جەنگەڵ شێری نییە، کوردیش لاملە

 
 
ئەوەی لە سووریا روویدا هەموو ناوچەکەی بردە دۆخێکی یەکجار زۆر نادڵنیاوە. تەنانەت کاتێک رژێمی سەددام رووخا، وەکو ئەوەی لە کاژێرەکانی رابردوودا لە دیمەشق روویدا مەترسیدار و هەستیار نەبوو بۆ هەموو ناوچەکە. چەند رۆژێک بوو سادەترین شۆپێنەری دۆخی سووریاش دەیزانی کە ئەسەد تەواو بووە. ئەو "شێر"ـەی سووریای کردبووە جەنگەڵێکی خوێناوی، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی نەمابوو. تەنانەت رووسیا و ئێرانیش لێی نائومێد ببوون و دەیانزانی رێگەیەک بۆ هێشتنەوەی لە حوکمڕانیدا نەماوە. کەلـلەشەقی و یاریکردن بە کات و جووڵەی ستراتیژیی هەڵە لە کاتی نەگونجاودا وایکرد "شێرەکە" بە هۆیها لە جەنگەڵ دەرپەڕێ. بەخۆداچوونەوە و جووڵەی راست و خوێندنەوەی راست بۆ "رۆحی زەمان" وایکرد دەمارگیرێکی جیهادیی لە روانگەی ئەمریکاوە "تیرۆریست" بەسەریدا سەرکەوێ. ئەمە بۆ کورد لە رۆژئاوا و لە باشووریش وانە و رێنیشاندەرە، ئەگەر لێی تێبگەین!
 
لەو جووڵە دیپلۆماسییانەی رۆژانی پێشتر لە دەوحە دەمدیت و دەمبیست، زانیم بەشار ئەسەد تەواو بووە. بەو تێگەیشتنەشەوە پۆستێکم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کرد و پێشبینیم کرد کە "لە کاژێرەکانی داهاتوودا" ئەسەد دەڕوات. دواتر بیرمهاتەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کانگای سوپرایزی گەورەیە و کەس ناتوانێ بە پێوەری زانستی و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەیەتی پێشبینیی سیاسیی سەت لەسەت بکات، بۆیە پۆستەکەم سڕییەوە.
 
ئەمڕۆ تێگەیشتم کە لەو کاژێرانەی باسمکردن لە دەوحە ئەوە بڕابووەوە کە ئەسەد دەڕوات. گەنگەشەی ئێرانییەکان و رووسەکان لەگەڵ تورکیا و ئەوانی دیکە ئەوە بووە کە باشە چۆن بڕوات؟ گوایە بە بەشار ئەسەدیان گوتووە راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و تێیدا بڵێت واز لە دەسەڵات دەهێنێ، بەڵام ئەسەد رەتیکردووەتەوە. رووسیا پێی باش بووە ئینقیلابێکی عەسکەریی رواڵەتی بکرێ و وا دەرکەوێ کە ئەسەد بەبێ خواستی خۆی لە حوکمدا نەماوە. ئەسەد ئەوەشی قبووڵ نەکردووە. دواتر رێککەوتنەکە وابووە کە ئەسەد لە لازقییەوە پەیامێک بڵاوبکاتەوە و تێیدا بڵێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی بەربژێر ناکات و ئامادەکاری دەکرێ بۆ سیستمێکی نوێ لە سووریا. ئەسەد چەندین رۆژە زانیویەتی کە رووسیا و ئێران دەستیان لێ شووشتووە و هەموو شتێک تەواو بووە، بەڵام وەکچۆن نزیکەی 15 ساڵە دەیکات، پێیوابووە کەمێک کات کڕین یارمەتیی دەدات هەستانەوەی. 
 
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد شەرع (یان هەمان جۆلانییەکەی دەیناسین) لە "تیرۆریست"ێکی نمرەیەکی ئەوپەڕی پەڕگیرەوە (بەپێی پۆلێنبەندیی ئەمریکییەکان) وێنەی خۆی گۆڕیوە بۆ سەرکردەیەکی ئیسلامیی میانەڕەو کە دەکرێ وڵاتی دیکە ئیشی لەگەڵ بکەن. هێندەش لەڕووی میدیاییەوە زیرەکانە ئیشدەکات کە دەزانێ چۆن کەناڵێکی وەک سی ئێن ئێن بەکاربهێنێ بۆ دڵنیاکردنەوەی ناتۆ و ئیسرائیل کە کوڕەکەی جاران نەماوە و پێویست ناکات خەمی هیچیان بێ. بە کردەوەش پێچەوانەی هەموو ئەو شتانە دەکات کە پاش رووخانی سەددام و دواتر دروستبوونی "خەلافەت"ی داعش لە عێراق و سووریا روویاندا. خۆی وا پیشاندەدات کە پەندی لەو هەڵە مێژووییانە وەرگرتووە.
 
ئەمە بۆ ئێمە چیی تێدایە؟ گرنگترین شت کە دەبێ بیزانین ئەوەیە کە لەئەمڕۆ بەدواوە و لەو رووداوانەی رۆژانی داهاتوو لە عێراق و ئێرانیش روودەدەن هەموو هاوکێشەکانی دوێنێ واماندەزانی لێیان تێگەیشتووین مانای نوێیان هەیە. هیچ شتێک و دۆخێک لەو ناوچەیەی کوردی تێدا دەژیت دڵنیایی تێدا نەماوە. تورکیا ئەمەی دەزانی بۆیە دەیویست دەرگەی گفتوگۆیەکی نوێ لەگەڵ کوردی باکووری کوردستان بکاتەوە. بۆیەش رەگەزپەرستێکی وەک باخچەلیش تۆنێکی نەرمتری هەبوو. 
 
سووریا پێگەیەکی هەیە کە بۆ هەمووان گرنگە. ئیسرائیل چاوی لەسەریەتی و بەو جووڵانەی لەم کاژێرانەدا دەیکات دیارە دەستی لەسەر دڵیەتی. تورکیا هەستدەکات کێکێکی گەورەی لەسەر سینییەکی زێڕ بۆ هێندراوە و چەقۆی قاشکردنەکەی لای خۆیەتی. ئیدارەی رۆژئاوا بەتەما نییە بهێڵێ تورکیا بیکاتە بەشەکێکی خۆی و بە کەیفی خۆی قاشی بکات. عەلەوی دەبینن چۆن رووس کەوتوونەتە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا لەسەر چارەنووسی هێزەکانیان لە ناوچە عەلەوینشینەکان. ئوردن و عێراق و سعودیەش نازانن لەو تەنوورەی سوننەی سووریا دایانگیرساندووە چ پریشکێکیان بەردەکەوێ. 
 
لەنێو ئەو هەموو نادڵنیایی و بێ سەروبەرییەدا کورد رێگەیەکی لەپێشە کە دووەمی بۆ نییە و زۆریش گوتراوەتەوە. ئەویش خۆڕێکخستنەوە و یەکگرتنە. کەمێک پێش ئێستا گوێم لەو وەزیری بەرگریی پێشووەی ئەمریکا گرتبوو کە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی رابردووی ترەمپدا بڕیاری پشتکردنە کوردی لە رۆژئاوا جێبەجێکرد. دەیگوت ترەمپی نوێ هەرچۆنێک بیربکاتەوە ئەمریکا ناچارە بۆ زیندوونەبوونەوەی داعش و پشتیوانیی کورد و کریستیانەکان رۆڵی لە سووریادا بمێنێ، بەڵام ترەمپ دۆستی ئەردۆغانە و ئەگەر تورکیا (کە شوێنی ئێرانی گرتووەتەوە و دەبێتە براگەورە لە سووریا)، گەرەنتی بداتە ترەمپ کە داعش زیندوو نابێتەوە، دەبێ کوردی پەرتەوازە و ناپراگماتیک لەوێ چییان لێبێ؟ 
 
وایدەبینم وەکچۆن کاک نێچیرڤان بارزانی لە راستەڕێکردنەوەی باری لاری یاسایی و دەستووریی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی هەڵبژاردندا رۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕا، ئاواش لە هێنانە خوارەوەی لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان لە کەلی شەیتان بۆ یارمەتیدانی یەکدی و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هێزە ناوچەییەکان (بەتایبەتی تورکیا) رۆڵی یەکلاییکەرەوە دەگێڕێ. ئەمە شتێکی حەیاتییە بۆ پاراستنی کورد و کوردستان و دەستکەوتەکانی و لەم قۆناخەدا هەر ئەوە لە سەرۆکی کوردستان چاوەڕوان دەکرێ.