بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین
یەکێک لە سەرەکیترین بنەماکانی دابەشکردنی بودجە، ژمارەی دانیشتووانە، حکومەتی فیدراڵیی لە ساڵانی رابردوودا بە خەمڵاندن 12.67٪ی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان داناوە، بۆیە 24 تریلیۆن دیناری دیاریکردووە، بەڵام بەگوێرەی داتا خەمڵێندراوەکان رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق 15٪یە، بۆیە دەبێت 30 تریلیۆن دینار دیاریبکرێت، واتە لە ئەنجامی نەبوونی داتای دروست، هەرێمی کوردستان ساڵانە 6 تریلیۆن دینار زیانی کردووە.
ئێستا کاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە، سەرژمێری بکرێت یان نەکرێت کەڵکی چییە؟ کەڵکی زۆرە دەیان بەڵگەش هەن، با بە یەک نموونەی سادە باسی بکەین.
ئێستا مرۆڤ وەک مرۆڤ بەهای هەیە، نرخی نییە، بەڵام من و تۆ و هەموومان لە بودجەدا نرخمان هەیە، پارە دەکەین. دەمەوێت پێتان بڵێم تۆ لە بودجەدا لە بەرامبەر چەندێک پارەیت. با پێکەوە ئەم حیساب و کیتابە بکەین.
دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 324 هەزار کەسن، بودجەکەیشی 199 تریلیۆن دینارە، ئەگەر دابەشی بکەین، دەکاتە 4 ملیۆن و 600 هەزار دینار بەرامبەر بە هەر کەسێک.
دەزانم ئێستا سەیری گیرفانت دەکەیت و دەڵێیت، ئا توخوا ئەگەر واز نەهێنیت، بەڵام ئەمە راستییە. بۆیە ئەوەندە رەشبین مەبە.
کرۆکی بابەتەکە ئەمەیە، بۆچی سەرژمێری گرنگە؟ چونکە ئەگەر یەک کەس کەمتر حیساب بکرێت، کەواتە 4 ملیۆن و 600 هەزار دینار کەمتر حیساب کراوە، ئەگەر 10 کەس کەمتر بێت کەواتە 46 ملیۆن دینار.
تائێستا کە سەرژمێری نەکراوە، وەک کوردستان چ زیانێکمان کردووە؟ بێگومان دوو زیان؛ یەکەمیان، هەر هاونیشتمانییەک لە کوردستان لەبری ئەوەی ساڵانە چوار ملیۆن و 600 هەزار دینار بەشەکەی بێت، سێ ملیۆن و 700 هەزار دینار بەشەکەیەتی، واتە 903 هەزار دینار کەمتر وەردەگرێت بەراورد بە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی عێراق.
دووەم، کوردستان دانیشتووانەکەی 6 ملیۆن و 556 هەزار کەسن، کەواتە 15٪ـی عێراقە نەک 12.67. نەڵێن یەک ژمارەیەکی کەمە، ئەگەر لەسەدا یەک کەمتر دابنێن، یانی 2 تریلیۆن دینار کەمتریان داناوە، ئێمە 2.34٪ کەمترمان بۆ حیساب کراوە، کەواتە 4.7 تریلیۆن دینار کەمتر وەردەگرین.
عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.
بۆیە دەزانن ئێستاش عێراق ئەگەر بینێرێت کە نەیناردووە، لەبری ئەوەی پارەی 6.5 ملیۆن کەس بدات، پارەی 5.5 ملیۆن کەس دەدات، یانی حیسابی بۆ یەک ملیۆن کەس نەکردووە، کەواتە بەم دۆخە بێت، لە هەر شەش کەسێک لە کوردستان، بەرامبەر پێنجی عێراقە لە رووی پارەوە.
بەپێی حەق و ژیربێژی، دەبێت 30 تریلیۆن وەربگرین، نەک 30 تریلیۆن بەڵکو 24 دەنێرن، نەک 24یان نەناردووە، 12 دەنێرن، هەر بۆیە لەم کاتەدا 6 هاووڵاتیی لە بەرامبەر 4 کەسی عێراقە، یانی بە شەش کەس لە کوردستان ئینجا حەقی 4 کەس لە عێراق وەردەگرن.
حیسابەکەمان دەگەیێنینە کۆتایی و سەیری ئەم ژمارە سەیرانە بکە؛ خەڵکی کوردستان 15٪ـی عێراق پێکدەهێنن، بەپێی بودجە بێت 12.67یان حیساب کردووە، ئەوەی بە چاوی خۆیشمان دەیبینین و پارەکەی دەنێرن، 6٪ دەکات. ئارەوەڵا ئیدی ئەمە دۆخەکەمانە.
بە کوردی و کورتی هەر یەکەمان شایەنی 4.6 ملیۆنین، لەسەر کاخەز 3.7 دەکەین. لە راستیشدا 1.8 مان بۆ حیساب دەکەن، ئەوەش بەزمی نەبوونی سەرژمێرییە.