بۆ كورد به‌گشتی و بۆ هه‌ده‌په‌ به‌ تایبه‌تی (كه‌ دواتر ته‌واوی ره‌فتاره‌كانی ئه‌ردۆغانی گۆڕی له‌باره‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ كورد) بریتی بوو له‌ هاوپه‌یمانیی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ نه‌ژادپه‌رسته‌كانی مه‌هه‌په‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌ده‌په‌ كاتی خۆی رازی نه‌بوو ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان قبوڵ بكات، ئه‌گه‌رنا كاریگه‌ریی زۆری ده‌بوو له‌سه‌ر گۆڕینی دیدگای ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، چونكه‌ به‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ چووه‌ به‌ره‌ی نه‌ژادپه‌رسته‌كان و زیانێكی زۆریشی به‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی هه‌ده‌په‌ گه‌یاند، كه‌ تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌ زیندانن. هه‌ده‌په‌، به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، نه‌ك نه‌یتوانی لاوازی بكات و له‌ ده‌سه‌ڵات دووری بخاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌ردۆغانی كرده‌ دوژمنێكی سه‌ره‌كیی كورد له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێت. ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په‌ كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستیشی له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 2017.
 
لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هێرشه‌ی توركیا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پێوه‌ندیی كورد و توركیا به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر باكووری و كوردستان و هه‌رێمی كوردستان. دژایه‌تیكردنی ئه‌و له‌شكركێشیه‌ی توركیا كۆده‌نگییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن گشت پارته‌ كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ جۆرێك كه‌ هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌و ساته‌وه‌خته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ پاڵپشتیی زۆری جه‌ماوه‌ر بڕیاری دا هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی كۆبانێ بنێرێ. ئه‌م هێرشه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژاڤا، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی نێوان گشت به‌شه‌كانی كوردستانی دیسان تۆخكرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژاڤای كوردستان كه‌ قه‌ت ئه‌و هاوسۆزییه‌ به‌وجۆره‌ نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و رۆژاڤا و په‌كه‌كه‌ش له‌لایه‌كی دیكه‌.