هەڵبژاردن؛ خاڵی وەرچەرخانی توركیا لە سەت ساڵەی خۆیدا؟

بەرایی
 
هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا خاڵێكی وەرچەرخانە. چونكە ئەوە دیاردەبێت كە ئایا پارتی داد و گەشە پێدان – ئەردۆغان دەچێتە نێو دەیەی سێیەمی حوكمڕانی خۆی و مۆرێك لە ساڵانی سەرەتایی سەت ساڵەی دووەمی كۆماری توركیا دەدات، یان نا. ئەمە نەك تەنیا بۆ نێوخۆی توركیا بەڵكو بۆ دنیای دەرەوەش خاڵێكی وەرچەرخانە و دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنكەرە لە گەرمەی ململانێ هێزدارییە گەورەكەی جیهان روونتر بكات. گفتوگۆیەكی گەرمیش لە نێوخۆی كورد هەیە سەبارەت بەوەی كە مانەوەی ئەردۆغان باشە یان هاتنی كڵچدارئوغڵو. راستییەكەی، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكان بێت، كورد لە نێوخۆی توركیادا رۆڵێكی یەكلاكەرەوە پەیدا دەكات، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ كورد لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، نە ئەوەیە كە بە رۆیشتنی ئەردۆغان و هاتنی كڵچدارئۆغڵوو دنیا بۆ كورد ببێتە شامی شەریف، نە مانەوەی دۆخەكەش وەك خۆی، رێگا بۆ سواربوونی داشەكەی خۆش دەكات.
 
كێ دەیباتەوە؟
 
بەگوێرەی ئەنجامی 24 راپرسی كە لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا كراون، هێشتا پارتی داد و گەشەپێدان، بەهێزترین پارتی سیاسیی توركیایە، بەڵام پێناچێت ئەو هاوپەیمانییەی كردوویەتی، هەمان بەختی هەبێت. ئەمەش وادەكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماردا، لە مارسۆنێكی نەفەسبڕدا بێت لەگەڵ هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەكەی ركابەری. پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـدا 42.56%ـی دەنگەكانی توركیای بردبوو، بەڵام بەگوێرەی ئەم راپرسییانەی ئێستا بێت، لانیكەم 6%ـی دەنگەكانی لەكیس دەچێت و وادیارە ئەوەش دەچێتە خانەی پارتەكانی عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵوو، كە هاوشانی پارتی سەعادەت لە لیستەكانی پارتی گەلی كۆمارییەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان كردووە.
 
خاڵێكی جێگەی سەرنج لێرەدا ئەوەیە؛ پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی 21 ساڵی رابردوودا كارنامەیەكی سەرنجڕاكێشی هەڵبژاردنی هەبووە. لە 2002ـوەوە تاوەکو 2015 بەردەوام لە هەڵكشان بووە، بەڵام لە 2015ـوە رووی لە داكشان كردووە. لووتكەی دەنگەكانی لە 2011 و دووەمین هەڵبژاردنی 2015ـدا بووە كە سەرووی 49%ـی دەنگەكانی برد، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2018ـدا بۆ سنوورەكانی 42% دابەزی. پارتە سەرەكییە هاوپەیمانەكەیشی كە مەهەپەیە، تووشی دابەشبوونێك بوو. رێژەی دەنگەكانیشی لە سنوورەكانی 16%ـی 2015ـوە بۆ 11.1%ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2018 دابەزی.
 
ساڵی 2015، خاڵێكی وەرچەرخان بوو بۆ پارتی داد و گەشەپێدان. پێگە جەماوەرییەكەی لە یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی 2015ـدا كەوتە بەرباس و دەنگەكانی لەسەرووی 49%ـوە بۆ نزیكەی 41% دابەزی. كودەتاكەی هەمان ساڵیش خاڵێكی دیكەی وەرچەرخان بوو، كە وایكرد ئەردۆغان دوو گۆڕانكاری گرنگ بكات. یەكەمیان پەنای بۆ ئیسلامییەكان- تەریقەت و جەماعەتەكان برد بۆ ئەوەی پێگەی بەرامبەر گولەنییەكان بەهێزتر بێت. ئەمەش لە ئەنجامدا ناچاری كرد روو لە سیاسەتێكی دەستوەردانی زیاتری ئایدۆلۆژی-دەوڵەت لە ئابووری و دووركەوتنەوە لە بنەماكانی ئابووری نیولیبراڵی بكات. سەرەڕای پێداگریی بەشێك لە راوێژكارەكانی، نرخی سوودی بانكی دابەزاند، بەوەش رێگای بۆ هەڵاوسانێكی زۆر كردەوە. لە ساڵی 2016وە 5 جار سەرۆكەكانی بانكی ناوەندی گۆڕی، لە كاتێكدا زۆربەی سەرۆكەكانی پێشووتر 4 بۆ 5 ساڵ لەو پۆستەدا مابوونەوە. ساڵی 2021 لە رێككەوتننامەی ئیستەنبووڵ كشایەوە، كە تایبەت بوو بە پاراستنی مافی ژنان و ساڵی 2011 لەگەڵ 44 وڵاتی دیكە واژۆی كردبوو. مزگەوتی ئایاسۆفیای وەك بڕیارێكی سمبوولێك بۆ دڵخۆشكردنی گرووپە ئیسلامییەكان بەڕووی عیبادەتی خەڵكدا كردەوە، كە پێشتر كرابووە مۆزەخانەیەك و مێژوویێكی هاوبەشی لای كریستانییەكان و دواتریش عوسمانییەكان هەبوو. دووەمیش ئەوە بوو؛ لەدوای 2015ـوە سیاسەتی كرانەوە بەڕووی كورددا راگرت و لەگەڵ نەتەوەگەراكانی توركیا هاوپەیمانییەكی پتەوی بنیاتنا. ئەنجامی ئەمەش، راگیرانی پرۆسەی ئاشتی، ئەنجامدانی زیاتر لە 5 ئۆپەراسیۆنی گەورەی دەرەوەی سنوور و، دژایەتیكردنی گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بوو.
 
لە تەنیشت دابەشبوونی نێوخۆیی ئاكپارتی و دووركەوتنەوە لە كورد، فاكتەرێكی دیكەی كاریگەر هەیە لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارەدا، ئەویش هاتنی دەنگدەری نوێیە. لە كۆی زیاتر لە 64 ملیۆن دەنگدەر، ئەمجارە نزیكەی 5 ملیۆن دەنگدەر هەن كە یەكەمجارە دەنگ بدەن، ئەمەش نەوەیەکە كە لانیكەم ئەزموونی سیاسەتی ئابووری- كۆمەڵایەتییەكانی نێوان ساڵانی 2002-2015ـی ئاكپارتییان نییە و زیاتر دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیی ئێستایان لەپێش چاوە. ئەمجارە بە گشتی نزیكەی 30 ملیۆن دەنگدەری توركیا لە خوار 40 ساڵییەوەن، كە ئەمەش ئەگەرێکی گەورەی گۆڕانكارییە.
 
بەگوێرەی رێژەی هاوبەشی ئەنجامەكانی زیاتر لە 50 راپرسیی جیاواز، هاوپەیمانیی جمهوور كە پارتی داد و گەشەپێدان سەركردایەتیی دەكات 44.6%ـی كۆی دەنگەكان دەبات و هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەكەی ركابەریشی رێژەی 39.8%ـی دەنگەکانی هەیە كە بە زیادبوونی دەنگەكانی هەدەپە، چانسی بردنەوەی سەرۆكایەتیی كۆماری زیاترە. پارتی گەلی كۆماری لە 22.65%ـی ساڵی 2018ـوە بۆ سەرووی 28% هەڵدەكشێت. راستییەكەی پارتی گەلی كۆماری لە شەش هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رابردوودا لێهاتوویێكی وای پیشاننەداوە و رێژەی هاوبەشی دەنگەكانی لەو هەڵبژاردنانەدا 23% بووە كە لە 2011ـدا گەیشتبووە لووتكە و نزیكەی 26%ـی دەنگەکانی بۆخۆی بردبوو. هەرچەندە لە هەڵبژاردنیی شارەوانیی 2019ـدا دەنگەكانی گەیاندبووە 28.6%. هەڵبەت ئەمجارە كەمال كڵچدارئوغڵو شتـێكی كرد كە ئەردۆغان نەیتوانی بیكات. ئەویش ئەوە بوو؛ توانیی لە رەنگ و دەنگی جیاوازەوە بەرەیێكی سیاسی دژی ركابەرەكەی دروستبكات، كە لە ئیسلامییەكانی نەیاری جەهەپەوە بگرە تاوەكو نەتەوەگەرا تووندڕەوەكانی نەیاری هەدەپەشی تێدایە و بە بێ هیچ هاوپەیمانیێكی ئاشكرا، دەنگدەرانی هەدەپەشی لە دەوری خۆی گلێر كردەوە. ئێستا پارتێكی وەك "دەوا"ـی باباجان كە هاوپەیمانی جەهەپەیە، گوتاری سەرنجڕاكیشتری هەیە بۆ كورد. رێك وەك ئەو سەردەمانەی ئاكپارتی هەنگاوی بوێرانەی سەبارەت بە پرسی كورد دەنا، باباجان داوای گۆڕینی مادەكانی 42 لەگەڵ 66ـی دەستوور دەكات، كە بناخەی سەرەكیی پرسە ناسنامەییەكانی توركیا پێكدەهێنن. جەهەپە، گوتارێكی روونی بۆ پرسی كورد نییە، بەڵام بەو سیاسەتی هاوپەیمانییە و بە تاكتیكی نزیكبوونەوە لە بنەماڵە كوردییەكان وایكردووە لە هەندێك ناوچەی وەك ئامەد (دیاربەكر) و رووها (ئورفا) و چەند شوێنێكی دیكە هەست بە زیادبوونی جەماوەرەكەی بكرێت. ئەگەر شتێكی چاوەڕواننەكراو روونەدات، ئەنجامی راپرسییەكان راست بێت، بە ئەگەری زۆر سەرۆككۆماری داهاتووی توركیا، كەمال كڵچدارئوغڵو دەبێت. 
 
رۆڵی كورد چی دەبێت؟  
 
هەدەپە، لەبەر ئەگەری داخستن، بەناوی پارتی چەپی كەسك و بە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بەشداریی كردووە و بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكان بێت، لەوانەیە لەنێوان 10% بۆ 12%ـی دەنگەكان بۆ خۆی ببات و پشتی كەمال كڵچدارئۆغڵووش دەگرێت. هوداپار وەكو دووەمین پارتی گەوەری كوردی لە هەڵبژاردنی رابردوودا 155 هەزار و 539 دەنگ واتا رێژەی 0.31%ـی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو. بەهۆی زیادبوونی نفووسەوە رەنگە بەشێك لە دەنگەكانی زیادبكات و ئەویش پشتی ئەردۆغان دەگرێت. پارتی هاكپار وەك سێیەمین پارتی گەورەی كوردی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ـدا بە نزیكەی 105 هەزار دەنگەوە دەوری 0.23%ـی دەنگەكانی بردەوە، كە ئەویش چاوی لێیە لانیكەم دەنگەكانی زیاد بكات.
 
رۆڵی كورد بە دیاریكراوی رێژەی 11% بۆ 12%ـی دەنگەکانی هەدەپە لە یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی كۆماردا گرنگە بەڵام تەنیا ئەوەش نییە، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكان بێت و هیچ شتێكی لەناكاو روونەدات، هیچیەك لە هاوپەیمانییە سەرەكییەكان ناتوانن 301 كورسیی پەرلەمان ببەنەوە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە هەرلایەكیان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی پێویستیان بە دەنگی پارتی چەپی كەسك دەبێت. راستە بەگوێرەی سیستەمی سەرۆكایەتیی توركیا دەسەڵاتی سەرۆك زیاترە و لە بڕیارنامەكان و لە پێكهێنانی حكومەتیشدا منەتی بە پەرلەمان نییە، بەڵام بۆ بڕیاری گرنگی پەرلەمانی بە تایبەتی ئەگەر بەتەمای گۆڕینی دەستوور و سیستەم بن، دەنگی هەدەپە یەكلاكەرەوە دەبێت. ئا لێرەیە كە دەبێ چاوەڕی بین بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو رۆڵە گریمانەییە دەكات، كە لەوانەیە پەیدای بكات و چۆن سیاسەتی پێ دەكات!  
 
هەدەپە چاوی لەوەیە؛ لانیكەم 100 کورسی بباتەوە كە رەنگە دوور لە واقیع بێت، بەڵام راستییەكەی ئەم هەڵبژاردنە تاقیكردنەوەیەكە بۆ حیزبەکەش. هاوپەیمانییە سەرەكییەكەی لەگەڵ چوار پارتی چەپی توركییە كە تەنیا یەكێكیان كە ئەویش پارتی كرێكارانی توركیایە دەنگدەرێكی كەمی هەیە و زۆربەی پەرلەمانتارەكانیان بە دەنگی كورد دەچنە پەرلەمان. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە: زیاتر لە نیوەی دەنگدەری تازەی توركیاش لەنێو كوردەكانەوەیە، بەشێوەی رێژەیی 13%ـی دەنگدەری كورد لە 25 شاری گەورەدا كە حەوزی دەنگی كوردە، لەو دەنگدەرانەن كە بۆ یەكەمجارە دەنگ دەدەن. رێژەی ئەو نەوە تازەیە لە شوێنەكانی وەك جۆلەمێرگ (هەكاری)، شڕناخ، ئامەد (دیاربەكر) و رووها (ئورفا) بەرزە و دەبێ چاوەڕێ بین، بزانین رەفتاری دەنگدانی ئەوان چۆن كاریگەرییان لەسەر دەنگەكانی هەدەپە دادەنێت.
 
توركیای كڵچدارئوغڵوو
 
ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە، لانیكەم جارێ سیاسەتەكانی توركیا وا دەڕوات كە هەیە، هەرچەند هیوایەكی كەمیش هەیە بەوەی لەوانەیە بەرەبەرە دەست بە گۆڕانێك بكات، چونكە یەكگرتوویی ئەمجارەی ئۆپۆزیسیۆن مەترسییەكی راستەقینەی لەسەر دەسەڵاتەكەی دروستكرد. گەلێك كەس باسی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەردۆغان بیدۆڕێنێت، لەوانەیە كورسییەكەی چۆڵ ناكات. راستییەكەی ئەو لە ساڵی 2019 و 2015ـشدا دۆڕانی تاقیكردووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی كولتووری پاراستنی دەوڵەت لە توركیا بەهێزە. بۆیە كارێكی ئاسان نییە، چۆڵی نەكات. ناكۆییەكانی ئەمدواییەی نێوان دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ نیشانەی ئەوەن بیرۆكراسیی توركی دەتوانێت كاری خۆی بكات و رەنگە ئاسان نەبێت سوپا بە تەنیا پاڵپشتی لە حیزبێك بكات. ئەگەر رێژەی دەنگەكان زۆر نزیكی یەك بن، لەوانەیە گرژی رووبدات، بەڵام ئەگەر جیاوازی زۆر بێت، بە ئەگەری زۆر دەسەڵات رادەست دەكات. 
 
ئەگەر كەمال كڵچدارئوغڵوو بیباتەوە، تاماوەیەك هەر بە سیستەمی سەرۆكایەتی، توركیا بەڕێوەدەبات. ئەمەش وەك باسی لێوەكراوە تا دوو ساڵێك دەخایەنێت، دیارە ئەگەر زۆرتریش نەبات.
 
رەنگە كەمال كڵچدارئوغڵوو لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرەو رەوتی نەریتیی سیاسەتی دەرەوەی توركیا بڕوات، بەڵام لەبیرمان نەچێت، جیهان بەرەو گۆڕانێك دەچێت و كاتی خۆی، خودی مستەفا كەمال ئەتاتوركیش سوودی لە ناكۆكیی هێزە گەورەكانی جیهان وەرگرتبوو بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. لە ئاستی ناوچەكەشدا زیاتر مەیلی بۆ هاوكاری ناوچەیی چووبوو، بۆیە ریككەوتنەكانی وەك سەعدئاباد و پەیمانی بەغداد هەر لەگەڵ نەریتی سیاسەتی ئاتاتوركیدا گونجاوبوون كە دەزانین چۆن بۆ كورد شكابوونەوە. نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا كۆبوونەوەیەكەمان لەگەڵ یاریدەدەرێكی كەمال كڵچدارئوغڵوو هەبوو. لێم پرسی؛ سیاسەتی دەرەوەتان چۆن دەبێ ئەگەر بیبنەوە؟ رێك هەمان میكانیزمی هاوكاریی ناوچەیی بە فۆرمێكی دیكە باسكردەوە. ئەمەش شتێك نییە كە لە ناوەڕۆكدا لەگەڵ سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان ناكۆك بێت كە ئەویش لە 2017ـوە دەستیپێكردووە. بێ گومان ئەگەر كڵچدارئوغڵوو بەنیاز بێت لە ململانێ گەورەكەی جیهانیشدا لەنێوان ئەمریكا و رووسیا و چیندا، زیاتر بەلای رۆژئاوادا بیشكێنێتەوە، ئەوسا بێ مامەڵەیەكی گرنگ، كاری وا ناكات! چونكە ئەوەی بە كردەوە بڕیار لەو بابەتانە دەدات، تەنیا سەرۆككۆمار نییە و بیرۆكراسیی توركی كاریگەری بەرچاوی هەیە.
 
پێچەوانەی رووسیا، رۆیشتنی ئەرۆدغان بە قازانجی عێراق، ئێران و سووریا دەبێت. ئێران بە رێككەوتن لەگەڵ سعودیە بەهێزتر بووەتەوە، بە نەمانی كەسێكی وەك ئەرۆدغان كە خەونی سەركردایەتییەكی گەورەتری هەیە، ركابەرێكی گرنگی ناوچەیی لەكۆڵ دەبێتەوە، كە ئێستا لە ململانێی ئەرمەنستان- ئازەربایجان، لە عێراق، لە سووریا و لە هاوسەنگییەكانی هێزداری لە ناوچەكەشدا گرفتی بۆ تاران دروستكردووە. بۆ عێراق و سووریا، كە كێشەی ئاو، پرسی پەكەكە و بابەتی مانەوی هێزی سوپای توركیا و ئۆپەراسیۆنەكانیان هەیە، لەوانەیە هاتنی سەركردەیەكی دیكە دەرفەتی دیالۆگیان بۆ زیاتر بكات، تەنانەت ئەگەر سیاسەتی ئەنكەرەش بە تەواوی نەگۆڕدرێت. 
 
پێدەچێت، پارتی گەلی كۆماری حەزبكات لە سیاسەتی نێوخۆ، ئابووری و سیاسەتی دەرەوەیدا مۆری خۆی لە ساڵانی داهاتوو بدات، بۆیە هەر لە ئێستاوە باسی بردنی ئەو پۆستانە بۆخۆی دەكات، دیارە ئەگەر بتوانێت هاوپەیمانەكانی رازی بكات. 
 
كڵچدارئوغڵوو گوتوویەتی پرسە گرنگەكانی وەك پرسی كوردیش دەباتە پەرلەمان. لەوانەیە بە شێوەی كاتی گۆڕانكارییەكارییەك لە پرسی گیراوانی هەدەپە رووبدات و هەندێك نەرمیی لە سیاسەتە ئەمنییەكان بنووێنێت بەڵام، چارەسەری ریشەیی پرسی كورد كارێكی ئاسان نییە. چونكە وەك تەمەل كەرەموڵڵائوغڵوو سەرۆكی پارتی سەعادەت گوتوویەتی، بڕیارە سەرۆكی حیزبەكانی هاوپەیمانی جەهەپە ببنە یاریدەری سەرۆككۆمار. دیارە بە سەرۆككۆمارێكی فرەجێگر و پەرلەمانێكی فرەسەرەوە كە بلۆكێكی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزی تێدا بێت، دروستكردنی گۆڕانكارییی ریشەیی لە سیاسەتی نێوخۆ و، دەرەوەی توركیا كارێكی هەروا ئاسان نییە.