لەجیاتی مشتومڕ، لێکتێگەیشتن

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەمین سەردانی فەرمیی یەک هەفتەیی دا بۆ واشنتن وەک سەرۆکوەزیران، لەو ماوەیەدا بێجگە لە کۆبوونەوە فەرمییەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن لە ئۆڤاڵ ئۆفیس، بەنێوبانگترین ژووری باڵی رۆژئاوای کۆشکی سپی، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دا، کە زۆربەی کۆبوونەوەکان لە شوێنی مانەوەی خۆی لە هۆتێل ویلارد ئینتەرناشاڵ بەڕێوەچوون و بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی شوێنی مانەوەی سوودانیان دەکرد. هەر لە ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە تاوەکو دەگاتە ئەیلخاندرۆ مایۆرکا، وەزیری ئاسایشی نێوخۆ و گەورە سێناتۆر و بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی کۆنگرێس و بازرگانە ئەمریکییەکان.
 
من، وەک رۆژنامەڤانێک لەو چەند رۆژەدا بە وردی رووماڵی ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقم کرد و هەوڵمدا لەگەڵ زۆربەی ئەو بەرپرسە ئەمریکی و عێراقیانە گفتوگۆ بکەم کە لە کۆبوونەوەکان بەشداربوون، بۆیەش هەوڵدەدەم لێرە بێجگە لەو رووماڵەی کردمان، دیوی پشت گفتوگۆکانی ئەو سەردانەتان بۆ باس بکەم.
 
چەند بڕیار و هەنگاوێکی ژیرانە
 
سەرەتا بەر لەوەی باسی خودی سەردانەکە بکەم، باسی ئەو هەنگاوانە دەکەم کە هۆکاری بەهێزبوون بۆ سەرکەوتنی سەردانەکەی سوودانی لە ئەمریکا. کاتێک لە ئەیلوولی 2023، لە نیویۆرک، ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەی دایە دەست محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق، زۆر کەس پێیان وابوو، کاتێک سەرۆکوەزیران سوودانی دێتە واشنتن، رووبەڕووی گەورەترین تاقیکردنەوەی سیاسی خۆی و سەرئێشە و پرسیاری قورسی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەبێتەوە؛ هەر لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پرسی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و بەریەککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تاوەکو دەگاتە سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا و بانکەکانی عێراق و ململانێیەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق، بەڵام ئەوەی من لەو چەند رۆژەدا بینیم و لە بەرپرسانی ئەمریکا و عێراقیشم بیست؛ سەرباری هەندێک گلەیی و وردە رەخنە، ئەو کەشەی لە کۆبوونەوەکانی سوودانی و جۆ بایدن، سوودانی و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکادا هەبووە، کەشێکی تەواو ئەرێنی و پڕ ستایش بووە. بەرپرسانی ئەمریکا لە کار و رۆڵی سوودانی رازین و لەم دۆخەی عێراق، ئەگەر خۆشیان کەسێک هەڵبژێرن ببێتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانییەک وەک گونجاوترین بژاردە هەڵدەبژێرنەوە. ئەوەش بەدڵی وڵاتانی دەوروبەری عێراقیش دەبێت، چونکە ئەو وڵاتانەش کێشەیان لەگەڵ سوودانی نییە، هەروەها نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقیش. 
 
بەشێکی سەرکەوتنی ئەو سەردانە و کەشە ئەرێنییەی لە کۆبوونەوەکاندا هەبوون، دەگەڕێتەوە بۆ چەند بڕیارێکی ژیرانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەر لە هاتنی بۆ واشنتن، کە ئەمەش وایکرد، لەو پرسانە دووربکەوێتەوە کە کاتی زۆریان دەوێت بۆ چارەسەرکردن و بڕیاردان، هەروەها خۆی لەو پرسانە لابدات کە جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئەمریکییەکانن و بە هێشتەنەوەیان وەک خۆیان، سوودانیان دەخستە گۆشەیەکی تەنگەوە، کە ئەو بڕیارەنەش ئەوانەبوون: 
 
یەکەم: پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا:
 
ئەمە پرسێکە ئاڵۆزە و هەرواش هەستیارە، یەکلاییکردنەوەی کاتی زۆری دەوێت و بڕیارلێدانیشی لێکەوتەی زۆری دەبێت، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەر لەوەی بێتە واشنتن، ئەو پرسەی دایە دەست کۆمیسیۆنی باڵای سەربازیی ئەمریکا – عێراق کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ کارەکانیان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو لیژنەیەش کارکردنە لەسەر داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق، کە پێدەچێت لە کۆتایی دا بە بڕیاری کۆتاییهێنان بە کاری هاوپەیمانان و هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵیی سەربازی، هاوشێوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو لێیی دەربچن. ئەم بڕیارەش وایکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتێک دێتە واشنتن، لەو رووەوە هیچ بەریککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکییەکان نەبێت و ئەم دۆسیەیە لەگەڵ خۆی نەباتە کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی و هێمنانە باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکان بکات و مانەوە و نەمانەوەی هێزەکانیش بۆ کاتێکی دیکە هەڵبگرێت و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراق بکات، هاوکات بتوانێت گرێبەستێکی کڕینی 21 هەلیکۆپتەری سەربازی لەگەڵ ئەمریکا واژۆبکات و 20 هەلیکۆپتەریش بە دیاری وەربگرێت. 
 
دووەم: گرووپە چەکدارەکان و ململانێیان لەگەڵ ئەمریکا
 
کاتێک، واشنتن و بەغدا خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هاتنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، رووداوی 7ـی ئۆکتۆبەر روویدا و، دواتریش هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و گوشاریان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکردەوە، ئەمەش سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ بەغدا و بۆ واشنتن دروستکرد، بەڵام بەگوتەی بەرپرسێکی عێراقی، سەرئەنجام بە هەوڵێکی بێوچانی خودی محەممەد شیاع سوودانی، توانرا ئاگربەستێکی رانەگەیێندراو لەگەڵ ئەو گرووپانە دروستببێت و هێرشەکان بووەستن، ئەمەش وایکرد، ئەمریکا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بکات بۆ جڵەوکردنی ئەو گرووپانە، هەروەها پرسێکی ئاڵۆزی لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی لابرد، هەر ئەمەش وایکرد بە یەک وشەش لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، باس لە هەڕەشەی ئەو گرووپانە نەکرێت کە پێشتر چەندین جار واشنتن داوای دەکرد حکومەتی عێراق، ئەو گرووپانە جڵەوبکات و رووبەڕووی بەرپرسیاریێتیان بکاتەوە. 
 
سێیەم: پرسی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا
 
کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و رێکخستنی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و، رێککەوتنی سەرەتایی بۆ ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و، لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەر لە سەردانەکەی سوودانی، ئەوەی لێکەوتەوە، لەجیاتی سوودانی تووشی مەوقیفێکی ناخۆش ببێت لە کۆشکی سپی و گفتوگۆی زۆر لەوبارەوە بکرێت، یەکەم، لەلایەن جۆ بایدن، دەستخۆشی لێبکرێت و دووەمیش، هانبدرێت لەسەر ئەم پێشکەوتنانە بەردەوام بن. ئەم هەنگاوانە و بردنی خودی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆ بایدن لە کۆشکی سپی، وایکرد کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئارام و دوورە لە کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئەمریکاش بە دەستخۆشییەوە باس لە پێشکەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکات. 
 
ئامانجی ئابووری نەک سەربازی 
 
لەسەر ئەم سەردانە، چەند جارێک لەگەڵ گوتەبێژی حکومەتی عێراق گفتوگۆم کرد، باسم عەوادی بە روونی پێیگوتم، ئامانجی ئەو سەردانە سەربازی نییە، بەڵکو زیاتر ئابووری و سیاسییە، بۆیەش زۆربەی ئەندامانی شاندەکە کەسانی ئابووری و بازرگان و سیاسین نەوەک سەربازی، سەردانەکەش بە دروستی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. 
 
لەو ماوەیەدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن بوو، 19 رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژۆکران. چەندین دیداری ئابووری و بازرگانی هەر لە واشنتن تاوەکو دەگاتە هیوستن لە تەکساس و دیترۆیت لە میشگین ئەنجامدران، چەندین کۆبوونەوەی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا، بازرگانە ئەمریکییەکان و ئەو بازرگانە عێراقیانەش کران، کە دانیشتووی ئەمریکان.
 
کاتێک لە رۆژی کۆتایی سەردانەکەی سوودانی لەگەڵ یەکێک لە باڵیۆزەکانی پێشووی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە دیدگەی سوودانی قسەمان دەکرد، ئەو پێیگوتم، ''روانگەکەی سوودانی بۆ ئابووری زۆر باش دیارە و جەخت لە سەربەخۆیی وزە دەکاتەوە، هەروەها جەخت لە بەرەوپێشبردنی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا دەکاتەوە. هێندەی من خوێندوومەتەوە، روانگەکەی لەو بوارەدا ئەرێنییە.'' بەشێکی زۆری ئەمریکییەکانیش کە من گفتوگۆم لەگەڵ کردن، بۆچوونیان وابوو؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق روانگەیەکی بەهێزی ئابووریی هەیە و ئامانجی ئەوەیە عێراق لە رێگەی ئابوورییەکی بەهێز بە رۆژئاوا ببەستێتەوە، ئەمەش بۆ ئەمریکییەکان جێگەی بایەخ و سەرنج بوو، زۆربەی بۆچوونەکانیش ئەوەبوون؛ سوودانی لە دیارکردنی ئامانجی سەردانەکەی، هەروەها لە بەدیهێنانی ئامانجە ئابوورییەکانی، زیرەکانە کاری کردووە. 
 
پەیوەندیی 360 پلەیی، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ واشنتن
 
لەدوای 2003ـەوە تائێستا، پەیوەندییەکانی واشنتن و عێراق، پەیوەندی نائاسایی بوون و تەنانەت ساڵانەش سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئایار، بڕیاری باری نائاسایی نیشتمانی تایبەت بە سەقامگیری عێراق درێژ دەکاتەوە، هاوکات پەیوەندییەکان زیاتر لە بواری پەیوەندیی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان چڕبوونەتەوە، بەڵام محەممەد شیاع سوودانی دەیەوێت کۆتایی بەو پەیوەندییە نائاساییە بهێنێت، ئەمریکا و عێراق وەک دوو هاوپەیمانی ستراتیژی، پەیوەندییەکی 360 پلەیی هەمیشەیی لە هەموو بوارەکاندا بنیادبنێن، هەرئەمەش وایکرد، محەممەد شیاع سوودانی لە دوایین رۆژی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک بڵێت "هاتمە واشنتن بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها بۆ تاوتوێکردنی زۆر بابەتی گرنگ، دیارترینیان چالاککردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پەرەدان بە پەیوەندییەکانمان، بۆ ئەوەی هەموو کەرتە بنەڕەتییەکان بگرێتەوە، لەوانەش ئابووری، وەبەرهێنان، ژینگەیی، کولتووری، پەروەردەیی و هاوکاری لە بواری وزەدا، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە لە لایەنی ئەمنی و سەربازی کورتنەکرێتەوە. ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەدوای پەیوەندییەكدا دەگەڕێین کە زیاتر شیاوی بەردەوامبوون بێت، کە بناخە بنەڕەتییەکەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی هاوبەش و هاوکاریی بەرهەمداری نێوان هەردوو گەل بێت''، ئەمە ئەو روانگەیەیە، کە ئەمریکییەکانیش کاری بۆ دەکەن و مەبەستیانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی 360 پلەیی هەمیشەیی بێت، کە هەموو بوارەکان لەخۆبگرێت، نێوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی ئەمریکا رەنگدانەوەی ئەو ستراتیژییە بوون کە واشنتن، هەولێر و هەرواش بەغدا لەسەری کۆکن و دەیانەوێت بە رژدی کاری لەسەر بکەن. 
 
رۆیشتن بەسەر دیوارێکی بەرز 
 
بۆ هەموولایەک ئاشکرایە هەژموونی ئێران و ئەمریکا لە عێراق چۆنە و حکومەتی عێراق ناتوانێت لەنێوان ئەمریکا و ئێران، یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت بە ئارامی بەسەر ئەو دیوارە بەرزەدا هەنگاوبنێت، بەجۆرێک نە بەلای ئەمریکادا، نە بەلای ئێران دا بکەوێت، کاتێک لەسەر ئەم پرسەش، قسەم لەگەڵ لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری کۆمارییەکان کرد کە خۆی زۆر دژی تارانە، پێیگوتم ''دەزانم عێراق، پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ ئێران دا هەیە، ئەمریکا رێز لەوە دەگرێت". گوتیشی سەرۆکوەزیران دەناسم و کەسێکی شارەزایە، بۆیەش کار لەسەر تێکەڵبوونی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا دەکات و پەیوەندییەکەی لە پرسی سەربازیدا کۆنەکردووەتەوە. 
 
لەگەڵ ئەو قسانەی لیندزی گراهامیش، هێشتا ئەو نیگەرانیانەی سەبارەت بە هەژموونی ئێران لەسەر عێراق، پرسی گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران لە عێراق مەترسیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە واشنتن هەن کەم نین، بەڵام ئامانجی ئەمریکا پشتیوانیکردنە لە حکومەتی عێراق، یەکەم بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران، دووەمیش، هەرچەندە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بۆ هێنانی گرووپە چەکدارەکان بۆ ژێر چەتری حکومەتی عێراق.
 
هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی دڵەڕاوكێ
 
بەگوتەی بەشێکی زۆری ئەو ئەمریکی و عێراقیانەی قسەم لەگەڵ کردوون، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، سەردانێکی سەرکەوتووبووە بەپێی ئەو ئامانجانەی کە بۆی هاتبوو، بەتایبەتیش پرسی ئابووری.
 
بەڵام لەسەر پرسی مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دا هێشتا دانوستاندنی زیاتر پێویستە. ئەمریکا هێشتا نیگەرانە سەبارەت بە شوشتنەوەی پارە لە عێراق، بەڵام بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ بانکە عێراقییە بلاک لیست کراوەکان، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ شێوەی چارەسەرکردنی کێشەکەیان.
 
هەروەها سەبارەت بە هەنگاوەکانی عێراق بۆ پشتبەستن بە گازی سرووشتیی عێراق، ئەمریکا هەنگاوەکانی عێراقی بە دڵ بووە و چاوەڕێی زیاترە بۆ پشتبەستنی عێراق بەخۆی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. 
 
گەڕانەوەی سوودانی 
 
7ـی ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دواتر، زەنگێکی هێندە بەرزبوون، ئەمریکایان لەو خەوە قووڵە راچڵەکاند کە فەرامۆشکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یانیش پشتگوێخستنی ئەو ناوچەیە هەڵەیەکی چەند گەورەیە و، خەریکە بەسەر ئەم ئیدارەیەدا تێدەپەڕێت؛ ئەو دۆسیانەی بەهۆی شەڕی ئۆکراینا، هەڕەشەکانی رووسیاو و ململانێ لەگەڵ چین، خرابوونە نێو دۆڵابەکان و هەندێکجار لە راپۆرتی رۆژانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا بۆ سەرۆک بایدن، بە یەک دوو رستەش باسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق نەدەکرا، لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەر، بەشێکی زۆری ئەو راپۆرتانە تایبەت بوون بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق. هەر ئەمەش وایکرد، هاتنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئۆڤاڵ ئۆفیس، ژووری کاری سەرۆکی دووجار پڕبایەخ بێت، بۆ بەغدا، هەروەها بۆ واشنتن. جارێکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بنیادنانی پەیوەندییەکی 360 پلەیی درێژخایەن، هەر لە پرسی ئابووری و سەربازی و دیپلۆماسی تاوەکو دەگاتە پرسی کولتووری و پەروەردە، هەروەها بۆ گەڕانەوەی سوودانی بە پێگەیەکی بەهێزتر بۆ عێراق، بەو پێیەی توانی لەم سەردانەیدا خۆی لەو پرسانە لابدات کە دەکرا وەک بۆمبێک بن و بەروویدا بتەقنەوە، هەروەها ببێتە ئەندازیاری دانانی بەردی بناخەی پەیوەندییەکی 360 پلەیی تۆکمە و درێژخایەن لەگەڵ زلهێزترین وڵاتی جیهان، کە ببێتە بناخەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییەکانی حکومەتەکانی داهاتووی عێراق لەگەڵ واشنتن.