چەند رۆژێکی یەکلاییکەرەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان
دۆخێکی نوێی ئەوتۆ لە سووریا هاتووەتە کایەوە، کورد و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان نەك هەر خۆیان بۆ ئامادە نەکردبوو، بەڵکو بە دانپێدانانی بەرپرسەکانیان دووچاری جۆرێك لە شۆک بوونە، بەرامبەر هەرەسهێنانی خێرای هێزەکانی بەشار و چارەنووسی هەریەك لە رووسیاو ئێران لەو وڵاتەدا. واتە بیرکردنەوە و گرەو و خۆڕێکخستنیان لە چوارچێوەی هاوکێشە کۆنەکەی پێش رووخانی رژێمی ئەسەد و هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکانیدا بووە. ئەوەش وایکردووە هەندێ ئەرك کە دەبوو پێشتر وەك زەوینەسازی بۆ دۆخە نوێیەکە بیکەن، کە چەندین ساڵە داوا دەکرێت بیکەن، نەیانکردوون. هەروەها رووداو و گۆڕانکارییەکان لە تواناکانی ئەوان گەورەتر بێت و نەتوانن بەو خێراییەی رەوشەکە دەچێتە پێشەوە خۆ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا بە گوێرەی پێویست بگونجێنن.
کوردی رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتیش هێزە بنەڕەتییەکەی کە چەك و زەوی و ئیدارەی بەدەستەوەیە، کەوتووەتە نێوان بەرداشی تورکیا و ئەمریکاوە. تورکیا، لە سۆنگەی ئەوەی بە سەرکەوتووی دۆخەکە دادەنرێت و دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق خۆیان بە قەرزاری دەزانن، تاوەکو رادەیەکی بەرچاو دەرگەی لەبەردەمدا واڵایە. ئەگەر جاران دەگوترا بوونی سوپاکەی لەنێو سووریا دا ناڕەوایە، چونکە لەسەر داوای حکومەتەکەی پێشوو نەهاتوونەتە نێو وڵاتەکەوە، ئەوا ئێستا ئەوانی دیکە ناڕەوان و هەر ئەم رەوایە، رووپۆشی یاساییش بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەیان تەنیا بڕیارێکی دیمەشقی تێدەچێت. هەر خۆیشی سبەی مەشق بە سوپای نوێی سووریا دەکات و ئەوەش جۆرێک لە هەژموونی بۆ دروست دەکات، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم سەرکردایەتییە سیاسییەی ئێستا لە ئەنقەرە لەسەر کار بمێنێت کە خاوەنی تێزی بە چەقکردنی تورکیایە وەك زلهێزێکی ناوچەیی قسە بیستراو لە ئاستی جیهان دا.
لەلایەکی دیکەوە، تورکیا جیاوازە لە ئێران و رووسیا، ئەگەر هەندێک حکومەتەکەشی لای هەندێ ناوەند نەخوازراو بێت، وەك دەوڵەت ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، پەیوەندیی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل دا هەیە و دەتوانێت زۆر شتی بۆ بکات کە بە هێزی دیکە ناکرێت. زۆرینەی سوننەی عەرەبی سووریا بە رزگارکەری خۆیانی دەزانن، لانیکەم لەم قۆناخەدا. هەر بۆیە بانگەوازەکەی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ جیهان بۆ ئەوەی هاوشێوەی جاران واتە بەرگریکردن لە کۆبانێ دژ بە داعش، بەرامبەر سوپای ئازاد و تورکیاش پشتیوانیان بکەن، زۆر گوێگری نابێت. ئەگەر گرەوی گەورەش لەسەر بوونی ئەمریکا بێت بۆ نەکەوتنی کۆبانێ و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، کە هەر وابووە و وایە، پێدەچێت لە سۆنگەی ئەو گۆڕانە قووڵەی رووخانی رژێمی ئەسەد دروستی کردووە و ئەو رۆڵە گەورەیەی تورکیا لە سووریا و ئێستای ناوچەکەدا دەیگێڕێت، دیسان هاوشێوەی جاران نەمابێت و بە گوێرەی پێویست گرەوی لەسەر نەکرێت، چونکە ئەمریکا پێش رووخانی رژێم لە بەرامبەر سێ هێزی نەیاری خۆی، واتە رووسیا و ئێران و رژێم، بە بیانووی جەنگی دژ بە داعش، جوگرافیای ئیدارەی خۆسەری کردبووە ناوچەی نفوزی خۆی بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر هاوکێشەکانی سووریا هەبێت و گۆڕەپانەکە بە تەواوی بۆ رووسیاو ئێران چۆڵ نەبێت، سەرەڕای ئەوەش گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ ئەوەی هەندێ ناوچە لەدەست ئیدارەی خۆسەر دەربهێنێت! لە کاتێکدا ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا پێویستی بە تورکیایە و خۆی راستەوخۆ لە دیمەشق دەبێت، ئەوەش دۆخێکی جیاواز دەهێنێتە کایەوە، بۆیە ئەمریکییەکان ئەگەر بۆ ماوەیەکیش هەوڵبدەن تورکیا و هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی قەناعەت پێبکات پەلاماری هەندێ ناوچە نەدەن تاوەکو کۆتایی ئەوە ناکەن و ئاسانیش نییە بیر لەوە بکەینەوە لەبەر خاتری هەسەدە و کورد شەڕی سوپای تورکیا بکات، بەتایبەتیش کە لە عێراقیش بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی بەدەستیەوەیەتی پێویستی پێی دەبێت، مامەڵەکردنیشی لەگەڵ تەحریری شام لە رابردوودا زیاتر هەر لە رێگەی تورکیاوە بووە، ئەویش بە زەمانەتکاری یەکەم دەزانێت بۆ ئەوەی رژێمێکی تووندڕۆ لە سووریا نەیێتە سەر کار. بەردەوامیش ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی ئەو لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی داعشدایە نەك شتێکی دیکە. ئەو ئامانجەش ئێستا دەتوانرێت لەلایەن دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق و تورکیاوە بێتەدی و گرەنتی بکرێت.
لێرەشەوە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە دەکەوێتە بەردەم چارەنووسێکی تاوەکو رادەیەک نادیارەوە، ئەگەر هەسەدە شەڕی مان و نەمانیش بکات، وەك خۆی دەڵێت، قورس دەبێت تاوەکو سەر بتوانێت پارێزگاری لە یەکێتیی ریزەکانی و بەرگری لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بکات، بەوەش ئامانجی تورکیا بەشێکی دێتە دی کە نەهێشتنی ئەو دیفاکتۆیەیە کە لە ساڵانی رابردوودا دروستبووە، بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی دەستووری سووریادا نە کارتی گوشار بمێنێ و نە هەوڵی ئەوەش بدرێت هەمووی یان بەشێکی رووپۆشی دەستووری بۆ پەیدا ببێت، چونکە تورکیا بەدەر لە قۆناخی راگوزەر لەسەر ئاستی سووریا، سەبارەت بە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر قۆناخی راگوزەری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە رووخانی رژێمەوە دەستپێدەکات تاوەکو زەوینە سازکردن بۆ نووسینەوەی دەستوور، پێشم وایە (30) رۆژی داهاتوو لەم رووەوە چارەنووسسسازە.
ئەوەی لە بیری تورکیادایە، کۆتاییهێنانە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و زۆربەی یاخود کۆی ئیدارەی خۆجێی پێش رێکخستنەوەی سیاسی و سووپای سووریا، لەبەرئەوەی نەك هەر نایەوێت ئەو هێزانە بمێنن، بەڵکو ناشیەوێت ببنە بەشێك لە سوپای داهاتووی سووریا، چ جای دۆخێکی تایبەتیان هەبێت، یەك دوو رۆژیشە جەنگە دەروونییەکەی بەشێوەیەکە وێنای هەسەدە لەگەڵ پاشماوەکانی رژێم و دژە شۆڕش تێکەڵ دەکات، بۆ ئەوەی پاساو و رەهەندێکی دیکە بە جەنگ دژیان بدات.
شپرزییە ناوخۆییە کوردییەکەش لەم رووەوە هەندێ یارمەتیدەرە. ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بچێتە پێش کە وێنامان کرد، کە هیوادارین لانیکەم پڕاوپر وا نەبێت، بژاردەکانی بەردەم رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە زۆر سنووردار دەبن، دۆخی پێشبینیکراو لە عێراقیش لە قازانجی نابێت، لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت، رێگەی پشتیوانی لۆجستی و توانای مانۆڕۆ و پشتێنەی خۆپارێزی و کشانەوەی لەبەردەمدا تەسک بکاتەوە.
دەمێنێتەوە ئەوەی بپرسین ئایا چارەنووسی هەسەدە، هەپەگە و پەیەدە یەکسانە بە چارەنووسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان؟ واتە تورکیا هەر کێشەی لەگەڵ باڵادەستیی پەیەدە و هەپەگە هەیە یاخود خودی بیرۆکەی هەرێمی دووەمی کوردستانی دوای هەرێمی کوردستان با بە پووختیش کوردی نەبێت، بە دەست هەرکەسەوە بێت لەوانەش ئەنەکەسە، رەتدەکاتەوە؟ پێدراوەکانی تاوەکو ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن تورکیا دژایەتی هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەکی کوردییە لە سووریادا، تێگەیشتنی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتەدا، هاوشێوەی تورکیا لە هاووڵاتییەتیی یەکسان و هەندێ مافی کولتووری تێناپەڕێت؟ لەگەڵ هێشتنەوەی پەراوێزێك بۆ ئەگەر و پێشهاتی دیکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوەوە. ئەگەر ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی واقیعەکە بێت، ئایا عەقڵی سەرکردایەتیی کورد لەو پارچە و پاڵپشتییەکانی لە پارچەکانی دیکە ئەوەندە توانای دەستپێشخەری و تەوق شکاندن و یەکخستنی توانا نیشتمانییە کوردستانییەکەی ماوە کە بتوانێ رێگەیەکی دیکە بە قازانجی دامەزراندنی دووەمین هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە و کاریگەریی خۆی بخاتەڕوو، بەمەش دەرگەیەکی فراوانتری مێژوو بەڕووی هەموو پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بکاتەوە؟
رۆژانی داهاتوو یەکلاییکەرەوەن بۆ زانینی ئەم وەڵامە.