ئەڵمانیا بۆ وادەکات؟

 
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی چالاک بوو بۆ من. هەوڵمداوە رۆژانە زۆر بەپێ بڕۆم. دەمەوێ تاوەکو دەکرێ بە جووڵەی زۆر و خۆراک و خواردنەوەی تەندروست هێزم بۆ بگەڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەش دا ناتوانم لە رووداوەکانی رۆژ داببڕێم و بەردەوام لەخۆم دەپرسم: ئەگەر ئێستا لەسەر کار بوومایە، چیم بۆ رووداو رووماڵ دەکرد؟ بۆ ئەم هەفتەیە لەسەر مژارێک رادەوەستم کە دەزانم بۆ خەڵکی ئێمە لە ناوەوە و لە دەرەوەی کوردستانیش گرنگە. 
 
ویلایەتێکی ئەڵمانیا بڕیاریداوە ئەوەی دان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دا نەنێت، وڵاتینامەی ئەڵمانی پێنەدات. كەواتە هەر کوردێك یان کۆچبەرێکی دیکە لە ویلایەتی (زاکسن-ئانهالت) بژیت و داوای وڵاتینامەی کردبێ، دەبێ بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە و دڵنیایی بدات کە لە ئایندەدا هیچ شتێک ناکات دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بێت. هەروەها ئەوانەی لە ئایندەش دا داوای دەکەن هەمان مەرجیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. وەزیری نێوخۆی ویلایەتەکە زۆر دڵی بەو بڕیارە خۆشە و داوا دەکات لە سەرتاسەری ئەڵمانیا جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەمە دەکرێ؟ هەروەها یاساکانی ئەڵمانیا لەسەر ئەمە دەڵێن چی؟ جگە لەوەش بۆچی لە ئەڵمانیا ئەمە دەکرێت؟
 
ئێستا رەشنووسێکی فروانتر لەوە لە بوندستاگ (پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا) هەیە. پارتی کریستیان دیموکرات CDU لە ویلایەتەکە دەسەڵاتدارن و یاساکەیان دەرکردووە. ئێستا لەسەر ئاستی هەموو ئەڵمانیاش دەیانەوێ شتێکی فراوانتر بۆ پاراستنی جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل لە یاسای بنەڕەتی ئەڵمانیادا بچەسپێنن. پێشتر ئەنگێلا مێرکل، کە رێبەری ئەو پارتە بوو و راوێژکاری ئەڵمانیا بوو، لە ساڵی 2008 و لە یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەنێو کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) رایگەیاند بۆ دەوڵەتەکەی پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل هاوشێوەی پاراستنی دەوڵەتی ئەڵمانیایە. هەروەها دوای رووداوەکانی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە ئیسرائیل، ئورسولا فۆن دەرلاین، کە سەرکردەیەکی باڵای کریستیان دیموکراتەکانە و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایە، بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوکارانی لەو یەکێتییە، بەپەلە خۆی گەیاندە ئیسرائیل و پشتیوانیی خۆی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دووپاتکردەوە. 
 
دەبێ ئەوە روونبکەمەوە کە دوو شت لە یەکدی جیاوازن. لە دەستووری ئەڵمانیادا پاراستنی ئیسرائیل نەکراوەتە ئەرک لەسەر دەوڵەتی ئەڵمانیا. ئەوەی کە هەیە بڕیارێکی سیاسییە نەک دەستووری، بەڵام لەو دەستوورەدا پاراستنی مافەکانی هەموو مرۆڤەکان و ئازادییەکانیان لەسەر بنەمای ئایین یان هەر شتێکی دیکە کراوەتە ئەرکی دەوڵەت. ئەو رەشنووسەی کریستیان دیموکراتەکان دەیانەوێ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت ئەوەش وردتر دەستینشان دەکات کە دەبێ جووەکان و دەوڵەتی ئیسرائیل بپارێزرێن. هەموو پارتەکانی ئەڵمانیاش لەگەڵ بیرۆکەکەدان، بەڵام لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ وردەکارییەکانی هەیە. هەموویان لەوە تێدەگەن کە ئەڵمانیا بە هۆکاری مێژوویی بەرپرسیارێتیی هەیە بەرامبەر جووەکان و ئیسرائیل، بەڵام هەندێک پارت دەڵێن ئەمە نابێ وابکات پشتیوانی لە فەڵەستین پشتگوێ بخرێت. 
 
بە بڕوای من ئەم مژارە دیوێکی دیکەی هەیە کە بۆ کوردستان گرنگە بزاندرێت. ئەویش کاریگەریی لۆبیی ئیسرائیلە لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا. هەمووی چەند رۆژێکە جۆ بایدنی سەرۆکی بەهێزترین دەوڵەتی جیهان بە دەنگی بەرز لە کۆبوونەوەیەکدا هاواریکرد: "من زایۆنیم". هەروەها سەرۆکی نوێی ئەرژەنتینیش پێش سوێندخواردنی وەک سەرۆک رایگەیاند کە بووەتە جوو، کە نازانم چۆن رێی تێدەچێ! هەروەها ئۆلاف شۆڵتز، کە راوێژکاری ئەڵمانیایە و پارتەکەی لە راپرسییەکاندا دۆخی باش نییە، لە کۆنگرەی پارتەکەیدا دووپاتیکردەوە کە پاراستنی ئیسرائیل بە ئەرکی دەوڵەتەکەی دەزانێ. ئەو لێدوانانە هیچیان لەبەر خۆشەویستی بۆ ئیسرائیل نییە. هەروەها لەڕووی بێئاگاییەوە لە مافخوراویی فەڵەستینییەکان نییە. هەمووشیان دەزانن چی بەسەر خەڵکی سیڤیلی غەزە هاتووە. زۆر کەسیش لەو وڵاتانە رەخنە لە سیاسەتەکانی نەتەنیاهوو دەگرن، بەڵام لەو هەڤپەیڤین و گفتوگۆیانەی پێشتر لەگەڵ بڕیارسازان و کاربەدەستانی ئەوروپا و بەتایبەتیش ئەڵمانیا هەمبووە، تێدەگەم کە ئێستا ئەوان زۆرتر چاویان لەو هەڵبژاردنانەیە کە بەم نزیکانە لە وڵاتەکانیان دەکرێن. لەو هەڵبژاردنانەشدا لۆبیی ئیسرائیل رۆڵی گەورەی هەیە. بۆیە راگرتنی دڵی ئەو لۆبییە گرنگترە بۆیان. 
 
بۆ منیش راگرتنی دڵی ئەو هەموو ئازیزانە گرنگە کە رۆژانە نامەم بۆ دەنێرن و هەواڵم دەپرسن. بۆم گرنگە وەک راهاتوون هەمیشە وێنە گەورەکەی رووداوەکانیان بەشێوەی پیشەیی پیشانبدەم. بەهیوای دیدار لە هەفتەی داهاتوودا.